ئازاد چالاك ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق
سازدانی: هاوڕێ كه‌ریمی
ئازاد چالاك ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق، پێیوایه لیستی هاوپه‌یمانی كوردستان له‌چوار ساڵی رابردوودا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون، له كاره‌كانیانداو هۆكاره‌كه‌شی ده‌گێرێته‌وه بۆ یه‌كده‌نگ بوونی، لایه‌نه سیاسییه‌كانی ناو په‌رله‌مان دژی كورد‌و ئه‌دای خراپی لیستی هاوپه‌یمانی.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی لیژنه‌ی نه‌زاهه له چاوپێكه‌وتنیدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتی تیشك ده‌خاته سه‌ر كه‌مته‌رخه‌می سه‌رۆك كۆمار‌و سه‌رۆكی هه‌رێم به نیسبه‌ت لیستی هاوپه‌یمانیه‌وه‌و نه‌بوونی هیچ په‌یوه‌ندی‌و رێنماییه‌ك له نێوانیاندا، باس له‌وه شده‌كات بۆ ده‌نگدان زۆرێك له ئه‌ندامان سه‌یری ریزی پێشه‌وه‌یان ده‌كرد بزانن رای سه‌رۆكی فراكسیۆن چییه.
هاوڵاتی: چوارساڵی رابردووی كاره‌كانتان له په‌رله‌مان چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟
ئازاد چالاك: زۆربه‌ی ئه‌ندامه‌كان یه‌كه‌مجارمان بوو كه بچینه په‌رله‌مان، ئه‌زمونێكی نوێ بوو جگه له‌چه‌ند كه‌سێك، كه له‌ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی به‌شدار بوون. له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربوونمان له به‌غدا، ئێمه هیچ رێنمایی‌و ده‌وره، یا خولێكمان پێنه‌وترایه‌وه، چ وه‌ك حیزبه‌كان و چ وه‌ك رێكخراوه نێوه‌ده‌وڵه‌تییه‌كان كه كاریان ئه‌وه‌یه، ئه‌ندامانی په‌رله‌مان رابێنن، پێویست بوو په‌رله‌مانتاران بزانن په‌رله‌مان چۆنه، جگه له‌وه له‌ناو لیستی هاوپه‌یمانی وه‌ك لیستێكی كوردی ئامانجه‌كانمان دیار‌و روون‌و كۆمه‌ڵێك ئامانجی نه‌ته‌وایه‌تیمان هه‌یه، كۆمه‌ڵێكیان له ده‌ستووردا چه‌سپاووه‌و ئه‌ركی ئێمه ئه‌وه‌بوو ئه‌و ده‌سكه‌وتانه بپارێزین، هه‌وڵبدین ئه‌وه‌نده‌ی بۆمان ده‌كرێت، ئه‌و خاڵانه‌ی له ناو ده‌ستوردایه بیخه‌ینه بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بووین.
هاوڵاتی: هۆكاری سه‌ر نه‌كه‌وتنه‌كان بۆچی ده‌گێڕنه‌وه؟
ئازاد چالاك: لایه‌نه سیاسییه‌كانی دیكه‌ی ناو په‌رله‌مان، زۆربه‌ی كات له‌دژی كورد یه‌كیان ده‌گرت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هاوپه‌یمانییه‌تییان له‌گه‌ڵ كورددا هه‌بوو، به‌ڵام مه‌سه‌له نه‌ته‌وایه‌تییه‌كان له شه‌قامی عه‌ره‌بیدا، رۆڵیان هه‌بوو كه هه‌ڵوێسیان وابێت‌و له مه‌سه‌له هه‌ستیاره‌كاندا، له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو ناكۆكییه‌ی له نێوان شیعه‌و سوننه دا هه‌یه به‌ڵام یه‌كیان ده‌گرت، بۆیه ته‌نانه‌ت مه‌سه‌له ئه‌ساسییه‌كان‌و كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم چاره‌سه‌ر نه‌كراون، ئه‌و زه‌مینه‌یه خۆش نه‌بوو، كه دان بنێن به‌و مه‌سه‌لانه‌ی له ده‌ستوردا هه‌یه‌و خۆیان سوێندیان بۆ خواردووه. له‌لایه‌كیتره‌وه، وه‌ك ئه‌دای لیست، خه‌تای لیسته‌كه‌ی خۆمان بووه. سه‌رۆكایه‌تی لیستی هاوپه‌یمانی، نه‌یتوانی كه‌شێكی وا بخوڵقێنێت به شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه ئه‌ندامه‌كانی خۆی دابه‌شكات، به‌سه‌ر لیژنه‌كاندا‌و له‌وێ دیسان مه‌سه‌له‌ی پشكی پارتی و یه‌كێتی ده‌ستی پێكرده‌وه‌و سه‌رۆك لیژنه‌یه‌ك، بۆ ئه‌و و جێگری یه‌كێكیتر بۆ ئه‌و، ئه‌وه هه‌موو ده‌وری بینی له‌رۆڵی ئه‌ندامه‌كاندا، ئه‌ندامه‌كانی لیستی هاوپه‌یمانی زۆر بێ‌ئاگا بوو له هه‌واڵه‌كانی هه‌رێم‌و په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم و به‌غدا.
هاوڵاتی: ئێوه خاوه‌ن ماڵ بوون یا میوان؟
ئازاد چالاك: كورد به پێی قه‌باره‌ی خۆی توانیویه‌تی پارێزگاری بكات‌و توانیویه‌تی روڵ ببینێت. زیاتر پاراستن بوو تا به ده‌ست هێنان. ئێمه هاوپه‌یمانیه‌تییه‌كانمان هه‌ڵه بوون‌و له‌سه‌ر ئه‌ساسێكی پته‌و دانه‌نرابوون. زیاتر هاوپه‌یمانییه‌تی عه‌ناوین بوون، كاتێك هاوپه‌یمانییه‌تی ده‌به‌ستیت، ده‌بێت هه‌موو ئه‌و مه‌سه‌له گرنگ‌و چاره‌نوسسازانه بخه‌یته كارنامه‌ی خۆته‌وه. له‌سه‌ر خاڵه هاوبه‌شه‌كان رێك بكه‌ون‌و هه‌ردوولا پابه‌ند بن به‌رێكه‌وتنه‌كه‌یانه‌وه، نه‌ك سه‌رۆكی لیسته‌كه، ده‌ست هه‌ڵبڕێت‌و هه‌موو ئه‌ندامه‌كانی له دژی تۆ بن، هه‌ندێك له كوتله‌كان وایان ده‌كرد، كه جۆرێك له فێڵ كردن بوو.
هاوڵاتی: هاوپه‌یمانییه‌تییه‌كانی كورد له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی دیكه چ ده‌ستكه‌وتێكی هه‌بووه؟
ئازاد چالاك: به‌بڕوای من هاوپه‌یمانییه‌تییه‌كان هیچیان به‌كورد نه‌به‌خشیووه، ته‌نها ئه‌وه نه‌بێت له‌هه‌ندێك هه‌ڵوێستدا ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وان بووین ئه‌وانیش له هه‌ڵوێستێكیتردا، له‌گه‌ڵ ئێمه بوون. ئه‌وان له ترسی سوننه‌و ئێمه‌ش له‌ترسی ئه‌وه‌ی شته‌كانی خۆمان له‌كیس نه‌چێت، پێشتر رێكه‌وتنمان كردووه‌و په‌یوه‌ندی به رێكه‌وتنه‌كانی ئێره‌وه نه‌بوو، هه‌وڵدراوه كه هاوسه‌نگییه‌كه رابگیرێت بۆ ئه‌وه‌ی نه‌دۆڕێین، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر بوویته كه‌مینه ئه‌وا هیچت بۆ ناكرێت، ئه‌ساسی ته‌وافق هه‌بوو و ڤیتۆش هه‌بوو، كه له ده‌وری داهاتودا ته‌وافق لاواز ده‌بێت‌و ڤیتۆش نامێنێت.
هاوڵاتی: په‌یوه‌ندی ئه‌ندامانی لیستی هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی فراكسیۆن چۆن بوو؟
ئازاد چالاك: كوبونه‌وه‌كانمان به پێی گرنگی بارودۆخه‌كه بووه‌و من بیرم نایات كه رۆژێك كۆبووبینه‌ته‌وه له‌سه‌ر بارودۆخی به‌غدا، یان هاوپه‌یمانه‌كانمان هه‌ڵسه‌نگێنین، جگه‌له‌وه‌ی بۆ یاسایه‌ك كه په‌یوه‌ندی به كورده‌وه هه‌بووه‌و یابودجه یا مه‌سه‌له‌ی پێشمه‌رگه بوو.
هاوڵاتی: واتا ئێوه كۆبونه‌وه‌ی به‌رده‌وامتان نه‌بووه‌و سه‌رۆكی فراكسیۆن هیچ رێنماییه‌كی به ئێوه نه‌داوه؟
ئازاد چالاك: ته‌وجیهات نه‌بووه، بۆ ده‌نگدان زۆرێك له ئه‌ندامان سه‌یری ریزی پێشه‌وه‌یان ده‌كرد، بزانن رای سه‌رۆكی فراكسیۆن چۆنه‌و ئه‌وانیش له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچونه‌دا بوون. هه‌ندێك مه‌سه‌له نه‌بێت كه بۆچوونی جیاواز هه‌بوو، به‌ڵام وه‌ك ئه‌وه‌ی بڵێن پێش كۆبونه‌وه‌كان دانیشتبین‌و كارنامه‌مان له به‌رده‌ستدا بێت، ئه‌وه نه‌كراوه، جگه له‌وه‌ش له‌ناو فراكسیۆن هه‌ڵسه‌نگاندن نه‌بوو بۆ ئه‌ندامه‌كان، فراكسیۆن پێویست بوو له‌یه‌كه‌م ساڵه‌وه هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌ندامه‌كانی بكردایه، یان رێنمایی بكردنایه، كێ سسته یا هۆكار چییه؟ پێیان بڵێن، كه چۆن كار بكه‌ن. ئه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنه زۆر پێویست بوو بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ندامه‌كان، بزانن لایه‌نێك هه‌یه چاودێرییان ده‌كات. ئه‌وكاته حیزب و فراكسیۆن ده‌یتوانی له ئه‌ندامه‌كان بپرسێته‌وه.
هاوڵاتی: تائێستا په‌رله‌مانتارێك لێپرسینه‌وه‌ی لێكراوه له‌لایه‌ن سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌وه؟
ئازاد چالاك: نه‌خیر به‌هیچ په‌رله‌مانتارێكیان نه‌وتووه چی كردووه یا چی ده‌كات، یه‌كجار نه‌بێت هه‌ندێك له‌ئه‌ندامان له‌كه‌ناڵه عه‌ره‌بیه‌كانه‌وه قسه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كردن، كه عه‌ره‌بییه‌كه‌یان باش نه‌بوو، یان نه‌یانده‌زانی جواب بده‌نه‌وه، پێیان وتن كه هه‌وڵبده‌ن قسه مه‌كه‌ن.
هاوڵاتی: به‌شێك له‌په‌رله‌مانتاره‌كان له په‌رله‌مان ئاماده نه‌ده‌بوون و ئیجازه‌كان زۆر بوو ئه‌و حاڵه‌ته له لیستی هاوپه‌یمانیدا چۆن بوو؟
ئازاد چالاك: زۆرترین رێژه‌ی به‌شدار بوون له په‌رله‌مان، هی لیستی هاوپه‌یمانییه له چاو فراكسیۆنه‌كانیتر، كه‌مترین غیابی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌و رێژه‌یه كه ئه‌گه‌ر ئیجازه بێت، یان ئیجازه‌ی نه‌خۆشی بێت هێشتا زۆره. ئیجازه‌ی نه‌خۆشی ئاماره‌كه‌ی تێكداوه، ئه‌ندام پارله‌مانمان هه‌یه، یه‌ك له‌سه‌ر سێی كۆبونه‌وه‌كان ئاماده نه‌بووه‌و هیچ غیابیشی نییه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئیجازه‌ی نه‌خۆشی هێناوه، له‌گه‌ڵ هیچ كه‌س لێپرسینه‌وه نه‌كراوه.هه‌ندێك له‌ئیجازه‌كان راست نه‌بوون‌و هه‌ندێك له‌ئه‌ندامه‌كان به‌هۆی په‌یوه‌ندی خۆیانه‌وه چاوپۆشی‌یان لێكراوه، به‌تایبه‌تی له‌مه‌سه‌له‌ی ئیفادات‌و چونه‌ده‌ره‌وه‌دا ناعه‌داله‌تییه‌كی زۆر كراوه، به‌مه‌زاجی چه‌ند كه‌سێكی زۆر كه‌م، مه‌سه‌له‌ی ئیفادات ئه‌نجامداراوه‌و بووه هۆی ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی هه‌ره زۆری په‌رله‌مانتاره‌كان ناڕازی بن. ده‌توانم بڵێم 90% ئه‌ندامانی هاوپه‌یمانی له دژی چونه‌ده‌ره‌وه‌و ئیفادات بوون به‌و شێوه‌یه‌و ئه‌وه‌ش كاری كردبووه سه‌ر هه‌ڵوێستیان، بۆیه لیستی هاوپه‌یمانی له‌و مه‌سه‌له‌یه‌شدا كه‌مته‌رخه‌م بوو، ئه‌و كه‌مته‌رخه‌مییه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رۆكی فراكسیۆن‌و زۆرجار پرسیارمان له وته‌بێژ و سه‌رۆكی فراكسیۆن‌و جێگره‌كه‌ی ده‌یانوت ئاگادار نین.
هاوڵاتی: په‌یوه‌ندی‌و هه‌ماهه‌نگیتان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم‌و به‌رپرسان به چ شێوه‌یه‌ك بوو؟
ئازاد چالاك: له‌هه‌موو ئه‌و كۆبونه‌وانه‌ی كه له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، یان سه‌رۆك كۆمار كردبێتمان، له هه‌مویاندا ستایشی رۆڵی فراكسیۆنی هاوپه‌یمانی كراوه، به‌ڵام من پێموایه كه حیزب ئه‌و كه‌سانه‌ی كاندید كردبوو، ده‌بوو لێی بپرسینایه‌ته‌وه، ئه‌وانیش نه‌هاتن دوای هه‌ڵسه‌نگاندن له‌فراكسیۆنه‌كه بكه‌ن‌و هۆكاری ئه‌كتیڤ نه‌بوون بزانن، یان هۆكاری ئیجازه‌و ئاماده نه‌بوونه‌وه‌كان بكه‌ن‌و ده‌بوو هه‌ر شه‌ش مانگ جارێك هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌ندامه‌كان بكه‌ن. من پێموایه حیزبه‌كان تا ئێستاش هه‌ر به شێوه‌ی شاخ كار ده‌كه‌ن‌و به‌و سیسته‌مه كار ناكه‌ن كه تۆ مافت هه‌یه‌و واجباتیشت هه‌یه، لێپرسینه‌وه له وه‌زیر و مودیره‌كانیش له به‌غدا نییه.
هاوڵاتی: له ماوه‌ی چوارساڵی رابردوودا، چه‌ند دانیشتنتان، له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆك كۆمار هه‌بووه؟
ئازاد چالاك: من پێموایه كۆبونه‌وه‌كانمان له‌گه‌ڵ هه‌ردوولا نه‌گه‌یشتووه‌ته پێنج كۆبونه‌وه، ئێمه به‌رده‌وام پێویستمان به رێنمایی‌و گرنگیدانی ئه‌وان هه‌بوو، زۆرترین كۆبونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێم 3 جار بووه‌و جارێكیش له‌گه‌ڵ مام جه‌لال. به دڵنیاییه‌وه كه‌مته‌رخه‌مبوون له گرنگیدان به ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كان و كۆی مه‌سه‌له‌كه. تا سێ ساڵیش تێپه‌ڕی، كۆبونه‌وه‌یه‌كیان نه‌كرد له‌گه‌ڵ لیستی هاوپه‌یمانی، یان راوێژێك. هیچ هه‌ماهه‌نگییه‌ك نه‌بوو له به‌ینی ئێمه‌و وه‌زیره‌كان‌و براده‌رانی خۆمان‌و ئه‌ڵقه‌یه‌كی په‌یوه‌ندی له‌و نێوانه‌دا وون بوو. ته‌نها یه‌ك دوو كه‌س له هاوپه‌یمانییه‌تی ده‌چوونه لای مام جه‌لال‌و به‌رپرسان‌و زۆر جار ئێمه روداو و گۆڕانكارییه‌كانمان له راگه‌یاندنه‌كانه‌وه ده‌بیست.
هاوڵاتی: پێتوانییه پێویسته ناوه‌ندێك بۆ هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری په‌رله‌مانتاران له خولی داهاتوودا، له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه دابمه‌زرێندرێت؟
ئازادچالاك: به‌داخه‌وه ئه‌م چوارساڵه‌مان له‌ده‌ست چوو و نه‌توانرا مكانیزیمێك بدۆزرێته‌وه بۆچۆنییه‌تی هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ یه‌كتر، له‌نێوان په‌رله‌مانتاران‌و وه‌زیره‌كان‌و وه‌كیل وه‌زیرو به‌رێوه‌به‌ره گشتییه‌كان له به‌غدا. ئێمه كه‌سمان زۆره له ناو حكومه‌تی به‌غدا، به‌ڵام په‌یوه‌ندی سیستماتیك به‌شێوه‌یه‌ك كه‌كۆبونه‌وه هه‌بێت‌و زانیارییه‌كان ئاڵوگۆڕ بكه‌ین، هیوادارم كه ئه‌مجاره لایه‌نێك هه‌بێت، نه‌ك وه‌ك ناو و لایه‌نێكی كارتۆنی‌و لایه‌نه به‌رپرسه‌كان ده‌بێت ئه‌و راپۆرت‌و زانیارییانه بگه‌یه‌نێته ده‌ستی یه‌كتر. ته‌نانه‌ت له‌نێوان ئێمه‌و په‌رله‌مانی كوردستان هیچ په‌یوه‌ندییه‌ك نه‌بووه. كارێكیتر كه پێویسته بۆ په‌رله‌مانی داهاتوو بكرێت ئه‌وه‌یه، په‌رله‌مانتاره‌كان راوێژكار بۆخۆیان دانێن، چونكه شاره‌زای هه‌موو شته‌كان نییه‌و له‌و لیژنانه‌ی كه كار ده‌كه‌ن، راوێژكاریان هه‌بێت، كه راپۆرت و زانیاری بدات به په‌رله‌مانتار.
هاوڵاتی: كاره‌كانی خۆت وه‌ك ئه‌ندامێكی لیستی هاوپه‌یمانی كوردستان، چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنیت؟
ئازاد چالاك: من به‌شبه‌حاڵی خۆم له ئه‌دای خۆم له ناو په‌رله‌مان رازی نیم، به‌ڵام له‌لیژنه‌ی نه‌زاهه له كاره‌كانم رازیم، من له یه‌كم رۆژی كاره‌كانمه‌وه هه‌ندێك كێشه هاته رێگام‌و له‌وسیسته‌مه رازی نه‌بووم، كه فراكسیۆن په‌یڕه‌وی ده‌كرد‌و ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی ئه‌ندامی لیژنه‌كانیان داده‌نا له په‌رله‌مان، ئه‌و ده‌ستێوه‌ردانه له كاری لیسته‌كه، وای له من كرد، كه له رۆژانی یه‌كه‌مه‌وه هه‌ڵوێست وه‌رگرم. سه‌ره‌تای كاره‌كانمان داوایان لێكردبووین، كه ناوی سێ لیژنه بنوسین بۆ ئه‌ندام بوون، من ناوی چوار لیژنه‌شم نوسی، به‌ڵام له هیچیان دایان نه‌نام‌و ئه‌و جۆره دابه‌شكردنه له‌ده‌ره‌وه‌ی لیست، رۆڵی خراپی هه‌بوو له‌سه‌ر ئه‌دای په‌رله‌مان‌و من خۆم هیچم نه‌شاردووه‌ته‌وه‌و بۆچونی خۆم وتووه.