هه‌ر سه‌رده‌مێك پاڵه‌وانی خۆی هه‌یه، ئه‌ڵبه‌ته هه‌ر پاڵه‌وانێكیش كوڕی سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆیه‌تی.
پرسی ئه‌م وتاره پرسی قسه‌كردنه له پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌مان. به‌ڵام بۆچی پێویسته پاڵه‌وانه‌كانی خۆمان بناسین؟ له‌به‌ر یه‌ك هۆی سانا، تا به سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆمان باشتر ئاشنا بین.
كورده‌واری، ئه‌مڕۆشی له‌سه‌ر بێت، یه‌ك جۆر پاڵه‌وانی ناسیوه، ئه‌ویش پاڵه‌وانی شۆڕشگێڕه، یان ئه‌وه‌ی زۆر جاران به جه‌نگاوه‌ر ناوده‌برێت. له‌پێش هه‌مووشیانه‌وه، پاڵه‌وانه شه‌هیده‌كان. ره‌نگه ئارام (شاسوار جه‌لال) له یاده‌وه‌ری هه‌ر هیچ نه‌بێت ئه‌م نه‌وه‌یه‌ماندا، یه‌كێك له دیارترینیان بێت.
ئه‌ركی ئه‌م وتاره قسه‌كردن نییه له ژیان‌و كارنامه‌ی ئارام، هێنده‌ی ته‌وزیفكردنی یادی شه‌هیدبوونێتی (31/1/1978) به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردنێكی سه‌ره‌تایی سه‌باره‌ت به چه‌مكی پاڵه‌وان‌و ئه‌گه‌ره‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی پاڵه‌وانی نوێ له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا. دیاره ئه‌مه‌وا ناكات ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی راگوزه‌ریش بێت، دوور له ته‌وزیفكردنی حیزبییانه، له‌سه‌ر هه‌ندێك جومگه‌ی گرنگی ئه‌و تێكۆشه‌ره ده‌گمه‌نه هه‌ڵوه‌سته نه‌كه‌ین.
ئارام پاڵه‌وانی سه‌رده‌مێكه، كه شۆڕش سیما‌و ناسنامه‌یه‌تی، سه‌رده‌مێك كه چینه ره‌شوڕووته‌كان‌و گه‌لانی كۆڵۆنییه‌كان، تێكڕا له میانه‌ی كولتورێكی شۆڕشگێڕانه‌ی قوتابخانه‌ی ماركسیزمه‌وه، له رابووندا بوون. پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه ئایدۆلۆژیستی سه‌رسه‌ختن. چیرۆكی نه‌به‌ردییه‌كانیان ماكی چه‌ندین كاری ئه‌ده‌بی‌و هونه‌ری ناوازه‌ی سه‌رتاسه‌ری جیهان بوون. راستییه‌كه‌ی پێداچوونه‌وه به مێژووی تێكۆشانی ئه‌م سه‌رده‌مه، ئاشنابوونه به پۆلێك پاڵه‌وانی شۆڕشگێڕ كه له زۆر رووه‌وه به یه‌كدی ده‌چن، چێ گیڤارا سیمبوڵی پاڵه‌وانه شۆڕشگێڕه‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌یه.
ئارام له زۆر رووه‌وه له گیڤارا ده‌چێت، به‌هه‌مان شێوه‌ی گیڤارا ئارامیش باوه‌ڕی به خه‌باتی چه‌كدارانه‌و جه‌نگی پارتیزانی‌و دروستكردنی كوانووی شۆڕشگێڕانه له گونده‌كاندا هه‌بوو. ئارام وه‌كو گیڤارا، شۆڕشگێڕێكی تاكو ته‌نها بوو، هه‌موو ئه‌و هاتوهوریای خۆبه‌خاوه‌ن زانین‌و دروستكردنی گروپ‌و ده‌سته‌یه به‌ناوی ئه‌و و پاش مه‌رگی ئه‌و، جگه له درۆیه‌كی گه‌وره چی دی نه‌بوو. كاركردنی ئه‌م دوو پیاوه شۆڕشگێڕه، زیاتر له كاركردنی پێغه‌مبه‌ران ده‌چێت، هه‌ردووكیان هه‌ڵگری په‌یام، ته‌نها‌و جه‌ربه‌زه. له خۆڕا نییه، تا ئێستا وێنه‌كانی گیڤارا له‌پاڵ وێنه‌كانی عیسای مه‌سیحدا له ماڵه هه‌ژاره‌كانی ئه‌مه‌ریكای لاتیندا هه‌ڵده‌واسرێن.
ئه‌گه‌رچی كاریزما، چه‌مكێكی سۆسیۆلۆژی سه‌ر به مۆدێرنه‌یه، به‌ڵام گه‌وره كۆمه‌ڵناسی ئه‌ڵمانی ماكس ڤێبه‌ر، نموونه‌ی دیاری كاریزما له كه‌سایه‌تی پێغه‌مبه‌ران، پاڵه‌وانه جه‌نگاوه‌ره‌كان‌و گه‌وره دیماگۆگه‌كاندا ده‌بینێته‌وه. ئه‌وه راسته ئارام وه‌كو گیڤارا كاراكته‌رێكی كاریزمایی نه‌بوو، چونكه نه ته‌مه‌ن‌و نه سه‌رده‌مه‌كه‌ش، بواریان نه‌دا ئه‌و ببێته كاریزما، به‌ڵام ئارام به‌تایبه‌تیش پاش مه‌رگی، بووه سه‌رمه‌شق (ئه‌وه‌ی له زمانی ئه‌ڵمانیدا به فۆربیلد ناوده‌برێت).
به‌پێچه‌وانه‌ی سه‌ركرده درۆزنه‌كانه‌وه، ئارامیش وه‌كو گیڤارا ئاماده‌بوو له پێناوی په‌یامه‌كه‌یدا‌و پێش ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی بكاته قوربانی، خۆی قوربانی بێت. قوربانیدان ئه‌و پنته‌یه كه ئیتر لێیه‌وه پاڵه‌وان به شێوازێكی تر لامان ئاماده ده‌بێت، ئاماده‌بوونێك كه لێوان لێوه له ژیان. له راستیدا ئه‌وه گیڤارا نه‌بوو كه مرد، به‌ڵكو كاسترۆی هاوڕێی بوو، ئه‌وه‌ی مردووه ئارام نییه، به‌ڵكو ئه‌و لاشانه‌ن كه رۆژانه به ته‌نیشتمانه‌وه تێپه‌ڕ ده‌بن، به‌ڵام بۆگه‌نیان وڵاتێكی هه‌راسان كردووه.
* * *
پرسیاری هه‌نوكه‌یی ئه‌وه‌یه، ئاخۆ ساته‌وه‌ختی ئێستامان بوار بۆ دووباره‌بوونه‌وه‌ی دروستكردنی مانا بۆ مه‌رگی كه‌سه‌كان ده‌دات؟ به واتایه‌كی دی: ئاخۆ چی تر قوربانیدان بوارێكی پاڵه‌وانسازه؟
كه باس له دروستكردنی مانا بۆ مه‌رگ ده‌كه‌ین، ده‌بێت ئه‌وه‌مان له‌بیر بێت كه مه‌رگ‌و قوربانیدانی كه‌سه‌كان ته‌نها له‌لایه‌ن حیزب‌و گروپی سیاسییه‌وه مانای له یاده‌وه‌ری ئێمه‌دا بۆ دروست كراوه، حیزبیش وه‌كو ده‌زگایه‌كی ئایدۆلۆژی مانای جیا جیا به‌مه‌به‌ستی جیا جیا ده‌به‌خشێته پاڵه‌وانه‌كانی. راستییه‌كه‌ی (شه‌هید) كه لای حیزب ئاماژه‌یه بۆ پاڵه‌وان، چه‌مكێكی یه‌كجار سته‌ملێكراوه. حیزب هه‌ر به‌وه‌وه ناوه‌ستێت، كه جیاوازی له نێوان شه‌هیده پاڵه‌وانه‌كانیدا دروست بكات، به‌ڵكو هه‌ر كاتێك بیه‌وێت خۆی ده‌كاته‌وه به سێبه‌ری وان، به مانایه‌كی دی، ئه‌وه ئه‌ندام‌و سه‌ركرده زیندووه‌كانی حیزبن ده‌بنه‌وه شه‌ریكه‌به‌ش له سه‌رمایه مه‌عنه‌وییه‌كه‌ی ئه‌واندا نه‌ك به‌پێچه‌وانه‌وه.
له سه‌رده‌می شۆڕش‌و به‌رخۆداندا، حیزب هه‌میشه پێویستی به پاڵه‌وانی نوێ هه‌یه، بۆیه له‌م بواره‌دا حیزبی كوردی وه‌كو بوونه‌وه‌رێكی نه‌رجسی له پێناوی درێژه‌دان به ته‌مه‌ن‌و گه‌وره‌بوونی خۆیدا، ماكینه‌یه‌كی گه‌وره‌ی به‌قوربانیكردنی كۆمه‌ڵگه بووه، له خۆڕا نییه حیزبه گه‌وره‌كان ئه‌و حیزبانه‌ن كه «روبار»ێك خوێنیان داوه. به‌ڵام حیزب كه چی دی پێی ناكرێت له‌ڕێی قوربانیدانی ئه‌ندام‌و سه‌ركرده‌كانییه‌وه، پاڵه‌وان چێ بكات، ناچاره دووباره‌و ناوبه‌ناو پاڵه‌وانه شۆڕشگێڕه‌كانی زیندوو بكاته‌وه، زیندووكردنه‌وه‌یه‌ك ته‌نها له‌ڕێی یادكردنه‌وه‌ی ئینشائی‌و كڵێشه‌داڕێژراوه‌وه. پرسه‌و یادكردنه‌وه بێ شوماره‌كانی ساڵانێكی دوورودرێژی پاش راپه‌ڕین‌و ته‌رخانكردنی كایه‌یه‌كی فراوانی ژیانی كۆمه‌ڵگه، له‌و پێناوه‌دا‌و سه‌رهه‌ڵدانی بوارێكی تایبه‌تی راگه‌یاندن به بۆنه پرسه ئامێزه‌كان‌و په‌یدابوونی شاعیر‌و هۆزانڤانی پرسه‌گێڕ، گه‌واهی ئه‌و راستییه‌ن.
له سه‌رێكی تریشه‌وه‌و هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ ده‌ستگرتن به پاڵه‌وانی شۆڕشگێڕه‌وه‌و به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه ئیتر زه‌مه‌نی شه‌ڕه گه‌وره‌كان كۆتاییان هات، حیزب ناچاره بیر له دروستكردنی پاڵه‌وانی نوێ بكاته‌وه، بۆیه هه‌ر له دوای راپه‌ڕینه‌وه كوڕانی سه‌ركرده، سیاسه‌توانه ره‌وانبێژه‌كان، ملیۆنێر‌و ملیاردێره‌كان،....وه‌كو نموونه‌یه‌كی نوێی پاڵه‌وان‌و له سه‌روو هه‌مووشیانه‌وه‌و له دیارده‌یه‌كی سیاسی سه‌رنجڕاكێشدا پارله‌مانتاره نوێیه‌كان‌وه‌كو مۆدێلێكی نوێی پاڵه‌وان خه‌ریكه جێ به هه‌موو پاڵه‌وانه‌كانی تر لێژ ده‌كات. ئێستا ئیتر سه‌رده‌می زێڕینی ئه‌م مۆدێله نوێیه‌ی پاڵه‌وانی كوردییه.
* * *
ئێمه ئێستا شاهیدی كۆتاییه‌كانی سه‌رده‌مێكین، كه سه‌رده‌می كۆتایی پاڵه‌وانه شۆڕشگێڕه‌كان‌و سه‌رهه‌ڵدانی مۆدێلێكی نوێی پاڵه‌وانین، مۆدێلی: پاڵه‌وان/پارله‌مانتار.
پاڵه‌وانی شۆڕشگێڕ پاڵه‌وانێكی نه‌ته‌وه‌ییه، بۆیه هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ك شك نابه‌ین پاڵه‌وانێك، یان چه‌ند پاڵه‌وانێكی نه‌كردبێته سیمبوڵ. ئه‌گه‌ر رزگاری نیشتمان، له میانه‌ی شۆڕشه‌وه خولیای پاڵه‌وانی شۆڕشگێڕ بووبێت، ئه‌وا دابینكردنی خزمه‌تگوزاری له میانه‌ی كاری پارله‌مانییه‌وه خولیای ئه‌م مۆدێله نوێیه‌ی پاڵه‌وانه. به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێمه له وڵاتێكدا ده‌ژین، هێشتا دوژمنان بۆنمان پێوه‌ده‌كه‌ن، خه‌ون‌و خولیای ئه‌م مۆدێله نوێیه‌ی پاڵه‌وانی كوردی خه‌ون‌و خولیایه‌كی نیوه‌ناچڵ‌و هه‌ندێكجار فریوده‌رانه‌شه.
خه‌ونی بوون به كاریزما خه‌ونێكی زیندووی هه‌ر پاڵه‌وانێكه، له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆربه‌ی جار، به‌رگێكی ئه‌فسانه‌یی به به‌ری پاڵه‌وانی شۆڕشگێڕ‌دا كراوه، بۆیه به‌شێكی گه‌وره‌ی كاراكته‌ره كاریزماییه‌كانی سه‌ده‌ی پێشوو، پاڵه‌وانه شۆڕشگێڕه‌كانن. راستییه‌كه‌ی تا كۆمه‌ڵگه زۆرتر به‌ره‌و دامه‌زراوه‌یی بوون هه‌نگاو بنێت، بواری هه‌ڵكه‌وتن‌و ده‌ركه‌وتنی كاریزما به چه‌مكه ڤێبه‌رییه‌كه‌ی كه‌متر ده‌بێته‌وه. ره‌نگه یه‌كێك له به‌دبه‌ختییه‌كانی مۆدێله نوێیه‌كه‌ی پاڵه‌وانی كوردی، له‌وه‌دا بێت هه‌رچی ده‌كۆشێت دواجار نابێته كاریزما، كۆمه‌ڵگه‌ی مۆدێرن زیاتر كۆمه‌ڵگه‌ی ده‌ركه‌وتنی ئه‌ستێره‌یه (ئه‌وه‌ی به ئینگلیزی پێی ده‌وترێت ستار). ره‌نگه باشترین نموونه له‌و رووه‌وه، گرتنه‌ده‌ستی پۆستی حاكمی كالیفۆرنیا بێت، له‌لایه‌ن ئه‌ستێره‌ی پێشوی هۆلیوده‌وه ئارنۆڵد شڤارتسه‌نێگه. خۆ هانابردنی سه‌رۆكی ئه‌رژه‌نتین له سه‌رده‌می قه‌یرانه داراییه‌كه‌ی وڵاته‌كه‌یدا، بۆ ئه‌ستێره‌ی تۆپی پێی ئه‌رژه‌نتینی مارادۆنا، نموونه‌یه‌كی تری دیاری كاریگه‌ری كاراكته‌ره ئه‌ستێره‌كانه، له‌سه‌ر ژیانی كۆمه‌ڵگه مۆدێرنه‌كان.
به‌شێكی زۆری مۆدێلی نوێی پاڵه‌وانی كوردی، كه خۆی له نه‌وه‌ی پارله‌مانتاره نوێیه‌كاندا ده‌بینێته‌وه، مۆدێلێكی گومڕا، بێ سه‌واد، بێ ئه‌زمون‌و تا راده‌یه‌كی زۆر بێ ئینتیمان.
گه‌ر غروری پاڵه‌وانی شۆڕشگێڕی كوردی، سه‌رچاوه‌كه‌ی ته‌حه‌داكردن‌و هه‌وڵی ژێره‌و ژووركردنی سیستمێكی تۆتالیتاری وه‌كو فاشیزمی به‌عسی بووبێت، ئه‌وا پاڵه‌وانه نوێیه‌كه‌ی كورده‌واری پاڵه‌وانێكی بێ غرور، یان خاوه‌ن غرورێكی ساخته‌یه، چونكه گوتاری ئه‌م زیاتر گوتارێكی رۆژنامه‌وانی سنورداره‌و كاركردنی ئه‌م كاركردنه له‌ناو خودی هه‌مان ئه‌و سیستمه‌ی كه ئه‌م له سایه‌یدا بووه‌ته پاڵه‌وان. له خۆڕا نییه به‌شێكی زۆری مۆدێله نوێیه‌كه‌ی پاڵه‌وان، مامۆستا بێلایه‌نه‌كانی زانكۆ و رۆژنامه‌نووسی ده‌مهه‌ڵه‌ن. ئه‌وانه‌ی له‌ڕێی شاشه‌كانی تیڤی‌و روو په‌لی هه‌ندێك رۆژنامه‌وه هاتنه ناومان.
له راستیدا كولتوری په‌نابردن بۆ كه‌سی بێلایه‌ن‌و خاڵیكردنه‌وه‌ی زانكۆكان له مامۆستا‌و په‌نابردنه به‌ر رۆژنامه‌نووس، بۆ كاری پارله‌مانتاری، به‌داخه‌وه داهێنانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان‌و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بوو. با له‌وه گه‌ڕێین كه چۆن چۆنی لای به‌شێك له پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌مڕۆی كورده‌واری پارله‌مانتاری بووه‌ته بزنسێكی به‌بڕشت، به‌ڵام بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان كه له‌سه‌ر داروپه‌ردووی فراكسیۆنێكی رانه‌گه‌یه‌ندراوی حیزبی (ریفۆرم)ه‌وه سه‌ریهه‌ڵدا، به‌مه‌به‌ستی درووستكردنی جیاوازی له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دی، پشتی كرده كادر‌و سه‌ركرده حیزبییه‌كانی جارانی‌و كه‌وته هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی مۆدێله نوێیه‌كه‌ی پاڵه‌وان؛ پاڵه‌وانی پارله‌مانتار. یه‌كێتیش به‌مه‌به‌ستی ئاشتكردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ره تۆراوه‌كه‌ی، له سه‌رێكه‌وه كه‌وته سزادانی كادره‌كانی خۆی‌و بێبه‌ریكردنیان له به‌هره‌مه‌ندبوون به پۆستی پاڵه‌وانه نوێیه‌كه، له سه‌رێكی دیشه‌وه كه‌وته كێبڕكێ بۆ چنینه‌وه‌ی كه‌سه بێوه‌یه‌كان.
پێده‌چێت پارله‌مانتاری بێ ئینتیما، داهێنانێكی كوردی بێت، ئه‌گینا ته‌نانه‌ت له دیموكراسییه خۆرئاواییه‌كانیشدا، پارله‌مانتار ئه‌ندامی حیزبه سیاسییه‌كانن. چما ئه‌ركی پارله‌مانتار كاركردن نییه بۆ به‌جێگه‌یاندنی كۆنسێپتێكی حیزبی؟
* * *
ماوه‌ته‌وه بڵێین ئێمه ئێستا شاهیدی مه‌رگی دووه‌مجاری پاڵه‌وانی شۆڕشگێڕین. كۆتاییه‌كانی سه‌رده‌می پاڵه‌وانی شۆڕشگێڕ كۆتاییه‌كی یه‌كجار خه‌مناكه، بۆ ئه‌وه نا تا ده‌ست به رابردووه‌وه بگرین، ئاخر ئه‌مه كۆتایی سه‌رده‌مێكی رۆمانسییانه‌ی شۆڕشی نه‌وه‌یه‌كیشه، كه به‌داخه‌وه پێش دوژمن، سه‌ركرده به‌ڕێزه‌كان خۆیان، ئه‌وانه‌ی سه‌ركردایه‌تی ئه‌م نه‌وه زیندووه‌ی ئێمه‌شیان كرد، ته‌واو قێزه‌ون‌و ناشرینیان كرد، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه، ئه‌وان له هێنانه سه‌رخوانی رابردوو، سه‌رمایه‌ی مه‌عنه‌وی نه‌وه‌یه‌ك‌و پاڵه‌وانه شۆڕشگێڕه‌كانی ئێمه‌یان ئه‌تك كرد.