هه‌ندێك پارت‌و لایه‌ن یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان به زه‌ره‌ر‌و خراپی ده‌نگه‌كانی بچووكه‌كان ده‌زانن
سه‌رتیپ قه‌شقه‌یی
ژماره‌یه‌ك لایه‌ن‌و پارتی كوردی له‌هه‌رێمی كوردستان، ره‌خنه‌ی له‌یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌گرن به‌وه‌ی له‌به‌رژه‌وه‌ندی حیزبه گه‌وره‌كان‌و زه‌ره‌ری لایه‌نه بچوكه‌كاندایه، هاوكات پێیانوایه خراپی ده‌نگه به‌ده‌ست هاتووه‌كانی هه‌ڵبژارنیان به‌هۆی ئه‌و یاسایه‌وه بووه.
یاسای ژماره 16ی ساڵی (2005)، بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، دووجار هه‌موار كراوه‌ته‌وه‌و به‌پێی ئه‌و یاسایه عێراق له‌جیاتی ئه‌وه‌ی یه‌ك بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن بێت‌و ده‌نگه‌كانی لیستێكی دیاریكراو له‌هه‌موو شاره‌كان كۆبكرێته‌وه، كراوه‌ته (18) بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن‌و ده‌نگی هیچ بازنه‌یه‌ك بۆ بازنه‌یه‌كی تر ناڕوات.
هه‌رچه‌نده پێش هه‌مواركردنی یاساكه، حیزبه بچوكه‌كان كامیان ماوه‌ی له‌هه‌مووان زیاتر بوایه، كورسی قه‌ره‌بووی به‌رده‌كه‌وت، به‌ڵام دوای هه‌مواركردنه‌وه‌ی پێچه‌وانه بووه‌ته‌وه‌و كورسی ماوه بۆ ئه‌و لیسته‌یه كه له‌پارێزگاكه‌ی خۆی براوه‌یه.
«یاساكه ناعه‌داله‌ته»
هه‌ریه‌ك له‌بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان‌و یه‌كگرتووی ئیسلامی‌و كۆمه‌ڵی ئیسلامی، یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ناعه‌داله‌تییه‌كی گه‌وره ده‌زانن كه تێیدا ره‌چاوی به‌رژه‌وه‌ندی لایه‌ن‌و حیزبه باڵاده‌ست‌و گه‌وره‌كان كراوه، له‌هه‌مانكاتدا له‌زه‌ره‌ری لایه‌نه‌كان تردایه.
سه‌ڵاحه‌دین بابه‌كر ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كگرتووی ئیسلامی كودستان، به‌هاوڵاتی وتی»یاسای ئه‌مجاره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌به‌رژه‌وه‌ندی كوتله هه‌ره گه‌وره‌كاندایه‌و به‌زیانی كوتله بچوكه‌كان بووه، كوتله گه‌وره‌كانی عێراق خۆیان یاساكه‌یان داڕشتووه‌و خۆیان سودمه‌ندی یه‌كه‌من تێیدا».
ناوبراو ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو كه به‌هۆی ئه‌و یاسایه‌وه ده‌یان هه‌زار ده‌نگی وه‌كو یه‌كگرتووی ئیسلامی‌و كۆمه‌ڵی ئیسلامی‌و گۆڕانیش به‌فیڕۆ ده‌چێت.
لای خۆیه‌وه، زانا رۆستایی به‌رپرسی ناوه‌ندی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌ولێری كۆمه‌ڵی ئیسلامی، وتی»ئه‌و یاسایه هه‌مواركراوه له‌به‌رژه‌وه‌ندی حیزبه گه‌وره‌كاندایه، ئه‌و حیزبانه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بووه له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، ئه‌وان به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ ئه‌و یاسایه‌یان چه‌سپاند».
ناوبراوهێمای بۆ ئه‌وه‌شكرد كه به‌هۆی به‌پێی ئه‌و یاسایه ئه‌و كورسییانه‌ی ده‌مێنێته‌وه له‌پارێزگاكان یان له‌سه‌ر ئاستی عێراق، ده‌درێته ئه‌و لیستانه‌ی زۆرترین كورسی بهێنن، ئه‌وه‌ش ناعه‌داله‌تییه.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، لانه عه‌بدوڵا لێپسراوی ژووری عه‌مه‌لیاتی گۆڕان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌هه‌ولێر، پێیوایه یاساكه ناعه‌داله‌ته، به‌ڵام ئه‌وان له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن كراوه، به‌هه‌ڵبژاردنه‌كه رازین، چونكه ئێستا هه‌ر یاداشتێك بنوسرێت له‌سه‌ر یاساكه، به‌بڕوای ئه‌و به‌رپرسه‌ی گۆڕان كاریگه‌ری زۆر نابێت.
«یاساكه هه‌موارده‌كه‌ین»
یه‌كگرتووی ئیسلامی‌و كۆمه‌ڵی ئیسلامی‌و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه له‌وه‌ی له‌ئه‌نجومه‌نی نوێی نوێنه‌رانی عێراقدا، هه‌وڵه‌كانیان ده‌خه‌نه‌گه‌ڕ بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان.
سه‌ڵاحه‌دین بابه‌كر ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كگرتوو، به‌هاوڵاتی وت»له په‌رله‌مانی داهاتوو هه‌وڵده‌ده‌ین ئه‌م یاسایه بگۆڕین، چونكه نایه‌كسانییه‌كی زۆری تێدایه».
هاوكات زانا رۆستایی به‌رپرسی ناوه‌ندی هه‌ڵبژاردنه‌كانی كۆمه‌ڵی ئیسلامی، ده‌ڵێت»په‌یاممان ئه‌وه‌یه یه‌كه‌م كاری په‌رله‌مانی تازه، هه‌مواركردنه‌وه‌ی ئه‌م یاسایه بێت، كه ناعه‌داله‌تی تێدایه‌و له‌به‌رژه‌وه‌ندی حیزبه بچوكه‌كاندا نییه».
لانه عه‌بدوڵا لێپرسراوی ژووری عه‌مه‌لیاتی گۆڕان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌هه‌ولێر، جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه كه یه‌كه‌م كاریان له‌په‌رله‌مانی داهاتووی عێراق، هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌بێت.
«یاساكه نوێنه‌ری لایه‌نه بچوكه‌كان كه‌مده‌كاته‌وه»
به‌بڕوای چاودێرانی سیاسی، یاسای هه‌ڵبژاردن له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌دوو رووه‌وه قازانج به‌لایه‌نی بچوكه‌و گه‌وره‌كانیش ده‌گه‌یه‌نێت، به‌ڵام به‌رانبه‌ر لایه‌نه بچوكه‌كان ناعه‌داله‌تی زیاتری تێدایه‌و نوێنه‌ریان كه‌مده‌كاته‌وه له‌په‌رله‌ماندا.
ئیبراهیم محه‌مه‌د عه‌زیز مامۆستا له‌كۆلێژی رامیاری زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین، رونیده‌كاته‌وه كه له‌یاسای ئه‌نجومه‌نی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، به‌دوو شێواز قازانجی هه‌یه، یه‌كه‌میان به‌قازانجی حیزبه بچوكه‌كانه‌و پێیده‌وترێت (باقی الاقوا) واته ئه‌وه‌ی زۆرترین ده‌نگی مابێته‌وه كورسی یه‌كه‌می به‌ر ده‌كه‌وێت.
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد كه شێوازی قازانجی دووه‌م له‌به‌رژه‌وه‌ندی حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كاندایه‌و پێیده‌وترێت (معدل الاقوا) واته ئه‌و لیسته‌ی زۆرترین كورسییه‌كان ده‌باته‌وه، یه‌كه‌م كورسی كه ده‌مێنێته‌وه به‌ر ئه‌و ده‌كه‌وێت.
ئیبراهیم محه‌مه‌د وتی»ئه‌م یاسایه ناعه‌داله‌تی تێدایه، چونكه رێژه‌ی نوێنه‌ری حیزبه بچوكه‌كان له‌په‌ڕله‌مانی عێراق كه‌مده‌كاته‌وه».
به‌بڕوای ئه‌و چاودێره سیاسییه، ئه‌گه‌ر لیسته گه‌وره‌كان مه‌به‌ستیان بووایه په‌رله‌مانێكی فره ده‌نگ‌وره‌نگ هه‌بێت‌و زۆرترین رێژه‌ی حیزبه بچوكه‌كان تێیدا به‌شداری بكه‌ن، ئه‌وا ده‌بوو یاسای زۆرترین رێژه‌ی ماوه (اكبر باقی) جێبه‌جێ بكه‌ن.