نامه‌یه‌كی بێ وه‌ڵام‌و وه‌ڵامێكی بێ نامه
پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی نامه‌ی پێشووم، له‌هه‌فته‌نامه‌ی (هاوڵاتی)دا، من چاوه‌ڕوانی هیچ نه‌بووم: نه به‌رسیڤ‌و نه په‌راوێز‌و نه كۆمینتار‌و نه دستخۆشی‌و نه چاخواردنه‌وه‌یه‌كی دوو قۆڵی به‌ده‌م قسه‌كردنه‌وه، سه‌باره‌ت به‌و بیروبۆچوونه‌ی له‌و نامه‌یه‌دا وروژێنراون. ده‌نووسم چاوه‌ڕوانی هیچ نه‌بووم، چونكه بایی ئه‌وه ئاگاداری رووداوه‌كانی سه‌ر شانۆی كاری سیاسیم‌و ئاگاداری سه‌ر شاخ‌و بن دۆڵ‌و پێده‌شت‌و هه‌رده‌كانم.
ئه‌وه‌ی راستی بێت، له‌نووسیندا من ته‌كنیكی خۆم هه‌یه. هه‌ندێ جار په‌یڕه‌وی رێبازی (بووكێ له‌گه‌ڵ تۆمه‌و خه‌سوو گوێت لێبێت) ده‌كه‌م. هه‌ندێ جاریش راست‌و ره‌وان ناوه‌ڕاستی مه‌به‌ست ده‌پێكم‌و گوێ به‌وه‌ش ناده‌م، پاشتر چی رووده‌دات‌و چی ده‌بێت؟ ده‌یان رووناكبیر له‌ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی وڵات، نامه‌كه‌یان خوێندووه‌ته‌وه‌و په‌پووله‌ی پێزانین‌و ستایشیان بۆ ره‌وانه كردووم، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌شم به‌سه‌و هیچی تریشم ناوێت! كاتێك تۆوی رووه‌كێك پێوه ده‌كه‌یت، چاوه‌ڕوانی ئه‌وه ناكه‌یت، پاش بیست ده‌قیقه سه‌ر ئه‌رز‌و بن ئه‌رز شین بێته‌وه!
سه‌ركرده سیاسییه‌كان، ئه‌وانه‌ی راوێژكاریان هه‌یه‌و گوێ راده‌دێرن بۆ وردترین ده‌نگوباس‌و زانیاری، ده‌توانن بڕیاری راستر بده‌ن: (وبشر عبادی الژین یستمعون القول ویتبعون أحسنها). ساڵی 1989 جیهان به‌ده‌نگی ئۆلریش هۆنیكه‌ر سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌وسای ده‌وڵه‌تی ئه‌ڵمانیای رۆژهه‌ڵات، به‌ئاگا هاته‌وه. كاتێك له‌سه‌ر دیواری به‌رلین وه‌ستا‌و گوتی: ئه‌م دیواره تا سه‌د ساڵی تریش ده‌مێنێته‌وه. خوتبه‌كه‌ی ته‌واو نه‌كرد‌و هه‌زاران پاچ‌و خاكه‌ناز له‌كاردابوون‌و دیواره بۆریان له‌گه‌ڵ خاكدا یه‌كسان كرد!
له‌ژیاندا‌و به‌تایبه‌تی له‌جیهانی سیاسی‌دا هاوكێشه‌ی نه‌گۆڕ نییه. هیچ شتێك وه‌كو خۆی نامێنێته‌وه. ئێمه ناتوانین گره‌و له‌سه‌ر ئه‌وه بكه‌ین، فڵانه حیزب تا سه‌د ساڵی ئاینده وه‌كو خۆی ده‌مێنێته‌وه‌و له‌هه‌ڵبژاردنه‌كاندا سه‌د له‌سه‌د ده‌باته‌وه. چركه به‌چركه، هاوكێشه بینراو‌و نه‌بینراوه‌كان گۆڕانیان به‌سه‌ردا دێت‌و هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت راستییه‌كان وه‌كو خۆی نه‌بینێت بڕیاری ناڕاست ده‌دات.
پێشبینی كردنیش له‌م رۆژهه‌ڵاته‌دا، له‌پێشبینی نه‌كردن خراپتره، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی فاكت‌و ئاماری نوێ‌و هه‌مه‌لایه‌نه له‌به‌رده‌ستدا نییه، هه‌ر پێشبینییه‌ك زۆر به‌ئاسانی ده‌چێته خانه‌ی وه‌هم‌و خه‌یاڵ‌و فه‌نتازیاوه. له‌ڕۆژئاوادا، هێزه سیاسییه‌كان به‌وردی راپۆرتی ده‌زگاكانی راپرسی (دیمۆسكۆپی) ده‌خوێننه‌وه. مانگه‌شه‌و سه‌ر له‌ئێواره دیاره. براوه‌و دۆڕاو له‌هه‌ڵبژاردندا، دوو سێ مانگ پێش هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن ده‌رده‌كه‌وێت. گریمانه‌ی وه‌رگه‌ڕانی بیروڕای ده‌نگده‌ران، حه‌فتا‌و دوو سه‌عات پێش رۆژی هه‌ڵبژاردن، به‌دیوێكی تردا، هه‌ر زۆر ئاسته‌مه‌و جۆرێكه له‌جۆره‌كانی (موعجیزه)و به‌ده‌گمه‌ن رووده‌دات!
مه‌ترسی گه‌وره
من وه‌كو هاووڵاتییه‌كی گومناو و بێ‌ناونیشان مافی ئه‌وه‌م هه‌یه، سه‌رنج‌و تێبینی خۆم ئاڕاسته‌ی سه‌ركردایه‌تی هێزه سیاسییه‌كان بكه‌م. ئه‌م مافه، په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه نییه بیروبۆچوونه‌كه راسته، یان ناڕاسته!
من وه‌كو هاووڵاتییه‌ك مافی ئه‌وه‌م هه‌یه، سه‌رنجی سه‌ركردایه‌تی‌و سه‌رجه‌می هێزه سیاسییه‌كان بۆ ئه‌و راستییه رابكێشم، كه ئه‌زموونی هه‌رێم، چه‌ندین هه‌ڕه‌شه‌ی له‌سه‌ره: ئامۆژگاری ئه‌وان چییه بۆ ئه‌وه‌ی به‌رچاومان روون بێته‌وه‌و به‌رپێی خۆمان به‌ئاسانی ببینین‌و بۆ ناو كێڵگه‌ی مینێك سه‌رنگرێ نه‌بین؟ هاوڵاتی كوردستانی چاوه‌ڕوانی به‌رچاو روونی ده‌كات‌و ده‌یه‌وێت بزانێت چۆن ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی‌و به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانی گه‌لی كوردستان ده‌پارێزرێت؟
یه‌كێك، مه‌ترسی‌و هه‌ڵدێره‌كان ببینێت، یه‌كێك، سه‌ره‌تاتكێی بۆسه‌و تۆڕ‌و داوه‌كانی ئاسۆی داهاتووی دوور‌و نزیك ببینێت‌و چاو بنوقێنێت‌و زه‌نگی مه‌ترسی لێنه‌دات، دیاره ئه‌وه نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه ئه‌و كه‌سه گیانی هه‌ست به‌لێپرسینه‌وه‌ی سڕ بووه. مه‌ترسی، مه‌ترسییه‌و ده‌بێ مرۆڤ به‌چاوكراوه‌یی چاودێری بكات. من له‌ئه‌نجامی ئه‌زموون‌و كاره‌ساتدا فێربووم، له‌خانوویه‌كدا نه‌نووم، ته‌نیا یه‌ك ده‌رگای هه‌بێت‌و رێگه‌ی ده‌ربازبوونی نه‌بێت. چوارجاران ماڵه‌كه‌م گڕی تێبه‌ربووه‌و دووجاران به‌رده‌م ده‌رگاكه، به فیوزی كاره‌بایی سووتاوه‌و به‌ڕێكه‌وت ده‌رباز بووم. بۆیه له‌كاری سیاسیش‌دا بڕوام به‌وه هه‌یه: نابێ ئاڕاسته‌ی كاری دیپلۆماسی‌و كاری سیاسی به‌ره‌و بنبه‌ست‌و هه‌ڵدێر بڕوات. نابێ به‌رده‌م ده‌رگاكه‌مان گڕبیگرێت‌و مه‌ترسی خنكان‌و سووتانی لـێ بكه‌وێته‌وه. ئێمه ئه‌زموونی (1975و 1988)مان هه‌یه، پێشتریش گه‌له‌كه‌مان ده‌یان ئه‌زموونی تاڵ‌و جه‌رگبڕ‌و كه‌مه‌رشكێنی بینیوه. بۆیه ده‌بێ شوێن پێی خۆمان چاكتر قایم بكه‌ین‌و چاره‌نووسی روونی خۆمان راده‌ستی تاریكی‌و ئه‌ژدیهاكانی رێكه‌وت نه‌كه‌ین. لێدانی زه‌نگی مه‌ترسی شتێكه‌و یه‌كێك بیه‌وێت به‌شیران هه‌وران دابێنێت، شتێكی تر!
مه‌ترسییه‌كان زۆر گه‌وره‌ن‌و زه‌ق زه‌ق سه‌یرمان ده‌كه‌ن‌و چاوه‌ڕوانی هه‌لی گونجاون‌و به‌شیران تێمان بكه‌ون. ئێمه ده‌مانه‌وێت، رم‌و شیر‌و تۆپ‌و تانك له‌كووره‌ی ئاسن تواندنه‌وه بتوێنرێنه‌وه‌و پرد‌و په‌نجه‌ره‌و تونێلیان پێ دروست بكرێت. ئێمه ده‌مانه‌وێت، خه‌نجه‌ر‌و شیران، نه هه‌وران دابێنن، نه له‌كالانه‌كانیان رابكێشرێن. ئه‌مه خه‌ونه، هه‌رچه‌ند من نامه‌وێت، وێنه‌یه‌كی ته‌ڵخ‌و تاریك پێشكه‌شی كه‌س بكه‌م، به‌ڵام ئاڕاسته‌ی رووداوه‌كان زۆر دڵخۆشكه‌رنین، ئه‌گه‌ر ئێمه هه‌ر هه‌موو هێلكه‌كان بهاوینه سه‌به‌ته‌یه‌كه‌وه. چه‌ند مانگێك له‌مه‌وپێش به‌شێك له‌میدیاكانی هه‌رێمی كوردستان، به به‌رده‌وامی جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كرد، مه‌ترسی زۆر گه‌وره‌و هه‌ڕه‌شه‌ی ترسناك بۆسه‌یان بۆ ناوینه‌ته‌وه‌و مه‌ترسی هێرش‌و په‌لامار‌و ده‌ستكردنه‌وه هه‌یه. راگه‌یاندنی تر هه‌بوون، ده‌یانگوت: نه‌خێر! هیچ له‌ئارادانییه‌و مه‌ترسی په‌لاماری ده‌ره‌كی‌و ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر سه‌روه‌ری‌و ده‌ستكه‌وته‌كانمان ره‌ویونه‌ته‌وه! ئه‌گه‌ر ده‌سته‌ی یه‌كه‌م پێیوابێت مه‌ترسییه‌كان ماون، ئایا ده‌بێ ئێمه چی بكه‌ین؟
ئه‌گه‌ر مه‌ترسی هه‌بو‌و، ئه‌وه ته‌نیا یه‌ك لایه‌ن ده‌توانێت رووبه‌رووی بوه‌ستێت‌و هه‌ر هه‌موو ئه‌وانه‌ی تر ده‌بێ قڕوقه‌پ دانیشن‌و نقه‌یان لێوه نه‌یه‌ت؟
ئایا ده‌بێ به‌ره‌یه‌كی یه‌كگرتو‌و هه‌بێت‌و گه‌لی كوردستان یه‌ك هه‌ڵوێست‌و یه‌ك ده‌نگ‌و یه‌ك گوتار‌و یه‌ك قسه‌ی هه‌بێت؟
ئایا ده‌بێ تاقه یه‌ك توانا بخرێته گه‌ڕ، یان هه‌ر هه‌موو تواناكانی گه‌لی كوردستان بخرێنه گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی له‌هه‌ڵبژاردنی 7/3/2010 رووسوور‌و سه‌ربه‌رز ده‌ربچین؟
ئایا ته‌نیا ئه‌و حیزب‌و رێكخراوانه‌ی له‌به‌غدا، له‌ده‌سه‌ڵاتدان، یان هێزی گه‌وره‌ن، ده‌بێ به‌دۆست‌و هاوپه‌یمانیان دابنه‌ین، یان رایه‌ڵ‌و په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ هێز‌و بزاڤ‌و رێكخراوی ئاشتیخواز‌و دیموكراتدا هه‌بێت؟
بزوتنه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌كان
من پێموایه دروستبوونی لیستی هه‌ڵبژاردن، دروستبوونی هێزی علمانی له‌ناوه‌ڕاست‌و خوارووی عیراق، هیچ زیانێكی بۆ په‌زه‌كان نییه.
هیوادارم سه‌ركردایه‌تی هێزه سیاسییه‌كان ساده‌ترین گومانیان له‌دڵدا نه‌مێنێته‌وه، سه‌باره‌ت به ده‌وری من له‌دروستبوونی بزوتنه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌كاندا (حركه مصالح القومیات). ماوه‌یه‌كی زۆر پێش ئه‌وه‌ی من بیانناسم‌و بمناسن، له‌كاتێكدا ته‌قینه‌وه‌و تیرۆر، رۆژانه گیانی ده‌یان كه‌سی ده‌دووریه‌وه، ئه‌وان بانگه‌وازی برایه‌تی‌و دۆستایه‌تی‌و ئاشتییان بڵاوده‌كرده‌وه. من ده‌بوایه هه‌ڵوێستم به‌رامبه‌ر ئه‌م ده‌ستپێشخه‌رییه چی بوایه؟
سه‌باره‌ت به‌داوای تۆماركردنی قه‌واره‌یه‌كی سیاسی‌و به‌شداری له‌هه‌ڵبژاردندا، ئه‌مه ئه‌وه‌نده‌ی داوایه‌كی عه‌ره‌بی ـ توركمانی ـ كلدۆ ئاشووری بووه، ئه‌وه‌نده داوایه‌كی كوردی نه‌بووه. به‌شداری چه‌ند كوردێك له‌م بزاڤه‌دا، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ مانگی (ت2)و (ك1) ساڵی 2009و بۆ ئه‌م قسه‌یه‌ش شاهید‌و به‌ڵگه‌ی زۆرمان به‌ده‌سته‌وه هه‌یه. هه‌ركه‌سێك چكۆله‌ترین چرۆی گومان، له‌دڵیدا سه‌ری هه‌ڵدابێ، ئه‌وه ئێمه ده‌توانین به‌سوپاسه‌وه ده‌یان به‌ڵگه‌یان بۆ ره‌وانه بكه‌ین، كه ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه ده‌ستكردی هیچ كه‌س‌و لایه‌نێك نییه‌و هیچ په‌یوه‌ندی به (نڤریه المۆامره)ه‌وه نییه!
هه‌روه‌كو چۆن له‌كوردستاندا ئاسان نییه، هێزێكی عه‌ره‌بی، لیستی هه‌ڵبژاردنی خۆی دابه‌زێنێت‌و رێژه‌یه‌كی به‌رچاو ده‌نگ بدورێته‌وه، له‌ناوه‌ڕاست‌و خوارووی عیراقیشدا، ده‌نگده‌ری عه‌ره‌ب، هه‌ندێ جار كوردی ئه‌و ناوچانه‌ی كوردنشین نین، به‌و ئاسانییه، ده‌نگ به‌هێزێكی كوردستانی ناده‌ن. بۆیه بوونی قه‌واره‌ی هاوبیر‌و هاوشێوه‌و هاوڕه‌نگ‌و هاوده‌نگ، وه‌كو یه‌كێك له‌پێویستییه‌كانی ئه‌م قۆناغه دێته پێشه‌وه.
پاش ده‌ركه‌وتنی بزوتنه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌كان، له‌وه‌ده‌چێت هه‌ندێك هێزی كوردستانی بیه‌وێت سه‌رشانۆی كاری سیاسی عه‌ره‌بی‌و توركمانی وردتر بخوێنێته‌وه. ئه‌وانه ئێستا هه‌وڵده‌ده‌ن لق‌و پۆپ له‌ناوه‌ڕاست‌و خوارووی عیراق داكوتن.
بزوتنه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌كان، بڕوای به‌وه نییه لق‌و پۆپی كوردستانی له‌ناوه‌ڕاست‌و خوارووی عیراقدا دروست بكات. به‌ڵكو بڕوای به‌وه هه‌یه، وه‌كو بزاڤێك بمێنێته‌وه: له‌هه‌ر بازنه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردندا، پاڵێورا‌و و لایه‌نگران، دۆست‌و هاوپه‌یمان‌و پشتیوانی كورد بن‌و خۆیان نوێنه‌رایه‌تی خۆیان بكه‌ن. له‌قۆناغێكدا كورد‌و توركمان یارمه‌تی ئه‌وان بدات، پاشان ئه‌وان یارمه‌تیده‌ر‌و هاریكاری گه‌لی كوردستان بن. یه‌كێك له‌هاوڕێ عه‌ره‌به‌كانم چه‌ند له‌زاری شیرین بوو، كاتێك ده‌یگوت: ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێت له‌چوارچێوه‌ی عیراقدا بژین، ئه‌وه هه‌ر پێویستیتان به ((ئێمه))یه‌و ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێ له‌عیراق جیاببنه‌وه، ئه‌وه هه‌ر پێویستیتان به ((ئێمه))یه!
پێویسته هه‌وڵ بدرێت نوێنه‌ره راسته‌قینه‌و دڵسۆز‌و دیموكرات‌و ئاشتیخوازه‌كانی گه‌لانی عیراق، پشكی شێریان له‌كورسییه‌كانی (ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران) هه‌بێت. له‌وێ لێك تێگه‌یشتن‌و نزیكایه‌تی‌و هاوئاهه‌نگی‌و پێكه‌وه كاركردن، بۆ سوود‌و قازانجی هه‌موو لایه‌ك هه‌بێت. عه‌قڵییه‌تی خۆسه‌پاندن‌و په‌یوه‌ندی پاشكۆیه‌تی‌و پێشكۆیه‌تی، نابێ تارمایی له‌ناو (ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران)دا بمێنێت!
بزوتنه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌كان، قه‌واره‌یه‌كی هه‌ڵبژاردنه، نه‌ك حیزبێكی سیاسی ئاسنین‌و به‌دیسپلین‌و سیستمی گوێڕایه‌ڵێتی كوێرانه‌و ره‌دوكه‌وتنی ئایدۆلۆجیا. پاڵێورا‌و لایه‌نگرانی ئه‌م قه‌واره‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه كۆكن، ئه‌م قه‌واره‌یه حیزب نییه‌و نایه‌وێت ببێته حیزب. پاڵێورا‌و و لایه‌نگرانی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه 99% عه‌ره‌ب‌و توركمان‌و كلدۆئاشوورین، رێژه‌ی كورد له‌م قه‌واره‌یه‌دا، هه‌ر زۆر كه‌م‌و نادیاره.
بێگومان قه‌واره‌یه‌ك بۆ خوێی چێشتیش كوردی تێدا نه‌بێت، ئه‌وه ناتوانرێت هه‌روا به‌ئاسانی پێناسه‌ی ((عیراقیبوون)) به‌و قه‌واره‌یه ببه‌خشرێت.
قه‌واره‌یه‌ك پێناسه‌ی ((عیراقیبوون))ی كاڵبێته‌وه، هه‌ر زوو ناسنامه‌ی تری پێده‌به‌خشرێت. قه‌واره‌یه‌ك كوردی تێدا نه‌بێت، ئه‌وكاته، به‌گوێره‌ی رێژه‌ی عه‌ره‌ب‌و توركمان‌و ئایدیۆلۆجیا‌و پێكهاته‌ی فیكری‌و ئامانج‌و به‌رنامه‌ی سیاسی، كاتیگۆری بۆ داده‌نرێت‌و چوارچێوه‌ی بۆ ده‌دۆزرێته‌وه. بوونی ژماریه‌ك له‌كورد، یان پاڵێوراوی كورد له‌قه‌واره‌یه‌كدا، گیانی ته‌بایی‌و پێكه‌وه ژیان‌و ویستی دروستكردنی ده‌وڵه‌تێكی یه‌كگرتووی فیدراڵ‌و دیموكراتی به‌و قه‌واره‌یه ده‌به‌خشێت‌و رێگه نادات گیانی شۆڤینی‌و نه‌ته‌وه‌گه‌رێتی‌و تایه‌فه‌گه‌رێتی باڵاده‌ست بێت‌و مه‌ترسی ته‌قینه‌وه‌ی ناكۆكی‌و گرێكوێره‌كان سه‌رله‌نوێ به‌دی بكرێته‌وه.
من هیوادارم سه‌ركردایه‌تی هێزه كوردستانییه‌كان وردتر‌و دوورتر سه‌یری داهاتووی كێشه‌ی گه‌لی كوردستان بكه‌ن‌و ته‌نیا یه‌ك دار له‌دارستانێكدا نه‌بینن‌و به‌هۆی ئه‌و داره‌وه بڕیار بده‌ن.
له‌گه‌ڵ ئه‌وپه‌ڕی رێزمدا...