بۆ راگرتنی بارگرژییه‌كان، ئه‌مریكا فشاری خستووه‌ته سه‌ر یه‌كێتی‌و گۆڕان‌و پارتی
ئاڵا له‌تیف
به‌فشار‌و ناوبژیوانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، هه‌ڵمه‌ته دژ به‌یه‌كه‌كانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان‌و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان راگیرا، كه ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر، له‌رێگه‌ی راگه‌یاندنه‌كانیانه‌وه، كه‌وتووبوونه شه‌ڕی تۆمه‌تباركردن‌و هه‌ره‌شه‌كردن له‌یه‌كتر.
له‌گه‌ڵ چڕبوونه‌وه‌ی شه‌ڕی راگه‌ندنه‌كانی یه‌كێتی‌و گۆڕان، بارودۆخێكی ناجێگیری ئه‌منی، شاری سلێمانی شڵه‌ژاند، كه به‌هۆیه‌وه چه‌ندین رووداوی گرتن‌و برینداركردن‌و كوشتنی لێكه‌وته‌وه، چاودێرانیش خراپبوونی بارودۆخه‌كه‌یان خسته ئه‌ستۆی راگه‌یاندن‌و وه‌ڵامكاریی سیاسییه‌كانی یه‌كێتی‌و گۆڕان.
وێرای داواكاری‌و به‌یاننامه‌ی چه‌ندین كه‌سایه‌تی رۆشنبیر‌و سیاسی‌و رۆژنامه‌نووس، بۆ راگرتنی ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی راگه‌یاندنی هه‌ردولا، دواجار مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانیش، چووه پاڵ ده‌نگی راگرتنی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌و گفتوگۆی بۆ بۆ هێوركردنه‌وه‌ی ره‌وشه‌كه رێكخست.
بۆ ئه‌و مه‌به‌سته، رۆژی یه‌كشه‌ممه 10/1، مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ سكرتێر‌و نوێنه‌ری پارته سیاسییه‌كان‌و كوتله‌كانی ناو په‌رله‌مانی كوردستان كۆبووه‌وه.
بارزانی ناوبژیوانی ده‌كات
دوابه‌دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ی بارزانی له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان، سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاندنێكی بڵاوكرده‌وه‌و تێیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، كه له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باسله‌كۆتاییهێنان به‌و دیارده نه‌خوازراوانه كراوه كه سه‌ریان هه‌ڵداوه‌ته‌وه.
هاوكات به‌پێی وته‌ی به‌شداربووانی كۆبوونه‌وه‌كه، بارزانی زۆر توند بووه‌و جه‌ختی له‌وه‌كردووه‌ته‌وه كه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه نادات، جارێكی دیكه خوێنی كورد به‌ده‌ستی كورد بڕژێت.
هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا، چوار بڕیار له‌لایه‌ن ته‌واوی لایه‌ن سیاسییه‌كانه‌وه په‌سه‌ند كرا، له‌ناویشیاندا یه‌كێتی‌و گۆڕان.
بڕیاره‌كانی كۆبوونه‌وه‌كه، بریتی بوو له (راگرتنی شاڵاوی راگه‌یاندن، به‌رده‌وامبوونی كاری لیژنه‌ی به‌دواداچوونی نانبڕاوان، كۆتاییهێنان به‌دیارده‌ی توندوتیژی‌و پێكهێنانی لیژنه‌یه‌ك به‌سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیری ناوخۆ، كاراكردنی ئه‌نجومه‌نی باڵای پارت‌و هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان).
شه‌ڕی راگه‌یاندنه‌كانی یه‌كێتی‌و گۆڕان راگیرا
دوابه‌دوای بڕیاره‌كانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم‌و لایه‌نه سیاسییه‌كان، هێرشی راگه‌یاندنه‌كانی یه‌كێتی‌و گۆڕان، به‌رانبه‌ر به‌یه‌كتر راگیراوه،وه‌كو پاپه‌ند بوونێك به‌ئه‌نجامی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه.
رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ هێرشه رۆژانه‌ییه‌كانی وه‌ستاندووه‌و سایتی (پیوكه‌ی میدیا)ش هه‌موو ئه‌و هه‌واڵ‌و روونكردنه‌وانه‌ی لابردووه، كه هێرشبوون بۆ سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، لای خۆشیانه‌وه، راگه‌یاندنه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان پابه‌ندبوونی خۆیان به‌بڕیاره‌كانی كۆبوونه‌وه‌كه نیشانداوه.
قادر عه‌زیز سكرتێری حیزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان، یه‌كێك بووه له‌به‌شداربووانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم، وتی »له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ستمان پێكرد كه هه‌ردوولا نیگه‌رانن‌و زۆر زه‌ره‌یانكردووه له‌م هێرشانه بۆ سه‌ر یه‌كتر، به‌ڵام له‌وانه‌یه كه ده‌گه‌ینه بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان، جارێكی دیكه ئه‌م هێرشی راگه‌یاندنه ده‌ستپێبكاته‌وه».
ناوبراو جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه كه له‌به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كێتی‌و گۆڕانه، ئه‌و هێرشی راگه‌یاندنه كۆتایی پێبهێنن.
قادر عه‌زیز ده‌ڵێت »ره‌وشه‌كه زۆر جێگه‌ی نیگه‌رانییه بۆ هه‌موو لایه‌ك، كاتێك له‌به‌رانبه‌ر شه‌ڕێكی قورسداین له‌گه‌ڵ به‌غدا، ناكرێت ماڵی كوردی له‌وه زیاتر په‌رش‌و بڵاو بكرێت».
لیژنه‌یه‌كی مه‌یدانی بۆ به‌دواداچوونی رووداوه‌كان پێكده‌هێنرێت
به‌مه‌به‌ستی رێگه‌گرتن له دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌و بارودۆخه نائاسایشه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوو سنوری پارێزگای سلێمانی گرته‌وه‌و چه‌ندین رووداوی لێكه‌وته‌وه، له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم، له‌گه‌ڵ لایه‌ن سیاسییه‌كان، بڕیاردرا لیژنه‌یه‌كی مه‌یدانی پێكبهێنرێت.
مسته‌فا سه‌ید قادر سه‌ركرده‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، یه‌كێك له به‌شداربووانی كۆبوونه‌وه‌كه، له‌لێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی وتی»ره‌وشه‌كه مه‌ترسیداربوو، بۆیه ده‌بوایه سه‌رۆكی هه‌رێم هه‌ڵوێستی هه‌بێت، دواتر بڕیاردرا لیژنه‌ی مه‌یدانی دروستبكرێت‌و رێگه‌ش بگیرێت له‌و رووداوانه‌و لێكۆڵینه‌وه بكرێت، سزای تۆمه‌تباران بدرێت‌و ئه‌و زانیاری‌و به‌ڵگانه‌ش له‌وباره‌یه‌وه هه‌یه، بدرێته لیژنه‌كه».
ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی گۆڕان، ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه له‌به‌شێكی تری كۆبوونه‌وه‌دا، باس له‌كێشه‌ی نانبڕاوه‌كان كراوه‌و بڕیاره چاره‌سه‌ر بكرێت.
سه‌باره‌ت به‌گه‌شبینی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كانی كۆبوونه‌ووكه، مسته‌ف سه‌ید قادر‌وتی »چاوه‌ڕوانده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی بزانین جێبه‌جێكردنی چۆن ده‌بێت، بڕیاریشه به‌دواداچوون‌و چاودێری جێبه‌جێكردن بكرێت».
گره‌نتی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی شه‌ڕی راگه‌یاندن نییه
هه‌رچه‌نده له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باسله راگرتنی شه‌ڕی راگه‌یاندن‌و هه‌ڵمه‌تی یه‌كتر تۆمه‌تباركردن كراوه، به‌ڵام هیچ گه‌ره‌نتییه‌ك نییه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی راگه‌یاندن ده‌ستپێنه‌كاته‌وه‌و هیچ سزایه‌كیش بۆ پاپه‌ندنه‌بوون به‌بڕیاره‌كانی كۆبوونه‌وه‌كه دانه‌نراوه، له‌كاتێكدا‌واده‌ی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق نزیكده‌بێته‌وه.
له‌مباره‌یه‌وه، مسته‌فا سه‌ید قادر‌وتی »راسته گه‌ره‌نتی نییه بۆ پاپه‌ندبوونی ته‌واو به‌بڕیاره‌كانی كۆبوونه‌وه‌كه، به‌ڵام ده‌كرێت هه‌ر كه‌سێك لای خۆیه‌وه، چاودێری ره‌وشه‌كه بكه‌ین‌و داوا بكرێت بۆ ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌ی دیكه‌و به‌زوویی رێگه‌ی لێبگیرێت».
ناوبراو وتیشی »ئه‌و گه‌رموگوڕییه‌ی ئه‌مجاره له‌سه‌رۆكی هه‌رێم‌و به‌شداربووانی ناو كۆبوونه‌وه‌كه بینرا، ئه‌وه نیشانده‌دات كه ئومێد ده‌كرێت ئه‌مجاره بڕیاره‌كان جێبه‌جێبكرێن».
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له‌كۆسره‌ت ره‌سوڵ جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتی، به هاوڵاتی راگه‌یاند »كاك كۆسره‌ت له‌و بارگرژی‌و به‌كارهێنانی هێرشه رۆژنامه‌نووسییانه ناره‌حه‌ته‌و هه‌موو هه‌وڵه‌كانیش ده‌خاته‌گه‌ڕ له‌پێناوی ئه‌وه‌ی له‌كاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، جارێكی دیكه په‌نا نه‌برێته‌وه بۆ به‌كارهێنانی زمانی توند له‌ڕاگه‌یاندنه‌كاندا».
سه‌رچاوه‌كه وتیشی»كاك كۆسره‌ت وتوویه‌تی كه‌وه‌كو یه‌كێتی هه‌موو لایه‌ك دڵنیاده‌كه‌نه‌وه كه پابه‌ند ده‌بن به‌و بڕیارانه‌ی له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دراوه».
لای خۆشیه‌وه، عه‌لی باپیر به هاوڵاتی وت »ئه‌گه‌ر پابه‌ندبوون به‌م بڕیارانه‌وه نه‌كرێت، هه‌ڵوێستمان ده‌بێت به‌رانبه‌ر هه‌ر كه‌سێك كه‌مته‌رخه‌می ده‌كات».
هاوكات، قادر عه‌زیزیش وتی»له‌كوردستاندا هیچ شتێك گره‌نتی نییه، به‌ڵام به‌رده‌وامبوونیان له‌سه‌ر به‌كارهێنانی زمانی زبر له‌زه‌ره‌ری خۆیانه».
عه‌لی باپیر هه‌وڵیداوه ناوبژیوانی بكات
له‌مباره‌یه‌وه، عه‌لی باپیر ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان، ئاشكرای ده‌كات، كه چاوی به‌هه‌ریه‌ك له‌تاڵه‌بانی‌و نه‌وشیروان مسته‌فا كه‌وتووه‌و داوای لێكردوون كۆتایی به‌شێوازی راگه‌یاندنه‌كانیان بهێنن.
عه‌لی باپیر له‌باره‌ی هه‌وڵه‌كانییه‌وه، ده‌ڵێت »پرسیارم له‌گۆڕان كرد كه پاساویان چییه بۆ ئه‌و هێرشه ئیعلامییانه بۆ ئه‌وه‌ی بیگه‌یه‌نمه مام جه‌لال، نه‌وشیروان مسته‌فا پێیوتم كه ئه‌وه‌ی ئه‌وان كاردانه‌وه بووه نه‌ك كار، چونكه یه‌كێتی هێرشیانكردووه‌و ئه‌وانیش وه‌ڵامیانداونه‌ته‌وه».
ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامی، ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، كه له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی، تاڵه‌بانی سێ داواكاری هه‌بووه، وتوویه‌تی »گۆڕان‌و كاك نه‌وشیروان دژایه‌تی یه‌كێتی نه‌كه‌ن‌و كوردستان پۆستیش، شتی زۆر خراپ ده‌ڵێت با دایبخه‌ن، یان خۆیانی لێ بێبه‌ری بكه‌ن».
عه‌لی باپیر وتیشی »له‌وه‌ڵامی داواكارییه‌كانی تاڵه‌بانی، نه‌وشیروان مسته‌فا وتی، ئێمه نه له‌به‌رنامه‌ماندا هه‌یه‌و نه‌هیچ به‌ڵگه‌یه‌كیش هه‌یه، كه دژایه‌تی ئێمه بۆ ئه‌وان بسه‌لمێنێت، ئێمه منافه‌سه‌ی سیاسییمان هه‌یه، سه‌باره‌ت به‌كوردستان پۆستیش وتی، كه‌م‌و زۆر په‌یوه‌ندی به‌ئێمه‌وه نییه».
ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامی، پێیوایه ئه‌گه‌ر ئه‌و بارگرژییه به‌رده‌وامبێت، ئه‌وا زه‌ره‌رمه‌ند ته‌نیا پارتی‌و یه‌كێتی‌و گۆڕان نابێت، به‌ڵكو ته‌شه‌نه ده‌كات‌و خه‌ڵكه ئاسایییه‌كه‌ش ده‌گرێته‌وه.
فشاره‌كانی ئه‌مریكا
پێشتر‌و كاتی چڕبوونه‌وه‌و فراوانبوونی ئاڵۆزی‌و گرژییه‌كانی نێوان یه‌كێتی‌و گۆڕان، به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ستی هاوڵاتی كه‌وتووه، باڵوێزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌نوێنه‌رانی یه‌كێتی‌و پارتی‌و گۆڕان كۆبووه‌ته‌وه‌و داوایكردووه ئه‌و بارگرژییانه هێوربكرێته‌وه.
له‌لایه‌كی تره‌وه، چاودێرانی سیاسی، پێیانوایه كۆبوونه‌وه‌كه‌ی مه‌سعود بارزانی بۆ هێوركردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه، به‌رئه‌نجامی فشاره‌كانی ئه‌مریكا بووه، نه‌ك جێبه‌جێكردنی به‌رپرسیارێتییه‌كانی وه‌كو سه‌رۆكی هه‌رێم.
به‌ڵام، عه‌لی باپیر ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامی، به‌پێچه‌وانه‌وه پێیوایه كۆبوونه‌وه‌كه‌ی بارزانی هه‌ڵقوڵاوی بڕوای خۆیه‌تی وه‌كو سه‌رۆكی هه‌رێم.
ئه‌و ده‌ڵێت »سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی بارزانی چی ده‌مێنێته‌وه ئه‌گه‌ر به‌ده‌م كێشه‌یه‌كی وه‌هاوه نه‌چێت‌و چاره‌سه‌ری نه‌كات».
چاودێرانی سیاسی گه‌شبینن
به‌بڕوای چاودێرانی سیاسی، پابه‌ندبوونی یه‌كێتی‌و گۆڕان به‌بڕیاره‌كانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی بارزانی، به‌تایبه‌تی له‌كاتی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، جێگه‌ی گه‌شبینییه.
دكتۆر كامه‌ران مه‌نتك مامۆستای زانسته سیاسییه‌كانی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین،وتی»گه‌شبینم به‌وه‌ی ئه‌و بڕیاره جێبه‌جێبكرێت، چونكه كوردستان به‌ره‌و گۆڕانكارییه‌كی زۆر ترسناك ده‌ڕوات‌و بڕواناكه‌م هیچ لایه‌نێك ئه‌و به‌رپرسیارێتییه مێژووییه بخاته ئه‌ستۆی خۆی، كاتێك ئه‌زمونه‌كه دووچاری شكست بێت».