پارتی: ئه‌و ده‌نـگانه‌ی گـۆڕان له 25/7 به‌ده‌ستیهێنا، به‌هۆی سـاردوسڕی یه‌كێـتییه‌وه بوو
یه‌كگرتوو: له‌هه‌ر له‌حزه‌یه‌كدا، توندوتیژی له‌كوردستان چاوه‌ڕوانكراوه
گۆڕان: قـسه تونده‌كانی بارزانی جێگه‌ی نیگه‌رانییه، ده‌بوایه نه‌هاتایه‌ته ناو شـه‌ڕه‌كه‌وه
كۆمـه‌ڵ: ئێمه له‌نێوان حكومه‌ت‌و ئۆپۆزسیۆندا، یاری ناكـه‌ین
سازدانی: عومه‌ر ستار ـ ئارا ئیبراهیم
له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان‌و له‌كاتی بانگه‌شه‌دا، رۆژنامه‌ی هاوڵاتی به‌پێویستی زانی مونازه‌ره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی، بۆ لیسته كوردییه‌كان سازبكات، مونازه‌ره‌كه شه‌وی پێنج شه‌ممه ئه‌نجامدراو نوێنه‌ری لیسته‌كانی «هاوپه‌یمانی: سه‌لام عه‌بدوڵڵا به‌رپرسی لقی چواری پارتی، گۆڕان: بابه‌كر دڕه‌یی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی به‌ڕێوه‌بردنی كۆمپانیای وشه، یه‌كگرتوو: موسه‌ننا ئه‌مین ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتوو، كۆمه‌ڵ: نازم عه‌بدوڵڵا ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی كۆمه‌ڵ) به‌شداربوون.
هه‌رچه‌نده هاوڵاتی زۆر هه‌وڵیدا یه‌كێتی نیشتیمانی نوێنه‌ری له‌مونازه‌ره‌كه ئاماده‌بێت، به‌ڵام دوای چه‌ندین جار هه‌وڵدان، به‌رپرسانی یه‌كێتی رایانگه‌یاند به‌شداری له‌مونازه‌ره‌ی له‌و شێوه‌یه ناكه‌ن.
له‌مونازه‌ره‌كه‌دا نوێنه‌رانی ئه‌و لیستانه، به‌راشكاوی بۆچوون‌و سه‌رنجه‌كانی خۆیان ده‌خه‌ڕوو، ره‌خنه له‌ئه‌دای كاركردنی یه‌كتریش ده‌گرن.
هاوڵاتی: یه‌كێتی نیشتیمانی هاوپه‌یمانتان ئاماده نه‌بوو، به‌شداری ئه‌م مونازه‌ره‌یه بكه‌ن، ئێوه ئه‌مه بۆچی ده‌گه‌ڕێننه‌وه؟
سه‌لام عه‌بدوڵڵا: ئه‌و پرسیاره ده‌بێت له‌براده‌رانی یه‌كێتی بكرێت، ئێمه رازیبووین به‌شداری بكه‌ین، به‌ڵام به‌نیسبه‌ت خه‌ڵكانی تره‌وه، ده‌توانن له‌خۆیان بپرسن.
هاوڵاتی: بۆچونی كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌باره‌ی ئاماده‌نه‌بوونی یه‌كێتییه‌وه چییه؟
نازم عه‌بدوڵڵا: واده‌زانین په‌یوه‌ندی به‌و بارودۆخه‌وه هه‌یه كه ئه‌و حیزبه‌ی تێدایه، ره‌نگه پێیان باشبێت خۆیان به‌دووربگرن له مونازه‌ره‌ی رووبه‌ڕوو له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی تر.
هاوڵاتی: ئێوه وه‌كو یه‌كگرتووی ئیسلامی، هۆكاری ئاماده‌نه‌بونی یه‌كێتی بۆچی ده‌گه‌ڕێننه‌وه؟
موسه‌ننا ئه‌مین: پێموایه زۆركه‌س له‌میدیای ئازاد خۆی ده‌دزێته‌وه، پێموایه گوتاری سیاسی ئه‌و حیزبه ئه‌وه‌نده به‌هێزنه‌بێت بتوانێت به حزوری لایه‌نه‌كانی دیكه پێگه‌ی حیزبه‌كه‌ی به‌هێزبكات.
هاوڵاتی: وه‌كو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، پێتانوایه ئاماده‌نه‌بوونی یه‌كێتی په‌یوه‌ندی به‌و بارگرژییانه‌وه هه‌بێت، كه له‌گه‌ڵ ئێوه هه‌یانه؟
بابه‌كر دڕه‌یی: منیش پێموایه ده‌بێت له‌خۆیان بپرسیت بۆ نه‌هاتوون، بارگرژییه‌كی واش نابینم. له‌ڕووی ئیعلامییه‌وه هه‌موو كه‌س ئازاده بانگه‌شه بۆ خۆی بكات، به‌ڵام ئێمه هێزێكی مه‌ده‌نین‌و هێزی مه‌ده‌نیش ناتوانێت بارگرژی دروستبكات. ئه‌و حیزبه ره‌نگه پێیوابێت، جه‌ده‌لی فكری‌و سیاسی كۆتایی پێهاتبێت‌و ره‌نگه جه‌ده‌له‌كه له‌شه‌قام بكرێت باشتره. پێشموایه له‌و ڕوه‌وه ره‌نگه حه‌قیان بێت.
هاوڵاتی: پارتی هه‌میشه به‌پاوانكردنی سه‌رجه‌م كایه‌كانی ژیان تۆمه‌تبارده‌كرێت، پێتوایه ئه‌مه به‌شێك له‌راستی تێدایه؟
سه‌لام عه‌بدوڵڵا: ئێمه پێمانوایه حیزبێكی سیاسی كه ده‌چێته هه‌ڵبژاردنه‌وه، بۆ ئه‌وه‌یه كه بیباته‌وه، كه‌بردیشییه‌وه دام‌و ده‌زگاكانی وڵات خۆی دروستیده‌كات‌و به‌رنامه‌كه‌ی خۆی جێبه‌جێده‌كات. هه‌ر حیزبێك كه ده‌چێته ده‌سه‌ڵاته‌وه، به‌رنامه‌ی خه‌ڵكی دیكه جێبه‌جێ ناكات.
هاوڵاتی: به‌ڵام ده‌وترێت ئێوه له رێگه‌ی هه‌ڵبژاردنیشه‌وه ده‌سه‌ڵاتتان گرتووه‌ته ده‌ست، به‌ڵام به‌شێوازێكی نادیموكراتی ده‌سه‌ڵات به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن؟
سه‌لام عه‌بدوڵڵا: كه حیزبێك له هه‌ڵبژاردن ده‌نگده‌ر ده‌نگی بداتێ، ئیتر ناتوانێت بڵێت ئه‌و شێوازه نادیموكراتییه. ئه‌گه‌ر لایه‌نێك له‌رێگه‌ی كوده‌تای سه‌ربازییه‌وه بێت جیاوازه، به‌ڵام كه تۆ له‌رێگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه چویته سه‌ر ده‌سه‌ڵات، ئه‌وه كه‌س ناتوانێت بڵێت ده‌سه‌ڵاتت پاوانكردووه.
هاوڵاتی: ئێوه وه‌كو كۆمه‌ڵی ئیسلامی، كه ساڵانێكه ره‌خنه له‌م دوو حیزبه ده‌گرن، به‌ڵام سه‌لام عه‌بدوڵڵا ده‌ڵێت ئێمه به‌شێوازێكی دیموكراتی ده‌سه‌ڵاتمان به‌ڕێوه‌بردووه؟
نازم عه‌بدوڵڵا: ئێمه قسه‌مان له‌سه‌ر رابردووه، له‌رابردوودا هه‌موو بڕیاره‌كان له‌په‌رله‌مان به‌شێوازێكی دیموكراتی نه‌دراوه، به‌ڵكو زۆرجار بڕیاره‌كه له‌په‌رله‌مان به‌ڕێكراوه، پاشان ئێمه له‌سه‌ر ئه‌دای حكومه‌ت تێبینیمان هه‌یه، بودجه ناشه‌فافه، خزمه‌تگوزارییه‌كان، تێبینیان له‌سه‌ره.
هاوڵاتی: ئێوه پێتانوایه، پارتی‌و یه‌كێتی هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كانیان قۆرخكردووه؟
نازم عه‌بدوڵڵا: من واده‌زانم زیاتر %80 له‌لای ئه‌وانه.
هاوڵاتی: ئێوه وه‌كو یه‌كگرتوو، به‌رده‌وام ره‌خنه‌تان له‌ئه‌دای حكومه‌ت گرتووه، قسه‌كانی سه‌لام عه‌بدوڵڵا چۆن لێكده‌ده‌نه‌وه؟
موسه‌ننا ئه‌مین: ژیانی سیاسی كوردستان ژیانێكی ته‌ندروست نییه، راسته ئازادی هه‌یه، به‌ڵام دیموكراسیه‌ت نییه، دوو حیزبی ده‌سه‌ڵات روحی بردنه‌وه‌و دۆڕاندنیان به‌هێز نییه، دوو حیزبی ده‌سه‌ڵات بۆ ئه‌وه به‌یه‌كه‌وه‌ن ناتوانن ململانێیه‌كی ته‌ندروست بكه‌ن‌و ئاڵوگۆڕی ئاشتییانه‌ی ده‌سه‌ڵات بكه‌ن. راسته وه‌ك كاك سه‌لام وتی شه‌رعییه‌تی ده‌سه‌ڵاتی كوردی هه‌مووی شه‌رعییه‌تی شۆڕشگێڕانه نییه، به‌ڵام شه‌رعییه‌ته دیموكراتییه‌كه زۆرێكی له‌سه‌ر شه‌رعییه‌تی شۆڕشگێڕی دروستبووه. هه‌لی یه‌كسان له‌به‌رده‌م حیزبه‌كاندا نییه، حكومه‌ت له‌گیرفانی حیزبدایه‌و له‌لایه‌ن دوو حیزبه‌كه‌وه قۆرخكراوه، له هه‌ڵبژاردنه‌كان كۆمسیۆن سه‌ربه‌خۆ نه‌بووه، واته پێوه‌ره‌كانی دیموكراسی له‌كوردستان سه‌قه‌تن.
هاوڵاتی: بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ره‌خنه له‌كۆی سیسته‌می سیاسی له‌كوردستان ده‌گرێت، سه‌لام عه‌بدوڵڵاش ده‌ڵێت ئێمه به هه‌ڵبژاردن هاتوینه‌ته سه‌ر ده‌سه‌ڵات‌و دیموكراتین؟
بابه‌كر دڕه‌یی: ئێمه له‌به‌رنامه‌ی لیستی گۆڕاندا قسه‌ی خۆمان كردووه. پێشتر له په‌یامی سبه‌ی، كه له‌نه‌ورۆزی 2007 چاپكرا‌و ویستمان بیكه‌ینه په‌یامی كۆمپانیای وشه‌ش، ئێمه له‌وێدا هه‌موو قسه‌كانی خۆمان كردووه له‌سه‌ر عه‌داله‌ت له‌سه‌ر دیموكراسییه‌ت، شه‌فافییه‌ت، دابه‌شكردنی سامانی وڵات به‌شێوه‌ی دادپه‌روه‌رانه، باسی هه‌موو ئه‌و مواسه‌فاتانه‌مان كردووه كه پێویسته له‌حكومه‌تێكی دیموكراتیدا هه‌بێت. ئێمه پێمانوایه ده‌سه‌ڵاتدارێتی یه‌كێتی‌و پارتی له‌كوردستان دادپه‌روه‌رانه نییه. دیموكراتیایش نییه، ئه‌گه‌ر وابوایه ئێمه نه‌ده‌بووین‌و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان دروست نه‌ده‌بوو، ئه‌گه‌ر یه‌كێتی‌و پارتی به‌شێوه‌یه‌كی دیموكراتییانه حكومیان بكردایه، خه‌ڵكی كوردستان هۆشیارن، خۆ شێت نین دوای بزوتنه‌وه‌یه‌ك بكه‌ون له خت‌و خۆڕایی. حه‌تمه‌ن كه‌موكوڕیی هه‌یه له‌ئیداره‌ی یه‌كێتی‌و پارتی، هه‌رچه‌نده ئه‌م ئیداره‌كردنه به‌راورد ناكرێت به زه‌مانی به‌عس، به‌ڵام ره‌گه‌كانی، مواسه‌فاته‌كانی حكومه‌تێكی ئیستیبدادی تێدایه. گرنگترین شت له حكومه‌تدا بودجه‌یه كه خوێنی وڵاته، ئه‌م بودجه‌یه روون نییه چۆن ده‌ڕوات، ئێمه له‌رووی ئابورییه‌وه له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌م دوو حیزبه جیاوازین، ئه‌م دوو حیزبه كه‌موكوڕیی زۆر له‌ئیداره‌كرنیاندا هه‌یه، كۆی سیسته‌مه‌كه، سه‌قه‌ته‌و فاشیله.
هاوڵاتی: كاك سه‌لام تۆ ده‌ڵێیت ئێمه دیموكراتین، گۆڕان پێتان ده‌ڵێت سه‌قه‌تن؟
سه‌لام عه‌بدوڵڵا: كاك بابه‌كر كه نوێنه‌ری گۆڕانه‌و ئۆپۆزسیۆنن، ده‌بێت به‌و شێوه‌یه قسه‌بكات، ئه‌وان به‌رنامه‌ی خۆیان هه‌یه.
هاوڵاتی: واته پێتوایه ئه‌و ره‌خنانه هه‌ر قسه‌ن؟
سه‌لام عه‌بدوڵڵا: ناڵێم هه‌ر قسه‌ن، ده‌ڵێم ئه‌و نوێنه‌ری ره‌وتێكی تر ده‌كات، ئه‌گه‌ر وه‌ك من قسه بكات، كه‌واته بۆچی ئۆپۆزسیۆنه، ئه‌گه‌ر به‌رنامه‌كه‌ی منی قبوڵ بوایه، ده‌هات له‌گه‌ڵ حیزبه‌كه‌ی مندا ئیشی ده‌كرد.
هاوڵاتی: واته تۆ پێتوایه كه‌موكوڕیی هه‌یه؟
سه‌لام عه‌بدوڵڵا: له‌هه‌موو حكومه‌ته‌كانی دنیا كه‌موكوڕیی هه‌یه، له‌به‌رئه‌وه‌ش ئۆپۆزسیۆن هه‌یه، هیچ حكومه‌تێك نییه، بڵێ كاری من ته‌واو هه‌موو پێویستییه‌كانی خه‌ڵكم دابینكردووه، له‌به‌رئه‌وه پێویستی به ئامۆژگاری‌و ره‌خنه هه‌یه. له‌كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتیدا ئۆپۆزسیۆن‌و میدیای ئازاده ده‌بێت هه‌بێت. ئێمه زۆرمان پێخۆشه ئۆپۆزسیۆن هه‌بێت، چونكه ئه‌گه‌ر ئۆپۆزسیۆن نه‌بێت، به‌چی بزانیت كه‌موكوڕیی حكومه‌ت له‌چیدایه؟ هه‌مومان رامان پێچه‌وانه‌ی یه‌كتری هه‌یه‌و شتێكی سروشتیشه.
هاوڵاتی: كۆمه‌ڵ له‌هه‌ڵبژاردنی پێشوو شكستی خوارد، ئه‌وه‌نده‌ی نه‌مابوو به‌شداری حكومه‌تیش بكه‌ن، ئه‌م یاریكردنه یانی چی؟
نازم عه‌بدوڵڵا: ئه‌وه یاریكردن نییه، ئێمه نه‌مان وتووه %100 ئه‌م حكومه‌ته هیچ به‌كه‌ڵك نایه‌ت، به‌ڵكو ئێمه تیبَبینیمان هه‌یه، ئه‌گه‌ر بۆ نمونه من له‌گه‌ڵ كاك سه‌لام بتوانم به گفتوگۆ كێشه‌كان چاره‌سه‌ربكه‌ین، پێویست ناكات په‌نا بۆ شتی تر به‌رم. بۆیه ئێمه بۆ به‌شداریكردن له حكومه‌ت 30 خاڵمان داپێیان، وتمان به‌مه‌رجی جێبه‌جێكردنی ئه‌و خاڵانه به‌شداری حكومه‌ت ده‌كه‌ین، به‌ڵام كه‌ئێستا ئۆپۆزسیۆنین هه‌ر ئه‌و خاڵانه‌مان داوا كردووه كه‌جێبه‌جێ بكرێت، چونكه هه‌موو ئه‌و داوایانه‌ی كه‌په‌یوه‌ندی به‌هاوڵاتییانه‌وه هه‌بوو له‌خزمه‌تی میلله‌تدا بووه.
هاوڵاتی: ئێوه دواجار به‌شداریتان له‌حكومه‌ت نه‌كرد، به‌ڵام به‌شێكی زۆرتان به‌سه‌ركرده‌كانیشتانه‌وه، له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه به‌پله‌ی به‌رز خانه‌نشین كران؟
نازم عه‌بدوڵڵا: ئه‌وه مافێكی خۆمانه، ئێمه زیاتر له 1000 پێشمه‌رگه‌ی دێرینمان هه‌یه، تائێستا 400-500 كه‌سیان بۆ خانه‌نشینكردوین، ئه‌وه مافێكی خۆیه‌تی وه‌كو پێشمه‌رگه‌یه‌كی دێرین خه‌باتی كردووه‌و مێژووی هه‌یه. ئێمه ئه‌وه به‌مافێكی یاسایی خۆمان ده‌زانین‌و به‌رده‌وامیش وا كارمانكردووه شتێك یاسایی نه‌بووبێت داوامان نه‌كردووه......
موسه‌ننا ئه‌مین: ئێمه تاكه حیزبین كه باوه‌ڕمان به‌و جۆره شتانه نییه‌و خه‌ڵكیشمان نییه به سیفه‌تی مدیر عام..هتد خانه‌نشینكرابێت، پێموایه ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵی ئیسلامی شتێكی راست نییه.
هاوڵاتی: یه‌كگرتوو تاپێش 25/7 تاڕاده‌یه‌ك ده‌نگێكی جێگیری هه‌بوو، به‌ڵام له 25/7، ده‌نگه‌كانتان زۆر هاته خواره‌وه، ده‌وترێت به‌شێكی ده‌نگه‌كانیشتان بۆ گۆڕان چووه، ئه‌و شكسته بۆچی، چۆن ده‌نگه‌كانتان له گۆڕان وه‌رده‌گرنه‌وه؟
موسه‌ننا ئه‌مین: ئێمه هاوپه‌یمانییه‌كمان كرد، دان به‌وه‌دا ده‌نێین كه‌سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو. ئه‌گه‌ر به‌ته‌نها دابه‌زینایه، زۆر له‌و ده‌نگه زۆرترمان ده‌هێنا، به‌ڵام ئێمه ئه‌و هاوپه‌یمانێتیه‌مان له‌دیدگایه‌كه‌وه كردووه، باوه‌ڕمان پێیه‌تی، به‌س بۆمان ده‌ركه‌وت هۆشیاری سیاسی كوردستان، ئه‌وه‌نده پێنه‌گه‌شتووه. ئه‌و بیرۆكه‌یه، ئه‌بوو ئێمه سیاسه‌ت به پڕۆژه بكه‌ین، نه‌ك به ئایدۆلۆژیا، له‌گه‌ڵ كاری نیشتیمانی هاوبه‌ش، چونكه ئێمه چه‌ند ساڵێك بوو ئه‌و چوار حیزبه پێكه‌وه كارمانده‌كرد. ئه‌وكاته گۆڕان نه‌بوو، ئێمه شانازیش به‌وه‌وه ده‌كه‌ین رچه‌كشكێنی ئۆپۆزسیۆن‌و فره‌لیستین‌و له‌و پێناوه‌شدا خوێنمان به‌خشیوه. ئه‌و كاته حیزبی ده‌سه‌ڵات به‌وه ئێمه‌ی تۆمه‌تبار ده‌كرد، كه كلك له‌گه‌ڵ خه‌ڵك گرێده‌ده‌ین‌و خیانه‌ت ده‌كه‌ین، واش ده‌رنه‌چوو.
هاوڵاتی: سه‌باره‌ت به رۆشتنی به‌شێك له‌ده‌نگه‌كانتان بۆ گۆڕان؟
موسه‌ننا ئه‌مین: ئێمه به‌دڵنیاییه‌وه له‌م هه‌ڵبژاردنه لێیان وه‌رده‌گرینه‌وه، ئه‌گه‌ر براده‌رانی گۆڕان لێمان عاجز نه‌بن. ئێمه پێمانوایه، گۆڕان خیتابێكی هێنایه كایه‌وه زۆر گونجاو بوو له‌گه‌ڵ ناخی خه‌ڵكی كوردستان، ئه‌و خیتابه‌ش ئیمتیحانێك نه‌بوو تا خه‌ڵكی بزانێت له‌سه‌ر چ ئه‌ساسێك ده‌نگ به‌و لایه‌نه ده‌دات، خیتابی گۆڕان خیتابێكی ئۆپۆزسیۆنی به‌هێز بوو.
هاوڵاتی: ده‌وترێت گۆڕان له 25/7 كاری له‌سه‌ر هه‌ست‌و سۆزی جه‌ماوه كرد‌و زیاتر كه‌فوكوڵێك بوو، ئه‌گه‌ریش هه‌یه له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا ئه‌و كه‌فوكوڵه دامركێته‌وه؟
بابه‌كر دڕه‌یی: ئه‌وه كه‌فوكوڵ نه‌بوو، پێموایه مه‌به‌ستت له وشه‌ی كه‌فوكوڵ شتی عه‌فه‌وییه، ئه‌وه‌ش وانییه. هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له 25/7 دا كرا، به‌ڵام بزوتنه‌وه‌كه‌ی ئێمه‌و كۆمپانیای وشه له‌رووی ئیعلامییه‌وه زۆر له‌وه پێشتر هه‌بوو، له‌ساڵی 2006 شه‌وه، ئێمه له‌مه‌كته‌بی سیاسی بووین، كه خۆم وته‌بێژی مه‌كته‌بی سیاسی بووم‌و پێشتریش كاك نه‌وشیروان سایتێكی هه‌بوو به‌ناوی (ریفۆرم بۆچی؟) ئه‌و كاته‌ی ئێمه هاتینه ده‌ره‌وه، كۆمپانیای وشه دامه‌زرا‌و سه‌دان وتارمان نوسیوه، سایتمان دامه‌زراندووه، دواتر ته‌له‌فزیۆنمان دانا، ئێمه پێش 25/7 ئه‌فكاره‌كانی خۆمان ته‌رحكردووه، له‌په‌یامی سبه‌یدا، ئێمه شته‌كانی خۆمان وتووه. ئێمه گروپێك نه‌بووین، وه‌ك له‌هونه‌ردا ده‌ڵێن فه‌ن بۆ فه‌ن. ئێمه گروپی فه‌ن بۆ فه‌ن‌و راگه‌یاندن بۆ راگه‌یاندن نه‌بووین، ئێمه رامان گه‌یاندووه، كه سیاسه‌ت ده‌كه‌ین‌و نه‌شمان وتووه نایكه‌ین. له‌به‌رئه‌وه ئێمه به‌شێك له ته‌وزیفی ئه‌فكاری خۆمان له 25/7 دا بینیه‌وه، له‌دوای 25/7 یشه‌وه ئێمه به‌هێزتر بووین، هه‌ندێك خه‌ڵك پێیانوایوو ئه‌مه به ئه‌نقه‌ست، یان به نا ئه‌نقه‌ست ئه‌مه یارییه‌كی سیاسییه‌و خۆیان لێ دوورده‌خسته‌وه، به‌ڵام ده‌ركه‌وت ئه‌مه بزوتنه‌وه‌یه‌كی جدی‌و گه‌وره‌یه، من دڵنیام ئێمه له هه‌ڵبژاردنی 7/3 به‌هێزتر ده‌بین‌و ده‌په‌ڕینه‌وه بۆ قۆناغێكی گه‌وره‌تر.
هاوڵاتی: به‌ڵام یه‌كێتی نیشتیمانی رۆژانه باسی شه‌پۆلی گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵكی، له‌ناو گۆڕانه‌وه بۆناو یه‌كێتی ده‌كات؟
بابه‌كر دڕه‌یی: به‌ڕاستی ئه‌وه شایانی قسه‌له‌سه‌ركردن‌و كۆمێنت نییه، ئێمه ده‌یبینین چی رووده‌دا. من كاتی خۆشی كه له‌مه‌كته‌بی سیاسی بووم، وه‌ڵامی وتارێكی مه‌لا به‌ختیارم دایه‌وه، كه له‌جه‌ریده‌كه‌ی خۆیدا نوسیبووی، جه‌ماعه‌تی ریفۆرم دۆڕان. من ئه‌و كاته له‌وه‌ڵامدا نوسیم، دنیا ئه‌وه‌نده‌ی كه رۆیشتووه زۆرتری ماوه. ئێستاش دنیا زۆرتری ماوه.
هاوڵاتی: ئێوه وه‌كو پارتی پێتانوایه، گۆڕانی 25/7 كه‌فوكوڵ بوو، پێتانوایه له‌م هه‌ڵبژاردنه ده‌نگه‌كانی پێشووی به‌ده‌ستده‌هێنێته‌وه؟
سه‌لام عه‌بدوڵڵا: ئێمه پێمانوایه، ئه‌و ده‌نگه زۆره‌ی گۆڕان له 25/7 دا به‌ده‌ستیهێنا، به‌شێكی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نه‌رمی یاخود ساردوسڕی یه‌كێتی، یان هه‌ڵوێست وه‌رنه‌گرتنی یه‌كێتی، یه‌كێتی تا ئه‌خیر رۆژیش هیچ هه‌ڵوێستێكی وه‌رنه‌گرت له‌به‌رانبه‌ریان، له‌كۆبوونه‌وه باسی گۆڕان هه‌ر له‌ئارادا نه‌بوو.
هاوڵاتی: به‌ڵام گۆڕان ده‌ڵێت، ئێمه زۆر له‌پێش 25/7 ه‌وه كارده‌كه‌ین؟
سه‌لام عه‌بدوڵڵا: ئێمه ئاگادارین، ئه‌وان له‌ناو براده‌رانی یه‌كێتیدا یه‌كه‌مجار به ریفۆرم ده‌ستیان پێكرد، دواتر جیابوونه‌وه‌و له گرده‌كه كۆمپانیای وشه‌یان دروستكر‌و سایت‌و ته‌له‌فزیۆن‌و رادیۆیان دانا. ورده ورده شته‌كه گه‌ڵاڵه بوو له كۆمپانیای وشه‌وه گۆڕا بۆ گۆڕان، به‌ڵام براداره‌نی یه‌كێتی بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ی خۆیان هه‌ڵوێستێكی رونیان نه‌بوو، ئه‌گینا یانی چی له‌ناو هێزی ناوخۆدا، نیوه‌ی ده‌نگ بدات به‌به‌ره‌یه‌كی تر.
هاوڵاتی: واته پێتوایه له هه‌ڵبژاردنی 25/7 ده‌نگێكی زۆری یه‌كێتی بۆ گۆڕان چوو؟
سه‌لام عه‌بدوڵڵا: به‌ته‌ئكید ده‌نگی یه‌كێتییان بردووه. خۆی ده‌ركه‌وت، خۆشیان ئیعتیراف به‌وه‌ده‌كه‌ن، ئه‌ی ئه‌مه‌ی ئێستای براده‌رانی یه‌كێتی كه باس له‌گه‌ڕاوه‌كان ده‌كه‌ن، ئه‌ی مانای وایه ئه‌و كه‌سانه رۆژێك له رۆژان چونه‌ته ناو گۆڕانه‌وه‌و ده‌نگیشیان پێداوه.
هاوڵاتی: به‌ڵام به‌رپرسانی یه‌كێتی دوای هه‌ڵبژاردنه‌كه رایانگه‌یاند، گۆڕان ته‌نها ده‌نگی یه‌كێتی نه‌بردووه، ده‌نگی پارتیشی بردووه؟
سه‌لام عه‌بدوڵڵا: ئێمه ناڵێین ده‌نگی پارتی تێدا نییه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێمه بزانین ئه‌و ده‌نگانه‌ی ئێمه بۆ گۆڕان چوبێت، به‌په‌نجه‌ی ده‌ست ده‌ژمێردرێت. پارتی حیزبێكی 64 ساڵه‌یه، په‌یڕه‌و و پڕۆگرامێكی دوور‌و درێژی هه‌یه، ئه‌وه‌ی كه ده‌بێت به پارتی، كه زۆرجار تینیشی بۆ دێت ده‌ڵێت مه‌لایشم نه‌ك پارتی. له‌به‌رئه‌وه بڕواناكه‌م ده‌نگێكی زۆری پارتی بۆ گۆڕان چوبێت، به‌ڵام ناشتوانم بڵێم كه‌س نه‌چووه، ره‌نگه خه‌ڵكی ئه‌وانیش هه‌بێت بگه‌ڕێته‌وه ناو ئێمه، به‌ڵام ئێمه پێمانوایه ئه‌مجاره گۆڕان به‌وشێوه‌یه‌ی پێشوو ده‌نگ ناهێنێته‌وه، چونكه ئه‌مجاره هه‌م یه‌كێتی هه‌ڵوێستی به‌رانبه‌ری وه‌رگرتووه، هه‌م به‌ڕونیش به‌رنامه‌ی خۆیان ته‌رحكردووه. له‌لایه‌كی تریشه‌وه، ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی گۆڕان له 25/7 پێشكه‌شیكردبوو وای پیشانده‌دا ئه‌وان ده‌سه‌ڵات ده‌گرنه ده‌ست‌و زۆرشت ده‌گۆڕن، ته‌نانه‌ت وشه‌ی ده‌یگۆڕین ده‌یگۆڕین بوو بوو به‌به‌شێك له‌وه‌ی هه‌موو شتێك ده‌گۆڕێت، به‌ڵام ئێستا كه نه‌بوون به‌ده‌سه‌ڵات‌و بوون به ئۆپۆزسیۆن به‌رنامه‌كه‌یان جیاوازه.
هاوڵاتی: یه‌كگرتوو به‌ئاشكرا له 2005 پارتی دیموكراتی به سوتاندنی باره‌گاكانی له بادینان تۆمه‌تباركرد‌و تائێستاش به‌ته‌واوی چاره‌سه‌رنه‌كراوه، ترستان هه‌یه له‌دووباره بوونه‌وه‌ی ئه‌و رووداوانه؟
سه‌لام عه‌بدوڵڵا: به‌س پێموابێت پاره‌یان وه‌رگرتووه‌و چاره‌سه‌ركراوه...
موسه‌ننا ئه‌مین: ئه‌وه كۆمه‌ڵێك دۆسیه‌یه، له‌رووه سیاسییه‌كه‌یه‌وه په‌یوه‌ندی یه‌كگرتوو له‌گه‌ڵ پارتی چاره‌سه‌ركراوه، ئه‌وه‌ی مافی كه‌سوكاری ئه‌و شه‌هیدانه‌و ئه‌و كه‌سانه‌ی زه‌ره‌رمه‌ندبوون، ئه‌وه دۆسیه‌یه‌كی دادوه‌رییه‌و هێشتا ماوه. ده‌بێت ئه‌و تاوانبارانه بدرێنه دادگا، ئێمه داواشمان له كام مه‌سعود كرد ته‌ده‌خول بكات، بۆ ته‌واوكردنی ئه‌و دۆسییانه، به‌ڵام هێشتا ته‌واو نه‌بوون، ئێمه پارتی تۆمه‌تبارناكه‌ین، مه‌سه‌له‌كه روونه‌و ئه‌وانیش ئیعتیرافیان به‌وه‌كرد، ئه‌ندامانی پارتی دیموكرات ئه‌و كارانه‌یان ئه‌نجامداوه‌و هه‌رچه‌نده شتێكی رێكخراو نه‌بووه.
هاوڵاتی: له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا، راتانگه‌یاند ئه‌ندامێكتان له‌بادینان له‌لایه‌ن لقی پارتییه‌وه به‌ردباران كراوه، ئێوه له‌دووباره بوونه‌وه‌ی رووداوه‌كانی 2005 ناترسن؟
موسه‌ننا ئه‌مین: به‌ڵێ ئه‌و رووداوه روویداوه‌و سه‌ری خێزانیشی شكێنراوه، به‌ڵام ئێمه ترسمان له‌هیچ نییه‌و ئه‌وه‌ی ترس بێت نیمانه، چونكه ئه‌وه‌ی بترسێت ناتوانێت سیاسه‌ت بكات، به‌ڵام وه‌كو هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشوو ئه‌گه‌ری روودانی كاری توندوتیژی هه‌یه. من له‌گه‌ڵ رێزمدا بۆ قسه‌كانی كاك سه‌لام، ئێمه پێمانوایه له‌هه‌ر له‌حزه‌یه‌دا ره‌نگه به بڕیارێكی شه‌خسی، بڕیارێكی ناوچه‌یی، كه‌سێك كێش په‌ڕییه‌ك بكات، هه‌ڵه‌یه‌ك بكات، توندوتیژییه‌ك بكات، ئه‌وه چاوه‌ڕوانكراوه، به‌ڵام ئێمه له‌و شتانه ناترسین.
سه‌لام عه‌بدوڵڵا: من حه‌زده‌كه‌م له‌سه‌ر ئه‌وه شتێك بڵێم، من پێموانییه حیزبه سیاسییه‌كانی كوردستان، به‌به‌رنامه خه‌ڵكی خۆیان هان بده‌ن توندوتیژی بنوێنێت. بۆ نمونه رۆژی چوارشه‌ممه كه‌ژاوه‌یه‌كی ئێمه به‌به‌ر ده‌ركی سه‌رادا تێپه‌ڕی، كه‌سانێكی گێره‌شێوێن هێرشیان كردبویه سه‌ریان. یه‌كه‌مین كه‌س كه په‌یوه‌ندی پێوه‌كردووین، براده‌رانی گۆڕان بوو، له‌سه‌ر زاری كاك عومه‌ری سه‌ید عه‌لی‌و كاك محه‌مه‌د تۆفیق وتیان بڕوابكه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ئێمه‌وه نییه، له‌به‌رئه‌وه بڕواده‌كه‌م پارتیش هه‌مان هه‌ڵوێستی هه‌بوبێت، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ش دانوستانیان كردووه، ئه‌مانه ده‌توانین ناوی بنێین كاری گێره‌شێوێنانه‌و نامه‌سئولانه، یان خه‌ڵكێكی نامه‌سئول، كه د‌رك به بارودۆخه‌كه ناكات. به‌شێوه‌یه‌ك ته‌سه‌روف ده‌كات، یان هه‌ندێك كه‌س وای پیشانبدات كه زۆر دڵسۆزه، به‌ڵام ئه‌م دڵسۆزییه، وه‌كو چه‌پۆكی ورچه‌كه وابێت بۆ كابرای نوستوو، له‌به‌رئه‌وه ئه‌مانه نه‌گشتێنرێن باشه.
هاوڵاتی: چی زه‌مانه‌تێك هه‌یه بۆ دووباره نه‌بونه‌وه‌ی رووداوی هاوشێوه‌ی روداوه‌كانی 2005 له‌بادینان‌و و رووداوه‌كانی دوای هه‌ڵبژاردنی 25/7 له‌شاری هه‌ولێر؟
سه‌لام عه‌بدوڵڵا: من هیوادارم زه‌مانه‌ت هه‌بێت، ئێمه هه‌مومان لایه‌نگری مافی مرۆڤین، لایه‌نگری ئازادی‌و سه‌ربه‌ستین، من یه‌كه‌م رۆژ كه هاتمه سلێمانی، چوار ساڵ له‌مه‌وپێش به هه‌ڤاڵانی خۆم وتووه من به‌ناوی كاك مه‌سعوده‌وه پێتان ده‌ڵێم، ئێمه ده‌بێت عونسوری ئاشتیخواز‌و ته‌بایی بین، وتم بۆ نمونه ئه‌گه‌ر براده‌رێكی ئێمه سه‌ری بشكێت‌و بێته ناو لقه‌وه، بڵێت سه‌رم شكاوه، من مه‌فره‌زه‌یه‌كی ناده‌مێ بچێت په‌لاماری ئه‌و لایه‌نه بدات، به‌ڵكو ده‌بێت بچێت یه‌كه‌مجار له نه‌خۆشخانه ته‌داوی خۆی بكات‌و دواتر بچێت داوای یاسایی تۆماربكات...
موسه‌ننا ئه‌مین: كاك سه‌لام مه‌فره‌زه‌تان هه‌یه ده‌ریبكه‌ن؟
سه‌لام عه‌بدوڵڵا: من باسی سلێمانی ده‌كه‌م، له‌سلێمانی وتومه هه‌شمان بێت ده‌ری ناكه‌ین.
موسه‌ننا ئه‌مین: نابێت هه‌تان بێت...
سه‌لام عه‌بدوڵڵا: نا..نا.. پێشمه‌رگه‌مان هه‌یه، من پێم وتوون ئێمه ئه‌وه ناكه‌ین، مادام یاسا هه‌یه بچۆ داوای یاسایی تۆماربكه.
موسه‌ننا ئه‌مین: به‌س من حه‌زم ده‌كرد، كاك سه‌لام نه‌ڵێت ئومێدم هه‌یه زه‌مانه‌ت بۆ دووباره‌نه‌بوونه‌وه‌ی ئه‌و روداوانه هه‌بێت، به‌ڵكو بیوتایه ئێمه وه‌ك حیزبی ده‌سه‌ڵات، له‌جیاتی كاك مه‌سعودیش ئێمه هه‌موو زه‌مانه‌تێك به خه‌ڵكی‌و لایه‌نه‌كان ده‌ده‌ین، كه ئه‌و رووداوانه هه‌رگیز دووباره نابێته‌وه..
سه‌لام عه‌بدوڵڵا: ئێمه دایمه لایه‌نگری ئه‌وه‌بووین كه ئه‌و شتانه روونه‌دات، وه ئه‌گه‌ر رووشیاندا ئه‌وا ده‌سه‌ڵات ده‌بێت هه‌ڵوێستی هه‌بێت له‌سه‌ری.
هاوڵاتی: كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان، ره‌خنه له‌ساخته‌كاری ده‌گرێت، ده‌وترێت ئه‌مه بۆ شاردنه‌وه‌ی شكسته‌كانتانه؟
نازم عه‌بدوڵڵا: كام شكست..
هاوڵاتی: شكستی 25/7.
نازم عه‌بدوڵڵا: پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن، سه‌ركه‌وتن‌و ژێركه‌وتنی تێدایه، مه‌رج نییه هه‌مووی به ویستی خۆت بێت، ره‌خنه‌گرتن‌و موعاره‌زه‌بونیش نابێت بۆ داپۆشینی عه‌یبی خۆت بێت، به‌ڵكو بۆ چاره‌سه‌ری گرفت بێت. بۆ ئه‌وه‌بێت‌و وه‌زع‌و حكومه‌ت به‌ره‌و باشتر به‌رێت، ئێمه وه‌كو كۆمه‌ڵی ئیسلامی ئیمتیدادی ئۆپۆزسیۆنێكین تا سه‌رده‌می رژێمی به‌عس، كه ئه‌وكات ئۆپۆزسیۆنێكی شۆڕشگێڕانه‌بووین‌و له‌شاخ چه‌كداربووین.
هاوڵاتی: به‌ڵام بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی ئه‌وه به‌مێژووی خۆی ده‌زانێت؟
نازم عه‌بدوڵڵا: زۆرینه‌كه لای كۆمه‌ڵی ئیسلامییه، ئه‌مڕۆ ئێمه له‌سه‌ر ساحه‌ی سیاسی كوردستان ئۆپۆزسیۆنین. خه‌بات‌و كار‌و چالاكی خۆمان ده‌كه‌ین، دژ به‌گه‌نده‌ڵی‌و به ناڕێكی‌و كه‌موكوڕییه‌كان ده‌وه‌ستین، بۆ ئه‌وه‌ی چاكسازییان تێدا بكه‌ین.
هاوڵاتی: ئێوه هه‌رچه‌نده پێش 25/7 له‌حكومه‌ت به‌شداربوون، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خۆشتان به ئۆپۆزسیۆن ده‌زانی، به‌ڵام بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان باسله‌وه‌ده‌كات، پێش 25/7 ئۆپۆزسۆن له‌كوردستان نه‌بووه؟
نازم عه‌بدوڵڵا: راسته ئۆپۆزسیۆن به‌و شێوه‌یه‌ی ئێستا بوونی نه‌بووه، چونكه ئێستا ئۆپۆزسیۆن به شكڵێكی تر هاتووه‌ته ئاراوه، هه‌موو لایه‌ك له‌م وه‌زعه سیاسییه‌ی له‌كوردستان هاته كایه‌وه ئیسفاده‌مان لێكردووه، فیعله‌ن ئێستا ئۆپۆزسیۆن روویه‌كی دیكه‌ی وه‌رگرتووه، ئێمه ده‌مانه‌وێت موعاره‌زه‌یه‌كی ئایدیۆلۆژی نه‌بێت، به‌ڵكو ئۆپۆزسیۆنێك بێت له‌خزمه‌ت میلله‌تدابێت، كاتی خۆی كه جوڵه‌یه‌یه‌كی ئۆپۆزسیۆن بوونمان بكردایه، به‌جۆرێك ئیتیهام ده‌كراین، به‌ڵام ئێمه ئیستفاده‌مان له‌م وه‌زعه نوێیه كردووه‌و ئه‌مه‌ش بۆ خه‌ڵك‌و میلله‌ت‌و هێزه‌كانی باشتره، چونكه ئۆپۆزسیۆن له‌خزمه‌تی خه‌ڵكدا ده‌یه‌وێت شته ناڕوونه‌كان بۆ خه‌ڵك روون بكرێته‌وه.
هاوڵاتی: بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ره‌خنه‌ی ئه‌وه ده‌گرێت، حیزبه‌كانی تر به‌تایبه‌تی ئێوه وه‌كو یه‌كگرتوو، له‌رابردوودا نه‌تانتوانی رۆڵی ئۆپۆزسیۆنی راسته‌قینه ببینن، نمونه‌شیان ئه‌وه‌یه ئه‌وان به‌سێ مانگ توانیان چه‌ند قاتی ده‌نگی ئێوه به‌ده‌ستبهێنن، له‌كاتێكدا ئێوه له 94 ه‌وه خۆتان راگه‌یاندووه؟
موسه‌ننا ئه‌مین: له‌گه‌ڵ رێزمدا بۆ برایانی گۆڕان، گۆڕان حیزبێكی تازه نییه، گۆڕان له‌تێكی یه‌كێتییه. راسته ناڕازیبوون هه‌بووه، به‌س له‌ماوه‌ی ئه‌م حه‌ڤده ساڵه‌دا ئێمه به‌ده‌رجه‌ی یه‌كه‌م دژی ده‌سه‌ڵات بووین‌و ئۆپۆزسیۆن بووین، ئێمه رچه‌مان شكاند، پێموایه گۆڕانیش ئیعتیراف به‌وه‌ده‌كه‌ن.
هاوڵاتی: تۆ ده‌ڵێیت گۆڕان له‌تێكی یه‌كێتییه، یانی پێتوایه گۆڕان به‌شێك له‌گه‌نده‌ڵی 18 ساڵی رابردووی به‌رده‌كه‌وێت؟
موسه‌ننا ئه‌مین: به‌ڵێ، به‌بێ هیچ گومانێك...
بابه‌كر دڕه‌یی: ئه‌زانی چی، هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی به‌شێكن له‌یه‌كتر، كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی ئێستا به‌شێكه له‌كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی سه‌ده‌ی شانزه، ئێمه وه‌كو ئه‌فراد هه‌ندێكمان به‌شێك بوین له‌یه‌كێتی، به‌ڵام وه‌كو ئه‌فكار به‌شێك نین له‌یه‌كێتی. كاری ئێمه له‌سه‌رده‌می كاك نه‌وشیرواندا، كه خۆی شه‌خسییه‌تێكی تایبه‌تی بووه له‌یه‌كێتی، كاره‌كانیشی، خۆشی، ره‌نگه منیش به‌شایه‌تی ئه‌و برا به‌رێزه‌ی به‌رانبه‌رم دانیشتووه (سه‌لام عه‌بدوڵڵا) منیش كه‌سێكی جیاوازبووم له‌براده‌ركانی ترم له‌یه‌كێتی. ئێمه له‌یه‌كێتیدا بووین، مه‌سئولیش بووین، به‌ڵام ئێمه مواسه‌فاتی جیاوازمان هه‌بووه له‌ناو حیزبه‌كه‌شدا. خیلافیشمان هه‌بووه، ره‌نگه بۆ ماوه‌یه‌ك بێده‌نگ بووبین، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی كه‌بڵێیت ئێوه پارچه‌یه‌ك بوبێتن له‌یه‌كێتی جیابووبینه‌وه، ره‌نگه ته‌حلیل‌و قسه‌یه‌كی دروست نه‌بێت، چونكه ئێمه ئینشیقاقمان نه‌كردووه. ئینشیقاق ئه‌وه‌یه تۆ دێیت ناوی حیزبه‌كه هه‌ڵده‌گریت، بۆ نمونه، دوو به‌رمیل نه‌وتی هه‌یه، به‌رمیلێك نه‌وت ده‌به‌یت بۆ خۆت. دووسه‌یاره هه‌یه، داوای سه‌یاره‌كیان ده‌كه‌یت...ئێمه وامان نه‌كردووه، ئێمه هاتووین پیاوێكی گه‌وره له‌ناو حه‌ره‌كه‌ی كوردیدا به‌ناوی نه‌وشیروان مسته‌فا، به مواسه‌فاته‌كانی خۆیه‌وه، به ئه‌فكاری خۆیه‌وه، هاتووه ده‌ڵێت من هیچ شتێكم له‌م حیزبه ناوێت، ده‌رچووه لێی. ئه‌ڵێ هه‌رچی كه هه‌شه نامه‌وێت، حه‌ره‌كه‌یه‌كی دیكه‌ی به‌ناوی گۆڕان دروستكردووه، له‌پێش حه‌ره‌كه‌كه‌ش شتێكی تری به‌ناوی كۆمپانیای وشه دروستكردووه. ئێمه به‌مه‌عنای كه‌لیمه پارچه‌یه‌ك نین له‌یه‌كێتی، به‌ڵكو پارچه‌یه‌كین له هه‌موو ئۆپۆزسیۆنی كوردی. ره‌نگه له یه‌كگرتوو هاتبێت، له‌پارتی هاتبێت، یه‌كێتیش خۆی ئیعتیرافی كردووه، چونكه خۆمان پێشتر یه‌كێتی بووین. له‌حیزبه‌كانی دیكه‌ش هاتووه، من بۆ خۆم بۆ ئه‌وه‌ی برادارانی یه‌كگرتوو، ئه‌وانه‌ی له‌به‌شه‌كانی راگه‌یاندنی گۆڕان دامان مه‌زراندوون هه‌ندێكیان پێشتر كادیری ئیسلامی بوون، به‌ڵام به ئازادی خۆیان وازیان له‌حیزبه‌كانیان هێناوه، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێمه له‌هه‌موو حیزبه‌كان جێیان بووه‌ته‌وه له‌ناو ئێمه‌دا‌و ئێمه به‌و مانایه‌ی بڵێین گروپێكی مونشه‌ق بین، شتی وانییه.
هاوڵاتی: به‌رپرسانی یه‌كێتی به‌رده‌وام ده‌ڵێن نه‌وشیروان مسته‌فا ماوه‌یه‌كی زۆر جێگری ده‌ستڕۆشتووی تاڵه‌بانی بووه‌و ئه‌و كاته بۆ داوای گۆڕانكاری نه‌كردووه؟
بابه‌كر دڕه‌یی: ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌ندی به‌كاك نه‌وشیروانه‌وه هه‌بێت، ئه‌و جێگری مام جه‌لال بووه. وه‌ك خۆی له‌چه‌ند شوێنێكدا ئه‌وه‌ی وتووه، گه‌نده‌ڵی بووه‌ته بارانێك له‌كوردستان به‌ر هه‌موومان كه‌وتووه. من پێموایه ئه‌وه‌نده كافییه بۆ ئه‌وه‌ی شه‌فاعه‌ت بۆ ئه‌ویش بكات، من بۆ خۆم مه‌وقیعی گه‌وره‌م له یه‌كێتیدا نه‌بوو، مه‌وقیعی حكومی، مه‌وقیعی حیزبیم هه‌بووه، له‌سایه‌ی خواوه پاره‌م لانه‌بووه تابڵێن گه‌نده‌ڵی كردووه. ده‌توانم دیفاع له‌خۆم بكه‌م به‌رانبه‌ر میلله‌ته‌كه‌م، ئه‌وانه‌ی تر من خواستم ئه‌وه‌یه یاسایه‌ك حاكم بێت له‌كوردستاندا، رۆژێك له‌رۆژان ره‌نگه دو‌ریش نه‌بێت، هه‌ركه‌سه به‌پێی مه‌له‌فی خۆی، ئه‌وانه‌ی له‌ناو گۆڕانیشدان حه‌زده‌كه‌م ئه‌وه پێی له‌سه‌ر دابگرم، نه له‌سه‌روی به‌شه‌ره‌وه‌ن نه له‌مه‌ریخه‌وه هاتوون، ده‌بێت میلله‌ت ئه‌گه‌ر گله‌یی لێیان هه‌یه‌و شكاتیان لێیان هه‌یه، ئه‌وانیش بێنه به‌رده‌م دادگا. نه گۆڕان خۆی له‌خه‌ڵكی به گه‌وره‌تر ده‌زانێت، نه ئه‌وانه‌ی گۆڕانیش فریشته‌ن....
موسه‌ننا ئه‌مین: من پێموایه ئه‌وه‌ی ئه‌ندامانی ئێمه چوبنه لای گۆڕان، ئه‌وه ئه‌سڵی نییه، به‌ڵام هه‌ندێك له‌ئه‌ندامانی ئێمه له‌به‌رئه‌وه‌ی كۆمپانیای وشه ده‌وڵه‌مه‌نده‌و لای ئێمه راگه‌یاندنكاربوون‌و ده‌رامه‌تیان باش نه‌بووه، بۆ كار چونه‌ته لای كۆمپانیای وشه، نه‌وه‌ك بووبنه ئه‌ندام له بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان‌و خه‌ڵكی ئێمه سه‌نگه‌ری چۆڵكردبێت. هه‌روه‌ها من پێموایه براده‌رانی گۆڕان، زۆر باش ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر به‌جورئه‌ته‌وه داوای لێبوردن له میلله‌تی كورد بكه‌ن له‌و به‌شدارییه‌ی كه هه‌یانبووه له‌ده‌سه‌ڵاتی كوردستانی له‌رابردوودا. پێموایه رۆژێك دێت هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌شداربوون له‌گه‌نده‌ڵی، له شه‌ڕی ناوخۆ، له‌پێشێلكاری، مافی مرۆڤ، دادگایی بكرێن.....
بابه‌كر دڕه‌یی: ئه‌زانی.. من پێموایه مه‌سه‌له‌ی رۆیشتنی كادری حیزبی له‌شوێنێكه‌وه بۆ شوێنێكی تر، مه‌وزوعی حه‌ساس نییه، حیزبه‌كان دێن‌و ده‌چن، شتێكی سروشتییه....
موسه‌ننا ئه‌مین: نا..نا...لای ئێمه ئاساییه، به‌ڵام كۆمپانیای وشه كۆمپانیایه‌كی ده‌وڵه‌مه‌نده، كادری راگه‌یاندن لای ئێمه 150 هه‌زاری هه‌بوو، له‌وێ پاره‌یه‌كی باشیان پێده‌دا...
نازم عه‌بدوڵڵا: من قسه‌یه‌كم هه‌یه له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ده‌وترێت پێش 25/7 ئۆپۆزسیۆن نه‌بووه، نه‌خێر ئۆپۆزسیۆن هه‌بووه، ئێمه پێش ئه‌وه چوار حیزبی كوردستانی سه‌رمان پێكه‌وه نابوو، زیاد له 19 خاڵمان پێشكه‌ش به سه‌رۆكی هه‌رێم‌و سه‌رۆكی په‌رله‌مان‌و سه‌رۆكی حكومه‌ت كرد، پاشان له‌میدیاكان بڵاوكرایه‌وه‌و وه‌ڵام‌و وه‌ڵامكاری لێكه‌وته‌وه.
هاوڵاتی: به‌ڵام پێش هه‌ڵبژاردن، سه‌رۆكی هه‌رێم به‌تێپه‌ڕاندنی ده‌ستوور رازیتانی كرد، كه ئێستا خۆتان ره‌خنه‌ی لێده‌گرن؟
نازم عه‌بدوڵڵا: ئێمه له‌به‌ر خاڵێك رازیبووین به‌ده‌ستوور، ده‌ستووری هه‌رێم به‌شێكه له‌ده‌ستووری عێراق. ئێمه له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێك تێبینیمان هه‌بوو، به‌ڵام له‌سه‌ر هه‌ندێك خاڵی كه جه‌وهه‌ری نه‌بوو ره‌نگه لێی بێده‌نگ بووبین. خاڵێكی ده‌ستوور به‌لای ئێمه‌وه گرنگ بووه له‌سه‌ر ئه‌وه پشتیوانیمان لێكردووه، به‌ڵام مانای وانییه له‌سه‌ر هه‌موو ده‌ستوور رازیبووبین، به‌ڵكو تێبینیمان له‌سه‌ری هه‌بووه.
هاوڵاتی: پێشتر باس له‌نزیكبونه‌وه‌ی پارتی‌و گۆڕان ده‌كرا، به‌ڵام له‌م رۆژانه‌ی دواییدا پارتی به شێوازێكی توند وه‌ڵامی ئه‌و په‌یامه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فای دایه‌وه، ئه‌و وه‌ڵامه بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی گومانی ئه‌و نزیكبونه‌وه‌یه بوو؟
سه‌لام عه‌بدوڵڵا: نزیكبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ گۆڕان هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌و براده‌رایه‌تیدا بووه...
هاوڵاتی: سه‌باره‌ت به وه‌ڵامه تونده‌كه‌ی پارتی بۆ نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌ڵێن چی؟
سه‌لام عه‌بدوڵڵا: ئه‌وه وته‌بێژێك به‌ناوی ناوه‌ندی راگه‌یاندن، وه‌ڵامی كاك نه‌وشیروانی داوه‌ته‌وه...
هاوڵاتی: له‌وه‌ڵامه‌كه‌ی ئێوه‌دا هاتووه، نه‌وشیروان مسته‌فا چی بۆ خه‌ڵك كردووه، وا به لوتبه‌رزی ره‌خنه له‌پارتی‌و یه‌كێتی ده‌گرێت؟
سه‌لام عه‌بدوڵڵا: ئه‌مه شه‌ڕی راگه‌یاندنه‌و وه‌خت وه‌ختی هه‌ڵبژاردنه، هه‌موو لایه‌ك بۆی هه‌یه عه‌رزی خۆی بكات. هه‌ندێكجار موزایه‌داتیش بكات، وه‌عد‌و به‌ڵێنی زۆریش بدات، ئه‌بێت لای ئێمه‌ش سروشتی بێت، چونكه له‌هه‌موو دنیا وایه، زۆر سروشتییه لایه‌نه‌كان قسه خۆیان بكه‌ن‌و وه‌ڵامی یه‌كتری بده‌نه‌وه، لای ئێمه شتێكی ناسروشتییه له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌زموونی پێشترمان نییه.
هاوڵاتی: هه‌رچه‌نده په‌رله‌مانتاری گۆڕان عه‌دنان عوسمان ده‌ڵێت من سوكایه‌تیم به پێشمه‌رگه نه‌كردووه، به‌ڵام سه‌رۆكی هه‌رێم به‌توندی هاته سه‌رخه‌ت‌و هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌یكرد ئه‌وه له‌هێڵی سوور سورتره؟
سه‌لام عه‌بدوڵلا: سه‌رۆكی هه‌رێم ناوی كه‌سی نه‌برد‌و ناوی هیچ لایه‌نێكیشی نه‌برد، وابزانم براده‌رانی گۆڕانیش قبوڵی ئه‌وه‌یان نییه، به پێشمه‌رگه بوترێت میلیشیا.
هاوڵاتی: ده‌وترێت سه‌رۆكی هه‌رێم هه‌ڕه‌شه زۆرده‌كات، پێتوایه له‌حاڵه‌تێكی ناسكی وادا كه كاتی بانگه‌شه‌یه، هه‌ڕه‌شه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم شتێكی سروشتیی بێت؟
سه‌لام عه‌بدوڵڵا: ره‌نگه تۆ به هه‌ڕه‌شه‌ی له‌قه‌ڵه‌م بده‌یت، هه‌ركه‌سه‌و له‌خیتابێكی سیاسی‌دا به‌جۆرێك شت لێكده‌داته‌وه. ره‌نگه تۆ به‌هه‌ڕه‌شه ناوی ببه‌یت، ئه‌سڵه‌ن به‌ته‌عبیرێكی زۆر نه‌رم، جه‌نابی سه‌رۆك باسی ئه‌و حاڵه‌ته‌ی كرد‌و وتی بێ ئینسافییه وه‌سفكردنی پێشمه‌رگه به میلیشیا، ئیتر له‌وه ته‌عبیر نه‌رمتر ره‌نگه نه‌بێت.
هاوڵاتی: به‌ڵام وتیشی ئه‌و كه‌سه له‌كوردستان جێگه‌ی نابێَته‌وه؟
سه‌لام عه‌بدوڵڵا: نا..وتی ئه‌گه‌ر یه‌كێك، سوربوو له‌سه‌ر ئه‌وه.......
موسه‌ننا ئه‌مین: نا...له‌راستیدا قسه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم زۆر توندبوو، باسی ئه‌وه‌یكرد ئه‌و كه‌سانه جێیان نابێته‌وه له‌هه‌رێمی كوردستاندا، جا نازانم جه‌نابی سه‌رۆك بۆ كوێیان ته‌رحیل ده‌كات...
سه‌لام عه‌بدوڵڵا: مادام یاسا هه‌یه له‌م وڵاته‌دا، ئه‌وه ئیشی تاكه‌كه‌س نییه.....
موسه‌ننا ئه‌مین: به‌ڵام له‌راسیتدا هیچ سوكایه‌تییه‌ك به پیرۆزی مێژووی پێشمه‌رگه مه‌قبول نییه، به‌ڵام ده‌توانین باسی پێشمه‌گه بكه‌ین دوای ساڵی 1992، ده‌توانین ئێستا باسله‌وه‌بكه‌ین پێشمه‌رگه‌یه‌كمان هه‌یه هی حكومه‌تی هه‌رێمه، به‌دڵنیاییه‌وه نه‌خێر، پێشمه‌رگه‌یه‌كمان هه‌یه هی یه‌كێتییه، پێشمه‌رگه‌یه‌كمان هه‌یه هی پارتییه. ده‌توانن له لق‌و مه‌ڵبه‌ندیشه‌وه، مه‌فره‌زه‌یان پێ ده‌ربكه‌ن بۆ سه‌ر هه‌ر حیزبێك بۆ سه‌ر هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێك، ئه‌مه حه‌قیقه‌تێكه. له‌به‌رئه‌وه من ئه‌گه‌ر بچمه په‌رله‌مانی به‌غدا، چۆن به‌رگری له پێشمه‌رگه‌یه‌ك بكه‌م (هه‌رچه‌نده ده‌شیكه‌م له‌به‌رئه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌ییه) له‌كاتێكدا مه‌فره‌زه، پێشمه‌رگه سه‌رچاوه‌ی ئاسایش‌و ئه‌من بێت بۆ من. من هه‌ست به ته‌هدید ده‌كه‌م له پێشمه‌رگه، چونكه هی حیزبێكی تره‌و ره‌نگه له‌هه‌ر له‌حزه‌یه‌كدا به‌كاری بهێنێت بۆ سه‌ركه‌وتكردنی من، حه‌زده‌كه‌م یه‌كێتی‌و پارتی ئیعتیرافێكی جدی به‌وه‌بكه‌ن، كه پێشمه‌رگه هی یه‌كێتی‌و پارتییه‌و هی حكومه‌ت نییه...
هاوڵاتی: وه‌كو پارتی ئیعتیراف به‌وه‌ده‌كه‌ن؟
سه‌لام عه‌بدوڵڵا: نا به‌پێچه‌وانه‌وه...به‌داخه‌وه شه‌ڕێك بوو، شه‌ڕێكی نه‌خوازراو، شه‌رێكی بێزراو كه پێی ده‌وترێت شه‌ڕی ناوخۆ، ئه‌مه وایكرد هێزی پێشمه‌رگه ببێت به‌دووكه‌رته‌وه، هه‌وڵه‌كانی یه‌كخستنی پێشمه‌رگه‌ی دواخست، به‌ڵام ئێستا هه‌وڵێكی زۆ جدی هه‌یه بۆ یه‌كگرتنه‌وه‌یان. ئه‌وه‌تا وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه دروستبووه بۆ یه‌كخستنه‌وه‌یان. ئه‌م پڕۆسه‌یه له‌دوای شه‌ڕێكی وا گه‌وره، هه‌رچی ئاگاداری مه‌سه‌له‌كه بێت، به‌ره‌نگاری مه‌سه‌له‌یه‌كی زۆر حه‌ساس ده‌بیته‌وه. خوێن رژاوه، شه‌هید دراوه له‌هه‌ردوولا، كوژراوی تێدابووه، ماڵوێرانی تێدابووه، بێ سه‌روشوێنی تێدابووه، ئێستا به كون فه‌یه‌كونێك ئه‌و دوو هێزه نابنه‌وه به‌یه‌ك، وه‌ختی ده‌وێ.
نازم عه‌بدوڵڵا: هیچ هه‌رێمێك نابێت به‌بێ هێز بێت، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌و هێزه هی میلله‌ت‌و گه‌ل بێت. به‌گرنگی ده‌زانین ئه‌گه‌ر هێزی پێشمه‌رگه هی میلله‌ت بێت پێویسته رێكخستنی دوو لایه‌نی سیاسی تێدا نه‌بێت، به‌ڵكو به‌شێوه‌یه‌ك كه له‌ده‌ستوردا هاتووه، ده‌بێت سه‌ر به‌حكومه‌ت بێت. تا نه‌بێت به‌هێزێكی حكومی، ناوی میلیشای دوو لایه‌نی پێوه ده‌نرێت، پێشمه‌رگه پێویستی به‌ڕێكخسته، نه‌ك به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستا بێت.
بابه‌كر دڕه‌یی: له‌سه‌ر پێشمه‌رگه، حه‌ق نییه كه‌س موزایه‌ده بكات به‌سه‌ر یه‌كتریدا، له‌م وڵاته‌دا پێشمه‌رگه‌بووین خۆمان. به‌پێی یاسای عێراقی پێشمه‌رگه ناوه‌كه‌ی پاسه‌وانی هه‌رێمه، جێگه‌ی تێڕامانه كه سه‌رۆكی هه‌رێم مه‌سعود بارزانی زۆر توند بوو له‌قسه‌كانیدا، جێگای نیگه‌رانی‌و دڵناخۆشییه، ئه‌و هاته ناو شه‌ڕه‌كه‌وه. كه‌سێكی وه‌كو ئه‌و كه‌سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه، به‌هه‌موو پێوانه‌یه‌ك ده‌بێت له‌ژێر باڵی ئه‌ودا هه‌موو لایه‌نه‌كان بحه‌وێنه‌وه، ده‌بوو ته‌داخولی نه‌كردایه له‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا. براده‌ره‌كانی ئێمه قسه‌یان نه‌كردووه دژی پێشمه‌رگه، كه‌س ئیهانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی نه‌كردووه، ده‌ڵێن هێزی یه‌كێتی‌و پارتی میلیشیایه. ئێستاش ده‌ڵێم میلیشیان، خۆم خه‌ڵكی شارباژێرم رۆژانه هێزه‌كانی یه‌كێتی ده‌بینم له‌و ناوچه‌یه، ئه‌مانه هی یه‌كێتین‌و هی پارتی نین. هێزی یه‌كێتی‌و پارتی نه‌بووه‌ته هێزێكی نیزامی، كه وه‌ك كوردێك فه‌خری پێوه بكه‌م، فه‌رمان له‌ده‌زگایه‌كی سه‌ربازی مۆدێرنه‌وه وه‌رده‌گرێت. ئه‌مه چه‌واشه‌كردنی خه‌ڵكه كه بوترێت هێزی نیزامیمان هه‌یه، نه‌ك ئه‌م قسه‌یه من بیكه‌م وه‌زیری پێشمه‌رگه‌و جه‌بار یاوه‌ر خۆیان وتویانه، نیگه‌رانن ده‌بێت هێزه‌كه یه‌ك بخرێت. له‌به‌رئه‌وه له‌م مونازه‌ره‌یه‌وه جه‌نابی سه‌رۆكی هه‌رێم بڕیاری دا كه كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك ده‌ربكات له‌كوردستان له‌سه‌ر ئه‌و قسه‌یه‌ی كه وتویانه میلیشیا، با ناوی منیشی تێبكات، بۆیه هه‌ر هێزێك له‌ده‌ره‌وه‌ی یاسا بێت میلیشیایه. میلیشیا موسته‌ڵه‌حێكی قاموسییه‌و مه‌ریغی نییه، ئێمه وه‌كو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان پێمانوایه هه‌ر هێزێك رێكنه‌خرابێت‌و قیاده‌یه‌كی موحه‌دی نه‌بێت. له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تدا نه‌بێت میلیشیایه، میلیشیا یانی ئه‌وه‌ی هێزێك سه‌ر به‌حیزب بێت، یان عه‌شره‌ت‌و بنه‌ماڵه‌كه‌یه.
هاوڵاتی: كاك سه‌لام، كاك بابه‌كر دڕه‌یی ده‌ڵێت هێزه‌كانی یه‌كێتی‌و پارتی میلیشیان، تۆ قسه‌ت چیه له‌سه‌ر ئه‌وه؟
سه‌لام عه‌بدوڵڵا: ئه‌وه بۆچونی خۆیه‌تی، من ده‌ڵێم پێشمه‌رگه‌یه، پێشمه‌رگه وشه‌یه‌كی پیرۆزه. ئه‌مانه بوون وازیان له‌ژیانی تایبه‌تی خۆیان هێنا وه‌كو هه‌ڤاڵ بابه‌كر خۆی باسی كرد، كه له‌ساڵی 1982پێشمه‌رگه بووه، من له 1977 پێشمه‌رگه بووم، چووین بۆ داكۆكی له‌مییله‌ت. ئێمه پێمان ناخۆشه بوترێت میلیشیا، له‌به‌رئه‌وه‌ی نه‌یارانی كورد، به‌تایبه‌تی یه‌كێكی وه‌ك ساڵه‌ح موتله‌گ، ئوسامه نوجێفی ئه‌و پێناسه‌یه بۆ پێشمه‌رگه ده‌كه‌ن. ئه‌مه بۆ ئێمه زۆر هه‌ستیاره كه‌وا وه‌سف بكرێت. جه‌نابی سه‌رۆكی هه‌رێم كه ئه‌و قسه‌یه‌ی كردووه شته پیرۆزییه‌كانی خۆمان بچوك نه‌كه‌ینه‌وه. له‌رووی یاسایی‌و ده‌ستورییه‌وه ئێمه ده‌ڵێن پێشمه‌رگه پێشمه‌رگه‌یه، به‌تایبه‌تی ئه‌و پیرۆزی‌و قورسییه‌ی نامێنێت.
هاوڵاتی: كۆمه‌ڵ ده‌ڵێت له هه‌ڵبژاردنه‌كانی 25/7دا ده‌نگه‌كانی یه‌كگرتوو بۆ خه‌ڵكی تر چووه، واته به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان شكستی چوارحیزبه‌كه، به‌هۆی یه‌كگرتووی ئیسلامیه‌وه بووه؟
نازم عه‌بدوڵا: ئێمه وتومانه به‌هۆی پێكهاته‌كه‌وه، كه لیستی خزمه‌تگوزاری‌و چاكسازی بووه، هه‌ندێك له‌جه‌ماوه‌ری یه‌كگرتوو له‌وانه‌یه ده‌نگیان دابێت به‌گۆڕان، هه‌ندێك خه‌ڵكی تری نزیك له‌ئێمه، له‌وانه‌یه ده‌نگی دابێت به بزوتنه‌وه.
هاوڵاتی: ده‌رباره‌ی راگه‌یاندنه‌كه‌ی مه‌كته‌بی ناوه‌ندی پارتی، قسه‌ت چیه كه‌ده‌ڵێت نه‌وشیروان مسته‌فا چی كردووه بۆ ناوچه جێناكۆكۆكان، تا بێت ره‌خنه له‌ئێمه بگرێت؟
بابه‌كر دڕه‌یی: له‌سه‌ره‌تاوه وتارێكی روونه، له‌مه‌سه‌له نه‌ته‌وه‌ییه‌كاندا پارتی‌و یه‌كێتی زیاتر خیتابێكی هاش‌و هوش‌و هه‌ڕه‌شه‌یان هه‌بووه. پارتی نه‌یان هێشت بزوتنه‌وه‌ی توركمانی بچن بۆ هه‌ولێر، ئه‌وكاته‌ی كه‌له‌ناو یه‌كێتی بووم، ده‌هاتن بۆلای ئێمه ده‌یان وت ناوێرین بچین بۆ هه‌ولێر له‌رێگا ده‌مانگرن. گله‌ییان له‌یه‌كێتیش هه‌بوو كه موڵك‌و ماڵ‌و تاپۆیان بردووه. سیاسه‌تی ئه‌و دوو حیزبه سیاسه‌تێكی خراپ بووه، پێمان وایه سیاسه‌تی ئه‌و دوو حیزبه له‌ناوچه جێناكۆكه‌كان سیاسه‌تێكی فاشل بووه. نه‌یتوانیوه ئه‌و ناوچانه بێنێته‌وه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، سه‌رژمێری‌و ریفراندۆم له‌كه‌ركوكدا بكرێت. ئه‌مانه له‌سه‌ر پشتی كیسه‌ڵ ده‌ڕوات، هه‌موو ئه‌و كێشانه‌ی كه په‌یوه‌ندی به‌حكومه‌تی هه‌رێم‌و به‌غداوه هه‌یه ناشه‌فاف‌و خاوخلیچكه. ئه‌وه‌ی كه‌كاك نه‌وشیروان چی كردووه، جاری واهه‌یه ئیشی حیزبی سیاسی ئه‌وه‌یه كه‌ئاگاهی ببه‌خشێت به‌خه‌ڵك، ئاگاهی ده‌ده‌یت به‌خه‌ڵك، ئه‌م حیزبه ئه‌م ئیشانه‌ی نه‌كردووه. ئه‌م حیزبه ده‌بوو ئه‌م ئیشانه بكات، له‌ماوه‌ی سێ ساڵدا توانیومانه 25كه‌س بنێرینه په‌رله‌مانی كوردستان، ره‌نگه ژماره‌یه‌كی كه‌متر زۆرتر بنێرینه په‌رله‌مانی عێراقی، بزوتنه‌وه‌یه‌كی گه‌وره هه‌یه، ئه‌و به‌یاننامه‌یه، بێناوه‌ڕۆكه.
هاوڵاتی: به‌ڵام ده‌وترێت ئه‌وه‌ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی گۆڕان كردیان‌و ده‌ستیان كێشا به‌مێزه‌كه‌دا، ئه‌وه موزایه‌ده‌یه‌كی سیاسییه؟
بابه‌كر دڕه‌یی: شتێك پێی ده‌وترێت موزایه‌ده، كه‌خۆت دروستی بكه‌یت. بودجه‌یه‌كه نزیكه‌ی 10ملیار دۆلاره، هی ئه‌م میلله‌ته‌یه. خودی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان له لیژنه‌كاندا راسپێردراون كه‌لێكۆڵینه‌وه‌و به‌دواداچون بكه‌ن، به‌ڵام رێگا نه‌دراوه په‌رله‌مانتاره‌كان قسه بكه‌ن له‌په‌رله‌ماندا. من وای تێگه‌شتم كه‌په‌رله‌مان ئه‌و 10ملیار دۆلاره بدات به‌وه‌زاره‌ته‌كان‌و به‌بێ ئه‌وه‌ی موناقه‌شه‌ی لیژنه‌كان بكرێت، ئیتر موزایه‌ده‌كه چییه، رێگا نادرێت ئه‌ندامانی په‌رله‌مان له‌لیستی كۆمه‌ڵ‌و گۆڕان‌و یه‌كگرتوو، كه ئۆپۆزسیۆنن ناهێڵرێت قسه بكه‌ن له‌سه‌ر راپۆرته‌كه.
هاوڵاتی: كاك بابه‌كر ده‌ڵێت خیتابی پارتی‌و یه‌كێتی ختابێكی هاش‌و هوش بووه؟
سه‌لام عه‌بدوڵڵا: ئێمه پێمانوایه ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستمان هاتبێت كردوومانه، به‌ڵام هه‌ندێك شت هه‌یه له‌توانای ئێمه‌دا نییه. مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوك مه‌سه‌له‌یه‌كه، زیاد له‌هه‌شتا ساڵه هه‌وڵی داوه به‌گۆڕینی دیمۆگرافیای كه‌ركوك بێت. ئه‌م كێشه‌یه ئاوا كه‌ڵه‌كه بووه‌و هاتووه‌ته به‌رده‌می ئێمه. ئه‌مه‌ش وا ئاسان نییه به‌دانیشتنێك هه‌مووی چاره‌سه‌ر بكه‌ین، كاری زۆری ده‌وێت. هه‌موو ئه‌و به‌ندانه‌ی كه‌له‌مادده‌ی 140هاتووه، ئه‌و میكانیزمه‌ی بۆی دانراوه ناتوانی خه‌تاكه‌ی بخه‌یته سه‌ر حیزبه كوردییه‌كان، چونكه به‌غداد كه به‌پێی ئه‌و ده‌ستوره، ئه‌وان ده‌یبه‌ن به‌ڕێوه هه‌تاكو مه‌سه‌له‌كه یه‌كلایی ده‌بێته‌وه. ئه‌وان عاملی یارمه‌تدیده‌ر نه‌بوون، بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و مه‌سه‌له‌یه.
هاوڵاتی: قسه‌تان چیه له‌سه‌ر ده‌ست پیاكێشانی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی گۆڕان، به‌مێزه‌كاندا له‌په‌رله‌ماندا؟
سه‌لام عه‌بدوڵڵا: پێمخۆشه ئۆپۆزسیۆن هه‌بێت له‌په‌رله‌ماندا، به‌ڵام نه‌گاته ئه‌و ئسلوبه‌ی كه فه‌وزایه‌ك دروست بكات. دیاره په‌رله‌مان ده‌ستور‌و په‌یڕه‌وی خۆی هه‌یه، ئه‌گه‌ر باسله ده‌قه‌كان كرابێت، كه ئه‌ندامان ئه‌وه‌نده ده‌قه قسه بكه‌ن، وا نه‌بووه، ئه‌وه مافی خۆیانه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌قه‌كه دیاری كرابێت ئه‌وه مافی سه‌رۆكی په‌رله‌مانه كه وه‌زعه‌كه رابگیرێت، خۆیان ئاماده بكه‌ن له‌و كاته‌دا كه‌بۆی ته‌رخانكراوه له‌په‌رله‌ماندا قسه‌ی خۆی بكات.
نازم عه‌بدوڵا: زۆر زۆر به‌شتێكی باشی ده‌زانم كه ئۆپۆزسیۆن ئه‌و كاره‌ی كردووه، نه شه‌ڕه تفه‌نگ بووه، نه شه‌ڕه بۆكس‌و كورسی نه‌بووه. داوای ئه‌وه‌ی كردووه كه‌گوێی لێ بگیرێت، ئه‌وه شتێكی زۆرباشه، پێویستمان به‌موماره‌سه‌ی دیموكراسی هه‌یه، چونكه بودجه شتێكی گرنگه‌و په‌یوه‌سته به‌ژیانی هاوڵاتییانی كوردستانه‌وه، بۆ شه‌فاف بوون‌و روونی بودجه‌كه ئه‌وه كراوه.
هاوڵاتی: ده‌رباره‌ی كۆنگره‌ی پارتی كه له ئه‌مساڵدا بڕیارتانداوه ئه‌نجامی بده‌ن، گۆڕانكاری له‌چیدا ده‌كه‌ن؟
سه‌لام عه‌بدوڵا: كۆنگره بۆ گۆڕانكاریه له‌په‌یڕه‌و پڕۆگرامدا، ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی‌و كۆمیته‌ی ناوه‌ندی ده‌گۆڕێن، به‌ڵام سه‌رۆك ناگۆڕێت، چونكه بڕۆ به‌ریتانیا مه‌لیك هه‌ر هه‌یه، خه‌ڵك سه‌رۆك وه‌زیران هه‌ڵده‌بژێرێت، بۆیه پێموایه كه‌س نییه مونافه‌سه‌ی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی بكات.