له رۆژانی 29-31/10/2009 دا یه‌كێتیی نیشتمانی له هۆڵی ته‌لاری هونه‌ری شاری سلێمانی به ئاماده‌بونی 1600 كه‌س چواره‌مین پلینۆمی به‌ست. هه‌ندێ كه‌س، چاوه‌ڕێی ئه‌وه بون له‌م پلینۆمه‌دا پلانی چاككردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی حیزبه‌كه‌یان له گه‌ڵ خه‌ڵك دابنێن، به‌ڵام ده‌ركه‌وت پلینۆمه‌كه بۆ مه‌به‌ستێكی تر رێك خرا بو.
پێشتر قسه‌كانی "فه‌خامه‌تی سه‌رۆكی كۆماری عیراق و به‌ڕێز سكرتێری گشتی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان" تاڵه‌بانی، كه له پلینۆم دا دژی من و هاوڕێكانم له بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان دا كردبوی، به‌شێوه‌ی جیاواز به من گه‌یشتبو. هه‌ندێك له‌و قسانه له رۆژنامه‌كاندا بڵاوبونه‌وه و به‌ر گوێی زۆر كه‌س كه‌وت. به‌ڵام تا ئه‌وكاته‌ی قسه‌كان به‌شێویه‌كی فه‌رمی بڵاونه‌كرانه‌وه، منیش وه‌ك شتێكی نه‌بو حسابم بۆ كردن و به توڕه‌بون و هه‌ڵچونێكی كاتیم له قه‌ڵه‌م دان كه پێویست نه‌كات وه‌ڵام بدرێنه‌وه. به‌ڵام ئێستا كه كۆی ئه‌و قسانه له هه‌مو ده‌زگاكانی راگه‌یاندنی یه‌كێتیدا بڵاوكرانه‌وه ناچارم و به پێویستی ئه‌زانم وه‌ڵامی زۆری ئه‌و تۆمه‌تانه بده‌مه‌وه كه تاڵه‌بانی بۆ خودی خۆم و هاوڕێكانم له بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ریزی كردوه.
لێره‌دا به راشكاوی ئه‌ڵێم: پێم ناخۆشه ئاستی په‌یوه‌ندی من له‌گه‌ڵ تاڵه‌بانیدا گه‌یشتۆته ئه‌م ئاسته‌ی وتوێژ كه هه‌ر هه‌موی تۆمه‌تباركردن و "ته‌خوین" ه. پێم ناخۆشه پاش 40 ساڵ له ته‌مه‌نی هاوڕێیه‌تی و هاوخه‌باتی، ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی چیتر له ژێر چه‌تری یه‌ك رێكخراودا پێكه‌وه كار ناكه‌ین، به "زمانی ته‌خوین" قسه له‌گه‌ڵ یه‌ك بكه‌ین.
من نه تاڵه‌بانی و نه هیچ سه‌ركرده و نه هیچ سیاسیه‌كی كوردم به خائین و دژی كوردستان و به "كلكگرێدان له‌گه‌ڵ جاش و به‌عسیه‌كاندا" تاوانبار نه‌كردوه وه‌ك ئێستا تاڵه‌بانی من و هاوڕێكانمی پێ تاوانبار ئه‌كات. ئه‌وه‌ی ئێمه هه‌مانه ئه‌وه‌یه سیاسه‌تی تاڵه‌بانیمان بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی حیزب و بۆ به‌ڕێوه‌بردنی وڵات پێ راست نه‌بوه و پێ دروست نیه. بڕوامان وایه ئه‌م سیاسه‌ته نابێته ه‌ۆی به‌دیهێنانی ئه‌و دروشمه سه‌ره‌كیانه‌ی هه‌زاران رۆڵه‌ی كورد خۆیان له‌پێناویدا كرده قوربانی كه ئه‌ویش: "دروستبونی وڵاتێكی دیموكرات و دادپه‌روه‌ر و ئازاد كه كه‌رامه‌تی هه‌مو ه‌اوڵاتیانی تیا پارێزراو بێت."
ئێمه سیاسه‌تی تاڵه‌بانیمان پێ راست نیه و چه‌وته. به‌ڵام نه به خائین و نه به دوژمنی خۆمان و نه به به‌كرێگیراو و نه به ده‌ستی ده‌ره‌كی ئه‌زانین. كه‌چی ئه‌و ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی چه‌ند كورسیه‌كی په‌رله‌مانی به ئێمه دۆڕاندوه، پێ له 40 ساڵ هاوخه‌باتی و هاوسه‌نگه‌ری ئه‌نێت و وه‌ك دوژمن و ناحه‌زی كوردستان وه‌سفمان ئه‌كات. چونكه ئه‌و قسانه‌ی تاڵه‌بانی له پلینۆم دا له‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و خودی خۆم كردویه‌تی سنوره‌كانی ره‌خنه‌ی سیاسی به‌زاندوه و سه‌رئه‌كێشێ بۆ تۆمه‌تباركردنێكی سه‌رتاسه‌ری كه ئه‌گه‌ر ته‌نها یه‌كێكیشیان راست بێ، هه‌ڵسوڕاوانی بزوتنه‌وه‌كه و لایه‌نگرانی په‌لكێشی دادگا ئه‌كات و ره‌نگه روبه‌روی حوكمی له سێداره‌دانیشیان بكاته‌وه. له‌به‌رئه‌وه‌ش كه تاڵه‌بانی كه‌سێكی ئاسایی نیه و ناكرێت قسه‌كانی بێ وه‌ڵامدانه‌وه بڕۆن، ناچارم لێره‌دا وه‌ڵامی هێڵه گشتیه‌كانی ئه‌و تۆمه‌تانه بده‌مه‌وه كه له راپۆرته‌كه‌ی پلینۆم دا بۆ خۆم و هاوڕێكانمی هۆنیوه‌ته‌وه.
ئه‌گه‌رچی تاڵه‌بانی له راپۆرته‌كه‌ی دا روداوه‌كانی زیاتر له 30 ساڵی به تێكه‌ڵوپێكه‌ڵی گێڕاوه‌ته‌وه كه وه‌ڵامدانه‌وه‌ی لێدوانی زۆر زیاتری هه‌ڵئه‌گرت، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی له‌مه درێژتر نه‌بێ هه‌ڵم گرت بۆ كاتی خۆی.
#
ئه‌شی كوژێ و بۆیشی ئه‌گری
تاڵه‌بانی له‌راپۆرته‌كه‌ی دا ئه‌ڵێ:
"له‌ناو خۆشمان‌دا، بێ ئاگاداری سكرتێری گشتی و نیوه‌ی (م.س)و ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌ش، بڕیاری كوشتنی خه‌ڵكی له‌شارو له‌لادێ ده‌رده‌كرد. ئه‌مه‌ش بوو به هۆیه‌كی گه‌وره‌ی ناكۆكی ئێمه‌مانان له‌گه‌ل هێڵی نه‌وشیروان له‌ساڵی (1981)ه‌وه له‌ناو كۆمه‌ڵه‌دا. تا كار گه‌یشته ئه‌و راده‌یه‌ی هه‌ڕه‌شه‌مان كرد به به‌جێهێشتنی وڵات ئه‌گه‌ر كوشتار له‌شارو له‌لادێ رانه‌وه‌ستێت، هه‌رچه‌نده، سه‌ره‌تا ئه‌نجامدانی ئه‌و تاوانانه‌و گه‌لـێ بڕیاری ترمان لـێ ده‌شاردرایه‌وه، به‌ڵام سه‌ره‌نجام، دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م، له‌رێگه‌ی به‌رپرسانی گه‌وره‌ی ناو شاره‌وه، راستیه‌كانمان هه‌موو زانی و چیكه فڕوفێل دادی نه‌ده‌دا. ئه‌م راستیانه‌ش وای لێكردین بتوانین دوا سنوور بۆ پاكتاوی جه‌سته‌یی ناڕه‌وا دابنێین! ئه‌مه یه‌كه‌مین ناكۆكی و دووبه‌ره‌كی ناڕاسته‌وخۆی گرنگی نێومان بوو، له‌گه‌ڵ په‌یڕه‌وانی توندوتیژی."
#
له سه‌ره‌تاوه ئه‌ڵێم: من وه‌كو هه‌ندێ كه‌س نامه‌وێ پاكانه‌ی درۆ بكه‌م!
له‌ساڵی 1975 ه‌وه كه، له‌گه‌ڵ تاڵه‌بانی و ئه‌ندامانی تری ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری یه‌كێتیی نیشتمانی، ده‌ستمان كرد به‌دانانی رێوشوێنی خه‌باتی سیاسی - چه‌كدار و، له‌ئه‌نجامی ئه‌وه‌ش دا هه‌ڵگیرساندنه‌وه‌ی شۆڕشی كورد، من وه‌كو یه‌كێ له به‌رپرسه باڵاكانی ئه‌و جوڵانه‌وه‌یه، له‌ساڵی 1975 ه‌وه تا ساڵی 1991 كه به راپه‌ڕین كۆتایی هاتوه، به‌ئه‌ندازه‌ی مه‌سئولیه‌تی خۆم له‌جوڵانه‌وه‌كه‌دا، ئۆباڵی ئه‌ده‌بی و ئه‌خلاقی و سیاسی هه‌مو روداوه‌كانی شۆڕشه‌كه و، هه‌مو ئه‌وانه‌ی كه له ئه‌نجامی ئه‌م شۆڕشه‌دا كوژراون یا زه‌ره‌رمه‌ند بون، له هه‌ر لایه‌ك بوبن، له ریزه‌كانی یه‌كێتی دا بوبن، یان له ریزه‌كانی لایه‌نه‌كانی تری شۆڕشی كوردا بوبن، یان ه‌اوڵاتی ئاسایی بوبن، یان له ریزه‌كانی حكومه‌تی عیراق دا بوبن، هه‌ڵئه‌گرم و، له‌به‌رده‌م كه‌سوكاری ئه‌وانه‌دا و، له‌به‌رده‌م دادگای مێژوی نه‌ته‌وه‌كه‌م دا و، له‌به‌رده‌م دادگای خوای گه‌وره‌دا ئاماده‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌م.
ئه‌بو هه‌ر كه‌سێ ئه‌و قسه‌یه‌ی بكردایه تاڵه‌بانی قسه‌ی وای نه‌كردایه!
ئه‌گه‌ر تاڵه‌بانی من و چه‌ند كه‌سێكی كه تاوانبار بكات به كوشتنی چه‌ند كه‌سێ له شار و له لادێكانی كوردستان دا، ئه‌ی كێ به‌رپرسه له كوشتنی سه‌دان هه‌زار كورد كه به درێژایی ساڵانی 1961 – 1975 و 1975 – 1991 و 1991- 2001 كوژراون؟
#
كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه: كێ به‌رپرسه من یا سه‌دام؟
تاڵه‌بانی له راپۆرته‌كه‌ی دا ئه‌ڵێ:
"له‌ناو ئه‌و كێشمه‌كێشه سیاسی و فكرییه‌دا، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی تاقیكردنه‌وه‌ی زۆرمان له‌گه‌ل سه‌دامییه‌كاندا هه‌بوو، به تایبه‌تی سیاسه‌تی سه‌دام له جه‌نگی عێراق- ئێران‌دا، سروشتی فاشیانه‌ی رژێم ئاشكرا ده‌ركه‌وتبوو، ده‌ریش كه‌وتبوو كه ئه‌م فاشیستانه له هیچ تاوانێك نه‌ده‌سڵه‌مینه‌وه، مفاوه‌زاته‌كه‌شمان له‌گه‌ل رژێم ساڵێك بوو به‌هۆی شۆفێنیه‌تی به‌عسی سه‌دامی و ته‌كنه‌لۆژیای جه‌نگی و فشاره ئیقلیمیه‌كه، شكستی خواردبوو، ئه‌و هه‌موو راستیانه‌مان ده‌زانی، بۆیه ده‌بوو ژیرانه‌تر هه‌ڵبسوڕێین و كه‌مترین پاساو بده‌ینه ده‌ست فاشیه‌كان، كه‌چی له‌و كاته‌دا، نه‌ك نه‌مانتوانی جیاوازیه‌كان و هه‌ڵه‌كان سه‌باره‌ت به سكرتێری كۆمه‌ڵه كه‌مبكرێنه‌وه، به‌ڵكو ناوبراو ناكۆكیه‌كانی له مه‌یدانی سیاسه‌تو فكره‌وه، گه‌یانده ئاستێكی ترسناك، ئه‌ویش بواری عه‌سكه‌رییه، بڕیاری هه‌ره‌مه‌ترسیداریش له‌و كاته‌دا، ئه‌وه بوو به‌بێ ره‌زامه‌ندی سكرتێری گشتی، كه فه‌رمانده‌ی گشتی هێزی (پ.م)ش بوو، به‌ڵكو به‌بێ ره‌زامه‌ندی زۆربه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیش، فه‌رمانی عه‌سكه‌ری دابوو به فه‌رمانده‌و هه‌ڤاڵانی ده‌ڤه‌ری هه‌ڵه‌بجه، كه وه‌كو به‌شێك له هاوكێشه عه‌سكه‌رییه‌كانی جه‌نگی عێراق – ئێران هه‌وڵی رزگاركردنی هه‌ڵه‌بجه بده‌ن. گوایه بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی گوشار بوو بۆ سه‌ر سه‌ركردایه‌تی كه رژێم په‌لاماری ده‌دا. ئه‌م بڕیاره‌ش به‌و شێوه‌یه، به‌بێ لێكدانه‌وه‌ی هه‌لومه‌رجی جه‌نگه‌كه‌و سروشتی فاشیانه‌ی سه‌دامیه‌كان له دوو ساڵی كۆتایی جه‌نگه‌كه‌دا، پاساوی دایه ده‌ست سه‌دام كه سروشته فاشیه‌كه‌ی به‌رۆژی روناك، به‌بێ دوودڵیی له شاری هه‌ڵه‌بجه‌دا جێبه‌جێ بكات. كه ئه‌گه‌ر هاتباو ئه‌م نه‌خشه‌یه له مه‌كته‌بی سیاسی و له‌گه‌ڵ سكرتێر‌و فه‌رمانده‌ی گشتی (پ.م)دا، باسكراباو تاوتوێ بكرایه، بێگومان رێگه نه‌ده‌درا رێگه‌ی وا بگیرێته به‌ر. به‌ڵكو هه‌وڵ ده‌درا نه‌خشه‌و تاكتیكی عه‌سكه‌ری گونجاوتر له‌و هه‌لومه‌رجه‌دا بگیرێته به‌ر. به تایبه‌تی حكومه‌ت پێشتر هه‌ڕه‌شه‌ی بۆ ناردبوین كه هه‌ر په‌لامارێك له‌گه‌ل پاسداران بۆ سه‌ر هه‌ر شوێنێك، به به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیاوی جوابی ده‌بێت، ته‌نانه‌ت گه‌ر شاری سلێمانیش بێت. سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌م راستیانه‌ش، ئۆباڵی تاوانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌و سه‌رانسه‌ری كوردستان، له ئه‌ستۆی به‌عسی سه‌دامدایه.
كه كاره‌ساته‌كه روویداو حوكمی دیكتاتۆری هه‌ڵه‌بجه‌ی دایه به‌ر چه‌كی كیمیاوی، ناڕه‌زایی له‌سه‌ر سه‌پاندنی بڕیاره‌كه، كه به‌بێ ره‌زامه‌ندی مه‌كته‌بی سیاسی ده‌ركرابوو، له‌لایه‌ن چه‌ندین هه‌ڤاڵه‌وه به‌رزبۆوه. به‌لام تازه كار له كار ترازابوو."
#
له‌مێژه وتویانه سه‌ركه‌وتن هه‌زار باوكی هه‌یه به‌ڵام شكان هه‌تیوه.
تاڵه‌بانی له‌مێژ بو گه‌یشتبوه ئه‌و باوه‌ڕه‌ی رژێمی به‌عس له عێراق ئه‌وه‌نده به‌هێز بوه كه موعاره‌زه‌ی عیراقی، به كورد و به‌ئه‌ویشه‌وه، له توانایدا نیه بیرۆخێنێ. باوه‌ڕی وابو روخانی رژێمی سه‌دام به "عامیلی خاریجی" و به "هێزی ده‌ره‌كی" ئه‌كرێت. هه‌ر بۆیه بایه‌خێكی تایبه‌تی ئه‌دا به سوریا و لیبیا به هیوای سازدانی ئینقیلابی عه‌سكه‌ری. كه له‌وان بێ ئومێد بو په‌نای برده به‌ر كۆماری ئیسلامی ئێران كه ئه‌و كاته له‌گه‌ڵ جه‌یشی عێراق، له جه‌نگێكی خوێناویه‌وه گلا بو، به‌شكو به هاوكاری جه‌نگی و سیاسی ئیران، عێراق بروخێ.
له چوارچێوه‌ی ئه‌م ستراتیجیه‌دا هێشتا مفاوه‌زاتی یه‌كیتی به ته‌واوی له‌گه‌ڵ عێراق كۆتایی نه‌هاتبو، له هه‌وڵی دامه‌زراندنی پێوه‌ندی دا بو له‌گه‌ڵ ئێران.
دوای چه‌ندین هاتوچوی نوێنه‌رانی هه‌ردولا و، دوای چه‌ندین هه‌ڵكشان و داكشان له دانوستانه‌كانی نوێنه‌رانی هه‌ردولادا زه‌مینه‌ی پێكهاتن ساز بو. تاڵه‌بانی له‌گه‌ڵ شاندێكی یه‌كێتی كه پێكهاتبو له فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر، دكتۆر كه‌مال خۆشناو، محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم، شێردڵ حه‌وێزی... چوه تاران.
له‌مانگی 10 ی 1986 دا له‌تاران، به نوێنه‌رایه‌تی یه‌كێتی له لایه‌ن تاڵه‌بانی و به نوێنه‌رایه‌تی ئێران له لایه‌ن محه‌مه‌د باقیر زولقه‌در (فه‌رمانده‌ی ئه‌وسای قه‌رارگای ره‌مه‌زان) رێككه‌وتنێكی جه‌نگی و سیاسی و لۆجستی بۆ هاوكاری و هاوئاهه‌نگی هێزه‌كانی هه‌ردولا دژی جه‌یشی عێراق له هه‌مو بواره‌كان دا ئیمزا كرا.
به پێی ئه‌م رێكه‌وتنه ئه‌بو هێزه‌كانی یه‌كێتی له هه‌مو بوارێكی جه‌نگی دا، هاوكاری و هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ئێران بكا و، تا روخانی سه‌دام درێژه به شه‌ڕ بدا و بێ ئاگادرای ئێران و ره‌زامه‌ندی ئه‌و هیچ مفاوه‌زه‌و ئاشتیه‌ك له‌گه‌ڵ عیراق نه‌كا.
دوای ئه‌م رێككه‌وتنه زنجیره‌یه‌ك عه‌مه‌لیاتی عه‌سكه‌ری هاوبه‌شی پێشمه‌رگه‌ی یه‌كێتی و لایه‌نه‌كانی تر له‌گه‌ڵ سپای پاسداران به ئاشكرا له ژێر ناوه‌كانی "فه‌تح" و "نه‌صر" و "فه‌جر" ... ده‌ستی پێ كرد‌و به‌دوی ئه‌ویش دا ده‌یان عه‌مه‌لیاتی تر ئه‌نجام درا، كه‌یه‌كێكیان "داستانی رزگاری" بو له ناوچه‌ی چوارتا نزیك باره‌گاكانی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی، كه له ژێر سه‌رپه‌رشتی راسته‌وخۆی خودی تاڵه‌بانی دا بو، به هاوكاری و هاوئاهه‌نگی راسته‌وخۆ له گه‌ڵ محه‌مه‌د باقیر زولقه‌در، دواتر سه‌رۆكی ستادی سپای پاسداران، و عه‌لی شه‌مه‌خانی، دواتر فه‌رمانده‌ی نیروی ده‌ریایی ئینجا وه‌زیری دیفاع.
هه‌ر هاوكاری‌و هاوئاهه‌نگیه‌ك له نێوان من یان هه‌ر سه‌ركرده یان فه‌رمانده یا پێشمه‌رگه‌یه‌كی یه‌كێتی له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ئیران كرابێ، به پێی ئه‌م رێكه‌وتنه بوه، كه ئاغای تاڵه‌بانی ئیمزای كرد بو. پاكانه به بیانوی بێئاگاییه‌وه له‌م عه‌مه‌لیاته، له لێپرسراوێتی سیاسی و قانونی ئه‌و كه‌م ناكاته‌وه، هێشتا سه‌دان كه‌س له ئاگاداره‌كانی ئه‌و په‌یوه‌ندی و هاوكارییانه شایه‌تی زیندون و، پاكانه‌ش بۆ سه‌دام و رژێمی به‌عس، به بیانوی ئه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی پێشه‌كی‌یان لێ كردوه، هیچ له لێپرسراوێتی سه‌دام و هاوڕێكانی كه‌م ناكاته‌وه، ئه‌وه دادگای تاوانه‌كان له به‌غداد خه‌ریكی لێپرسینه‌وه‌یه.
پێش هه‌ڵه‌بجه له چه‌ندین مه‌یدانی جه‌نگیدا له پارێزگاكانی سلێمانی، كه‌ركوك، هه‌ولێر، دیاله... كاری هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ ئێران كرابو، ئازادكردنی هه‌ڵه‌بجه كه به وێرانكردنی هه‌ڵه‌بجه و قڕكردنی خه‌ڵكه‌كه‌ی ته‌واو بو به‌شێك بو له نه‌خشه‌یه‌كی جه‌نگیی فراوان بۆ ئازادكردنی ناوچه‌كانی هه‌ڵه‌بجه، قه‌ڵادزه، رانیه، دوكان‌و چوارتا... كاتێك كه ئازادكردنی هه‌ڵه‌بجه له ئه‌نجامی كیمیابارن دا بو به كاره‌سات، واز له جێبه‌جێكردنی ته‌واوی نه‌خشه‌كه هێنرا.
پێش هه‌ڵه‌بجه حكومه‌تی به‌عس كه‌م جێگه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پێشمه‌رگه هه‌بو كیمیابارانی نه‌كردبێ، چه‌ندین ناوچه‌ی له خۆشناوه‌تی، بیتوێن، پشده‌ر، به‌ری مه‌رگه، دۆڵی جافه‌تی، به‌ری قه‌ره‌داغ، بادینان، ده‌شتی كۆیه، ده‌شتی كه‌ركوك... كیمیاباران كردبو. حكومه‌تی به‌عس ته‌نیا به ته‌سلیمبون و كۆتاییهێنان به شۆڕش ده‌ستی له كیمیاباران هه‌ڵئه‌گرت، به تایبه‌تی له سایه‌ی بێده‌نگی ئه‌مه‌ریكاو زلهێزه‌كانی دنیادا.
ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ی تاڵه‌بانی باسی ئه‌كات ئه‌گه‌ر به‌و گه‌یشتبێت، به من نه‌گه‌یشتوه، چونكه ئه‌و زه‌مانه به‌عس هیچ رێگه په‌یوه‌ندیه‌كی له‌گه‌ڵ من نه‌بو تا ئه‌و هه‌واڵه‌م پێ بگه‌یه‌نێ، ئاغای تاڵه‌بانیش شتی وای به ئێمه نه‌وتبو.. ئۆباڵی گوێنه‌دان به‌م هه‌ڕه‌شه‌یه، ئه‌گه‌ر راست بێ، له ئه‌ستۆی ئه‌ودایه.
پێویست ناكات له سه‌ر كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه درێژه‌ی پێ بده‌م، چونكه خوالێخۆشبو شه‌وكه‌تی حاجی موشیر كتێبێكی له ژێر سه‌رناوی "كاره‌ساتی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه - به‌هاری 1988" له سه‌ر نوسیوه و ساڵی 1998 له‌سه‌ر ئه‌ركی تاڵه‌بانی له سلێمانی چاپی كردوه.
هه‌ركه‌س ئه‌و كتێبه بخوێنێته‌وه ئه‌زانی كه:
فه‌رمانده‌ی عه‌سكه‌ری عه‌مه‌لیاته‌كه شه‌وكه‌تی حاجی مشیر بوه و،
لێپرسراوی سیاسی عه‌مه‌لیاته‌كه دكتۆر فوئاد مه‌عسوم و فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر بون و،
لێپرسراوی لۆجستی عه‌مه‌لیاته‌كه ساڵح محه‌مه‌د ئه‌مین بوه.
یه‌كێ له‌و به‌ڵگانه‌ی له‌م كتێبه‌دا بڵاو كراوه‌ته‌وه وێنه‌ی نامه‌یه‌كی فوئاد مه‌عسومه بۆ شه‌وكه‌ت كه تیا نوسیوه: "هومێدی سه‌ركه‌وتنت بۆ ده‌كه‌م له كاره پیرۆزه‌كه" دا كه ناڕاستیی هه‌مو قسه‌كانی تاڵه‌بانی ئه‌سه‌لمێنێ.
ئه‌و زه‌مانه مه‌كته‌بی سیاسی پێكهاتبو له 5 ئه‌ندام: سكرتێری گشتی، دو نوێنه‌ری شۆڕشگێران - كه فوئاد مه‌عسوم و نازم عومه‌ر بون و، دو نوێنه‌ری كۆمه‌ڵه - كه یه‌كێكیان من‌و ئه‌ویتریان فه‌ره‌یدون بو.
عه‌مه‌لیاتی وا گه‌وره كه سه‌دان فه‌رمانده و به‌رپرس‌و چه‌ندین لایه‌نی سیاسی كوردستانی‌و عێراقی (پارتی، سوشیالیست، بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی، فه‌یله‌قی به‌در) ی تێدا به‌شدار بێت، باره‌گای چه‌ندین لایه‌نی سیاسی ئێرانی (له‌وانه دیموكرات‌و كۆمه‌ڵه) بكه‌وێته به‌ر مه‌ترسی، نه‌ئه‌كرا بێ ئاگاداری‌و ره‌زامه‌ندی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی‌و به تایبه‌تی شه‌خسی تاڵه‌بانی ئه‌نجام بدرێت. خۆ بێئاگاكردنی ئاغای تاڵه‌بانی له‌و مه‌سه‌له‌یه چه‌واشه‌كاریه‌كی ئاشكرایه له‌به‌رده‌م ته‌وژمی روداوه‌كاندا خۆی ناگرێت.
له‌و سه‌رده‌مه‌دا كه ئێمه به دڵی شكاو و ده‌رونی برینداره‌وه باسی ئه‌وه‌مان ئه‌كرد چۆن هه‌وڵی "ئازادكردنی هه‌ڵه‌بجه" بو به "كاره‌ساتێكی ئینسانی"، ئاغای تاڵه‌بانی بێ هیچ سڵه‌مینه‌وه‌یه‌ك ئه‌یوت: "كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه مه‌سه‌له‌ی كوردی برده ناو مه‌یدانی ناوده‌وڵه‌تیه‌وه... ئاخ بۆ دووسێ هه‌ڵه‌بجه‌ی تر".
#
بوشی باوك: رزگاری بۆ كوه‌یت و فیدراڵی بۆ كوردستان!
تاڵه‌بانی له راپۆرته‌كه‌ی دا ئه‌ڵێ:
"ئه‌مریكیه‌كان به سكرتێری گشتی ی.ن.ك یان راگه‌یاند، كه ئه‌گه‌ر بێت و هاوكاری هێزی هاوپه‌یمانان بۆ رزگاركردنی كوێت بكه‌ن، ئه‌وا هه‌م یارمه‌تییه‌كی باشی چه‌ك و ماددی ده‌ده‌ن به‌كوردو هه‌م پاشان فیدرالیه‌تیشی له عیراقدا بۆ ده‌سه‌لمێنن و ده‌سه‌پێنن. سكرتێری گشتیش، داوای له نه‌وشیروان كرد، كه له‌گه‌ل هه‌ڤاڵانی سه‌ركردایه‌تی و پارتیش دراسه‌ی بكه‌ن و وه‌لامی بده‌نه‌وه. ئه‌ویش وا وه‌لامی سكرتێری گشتی دایه‌وه: كه ئه‌وه په‌سه‌ند نییه، چونكه سه‌دام هه‌ر به خۆشی له كوێت ده‌كشێته‌وه‌و شه‌ڕه‌كه‌ش تووشی ئێمه ده‌بێت. به‌م هه‌ڵوێسته هه‌ڵه‌یه هه‌ڵێكی مێژوویی له كیس كورد دا، ئه‌گینا دوای رزگاری كوێت، به‌تایبه‌تی كه‌زۆربه‌ی زۆری كوردستان‌مان رزگاركردبوو، فیدراڵمان بۆ ده‌چه‌سپا."
#
تاڵه‌بانی له‌پێش ده‌ست پێكردنی عه‌مه‌لیاتی ئه‌نفاله‌وه به 3 مانگ سه‌فه‌ری ده‌ره‌وه‌ی كردبو، له كاتی راوه‌ستانی شه‌ڕی عێراق‌و ئێران‌دا ئه‌و چه‌ند مانگ بو خۆی له‌ده‌ره‌وه ئه‌گنخاند، هه‌میشه بیانوی ناڕاستی دائه‌تاشی بۆ مانه‌وه‌ی هه‌رچی درێژتری له‌ده‌ره‌وه‌ی كوردستان.
تاڵه‌بانی له كاتی هێرشی جه‌یشی عیراق دا بۆ سه‌ر كوه‌یت له ده‌ره‌وه‌ی كوردستان بو. له‌دوای داگیركردنی كوه‌یت سه‌فه‌ری ئه‌مه‌ریكای كرد. به بروسكه ره‌ئی منیشی پرسی، كه له‌وێ داوای چی بكا. من سه‌فه‌ره‌كه‌یم پێ باش بو. پێشنیارم بۆ كرد هه‌رچیه‌كی پێ ئه‌كرێت بۆ دژایه‌تی رژێمی به‌عس و بۆ روخاندنی بیكات، به‌ڵام له به‌ر ئه‌وه‌ی زۆری میلله‌ته‌كه‌مان له ئۆردوگاكان دا وه‌كو دیلی جه‌نگ كۆكراونه‌ته‌وه و چه‌ندین هاوڕێمان له زیندانه‌كانی به‌عس دان، خۆی له "ته‌سریحاتی رۆژنامه‌وانیی ئیستیفزازی" بپارێزێ. هه‌رچیش به ئێمه ئه‌كرێت بیكه‌ین. له‌و كاته‌دا ئێمه، له قاسمه‌ڕه‌ش، به‌وپه‌ڕی جدیه‌ته‌وه، خه‌ریكی خۆ ئاماده‌كردن بوین بۆ راپه‌ڕین. ورده‌كاری نه‌خشه‌ی كاره‌كانی خۆمان بۆ سازدانی پێشمه‌رگه و راپه‌ڕاندنی خه‌ڵك له شاره‌كان، به نوسین و به‌درێژی، به ده‌ستی، به دانای ئه‌حمه‌د مه‌جیدا، كه ئه‌وسا نوێنه‌ری یه‌كێتی بو له كرماشان، بۆ ناردبو بۆ دیمه‌شق، ئه‌ویش سوریه‌كانی لێ ئاگادار كرد بو.
ئیداره‌ی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكی بوشی باوك، له‌و هه‌لومه‌رجه‌دا، ئاماده نه‌بو نه تاڵه‌بانی و نه هیچ كه‌سێكی تری موعاره‌زه‌ی عیراقی ببینێ، چونكه ئامانجی ئه‌مه‌ریكا له‌و شه‌ڕه‌دا ته‌نیا ده‌ركردنی جه‌یشی عێراقی بو له كوه‌یت‌و رزگاركردنی كوه‌یت بو له داگیركردنی عێراق. روخانی رژێمی به‌عس‌و لابردنی سه‌دام له‌به‌رنامه‌ی ئه‌مه‌ریكادا نه‌بو، چونكه ئه‌مه هاوسه‌نگی هێزه‌كانی نێوان ئێران- عێراق و ئێران- خلیجی تێك ئه‌دا.
وتاره‌كانی بوشی باوك و وته‌بێژه‌كانی كۆشكی سپی و پێنتاگۆن و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له رۆژانی كۆڕه‌ودا، كه رای گشتی جیه‌انی وروژا بو داوای ده‌ستێوه‌ردانی جیهانی‌یان ئه‌كرد، ئه‌م راستیه ده‌رئه‌خه‌ن. ئه‌وان به ئاشكرا ئامانجی خۆیان رونكرده‌وه. هه‌ركه‌س بیه‌وێ له‌راستی ئه‌مه بكوڵێته‌وه ئه‌توانێ بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئارشیفی قسه‌كانی ئه‌وكاته‌ی سه‌رۆك بوش كه وتی: "من ئاماده نیم یه‌ك سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی بنێرم بۆ ناو زه‌لكاوی عێراق".
تاڵه‌بانی له‌سه‌فه‌ره‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكادا ئه‌گه‌رچی هه‌وڵی زۆری داب‌و كاربه‌ده‌ستانی ئه‌مه‌ریكی ببینێ، ته‌نانه‌ت بۆ خۆنزیككردنه‌وه له كاربه‌ده‌ستانی ئه‌مه‌ریكی، به‌رتیلێكی سیاسی خۆڕایی دابونێ. ته‌سریحێكی ئاگرینی دا كه له "واشنتۆن پۆست" دا بڵاوكرابوه‌وه وتبوی: "ئه‌گه‌ر سه‌رۆك بوش رازی بێ 10 هه‌زاركه‌س له پیاوه‌كانم ئه‌نێرم بۆ كوه‌یت شان به شانی سپای ئه‌مه‌ریكی شه‌ڕی جه‌یشی عێراق بكه‌ن..."
تاڵه‌بانی به ه‌ۆی چه‌ند رۆژنامه‌نوسێكی ناسراوه‌وه وه‌ك جوناسان راندال كارمه‌ندێكی بچوكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی له‌چایخانه‌یه‌ك دا بینی بو، ئه‌ویش به ئاشكرا و، بێ هیچ پێچوپه‌نایه‌ك، پێی وتبو: "ئه‌مه‌ریكا له‌و كاته‌دا ئاماده نیه له‌گه‌ڵ موعارزه‌ی عێراق په‌یوه‌ندی دروست بكا".
مه‌سه‌له‌ی ئه‌م به‌ڵێنه‌ی كه به‌و دراوه حیكایه‌تێكه خۆی دروستی كردوه، به‌مه گه‌ره‌كێتی سۆزی ه‌اوڵاتیانی كوردستان بۆ سودی خۆی و سه‌لماندنی گرنگیی سه‌فه‌ره بێهوده‌كانی به كار بهێنێ، وا له خه‌ڵك بگه‌یه‌نێت كه ده‌وڵه‌تی ئه‌مه‌ریكاش - وه‌ك ئیداره‌ی سیاسی سه‌رده‌می سه‌رۆكایه‌تیه‌كی خۆی ـ بێ سه‌روبه‌ره‌و ئه‌ویش بێ ره‌زامه‌ندی ده‌زگا پێوه‌ندیداره‌كانی كۆنگرێس و سێنات و ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و وه‌زاره‌ته‌كانی به‌رگری‌و ده‌ره‌وه، ئه‌توانێ به‌ڵینی درۆ به‌م و ئه‌و بدات.
نه ئه‌و سه‌رده‌مه، سه‌رۆك بوشی باوك و، نه دوای ئه‌ویش سه‌رۆك كلینتۆن و، نه‌دوای ئه‌وانیش سه‌رۆك بوشی كوڕ و، نه ئێستاش سه‌رۆك ئۆباما، هیچكامیان به‌ڵینی له‌و بابه‌ته‌یان به تاڵه‌بانی و به هیچ كوردیكی تر نه‌داوه.
سه‌رۆك بوشی باوك و كاربه‌ده‌سته باڵاكانی سه‌رده‌می ئه‌و هه‌مویان زیندون. ئه‌گه‌ر بشمرن ئارشیفی به‌ڵگه‌كانیان له‌ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان دا ئه‌مێنێ. لێكۆڵه‌ره‌وه‌یه‌كی سیاسی ته‌نانه‌ت رۆژنامه‌وانێكی وریا ئه‌توانێ بچێته بنجوبناوانی ئه‌م قسه‌یه‌ی تاڵه‌بانی و ده‌رئه‌كه‌وێ كه شوبهاندنی ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكی له به‌خشینی به‌ڵین‌و پاره‌و چه‌ك و پشتیوانی، كه له ئه‌مه‌ریكا، به پرۆسه‌یه‌كی قانونی درێژدا تێ ئه‌په‌ڕێ و، شوبهاندنی به ئیداره‌ی كوردی كه به ئاره‌زوی خۆی ئه‌توانێ ئه‌و شتانه بێ پرۆسه‌ی قانونی و په‌رله‌مانی تێپه‌ڕێنێ، درۆیه‌كی چه‌ند زله بۆ چه‌واشه‌كردنی رای گشتی كوردی.
خۆ ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی به‌ڵێنی وه‌های پێ درا بو ئه‌بو ئاگاداری سه‌ركردایه‌تی "به‌ره‌ی كوردستان" ی بكردایه و، به پێشنیارێكی فه‌رمی ره‌وانه‌ی سه‌ركردیاتی به‌ره‌ی كوردستانی بكرایه، بۆ ئه‌وه‌ی تاوتوێی بكات و بڕیاری لێ بدات. چونكه سه‌ركردایه‌تی به‌ره پێكهاتبون له سه‌ر ئه‌وه‌ی هیچ لایه‌ك به ته‌نیا بڕیاری كاری چاره‌نوسساز نه‌دا، به تایبه‌تی له‌و سه‌رده‌مه‌دا مه‌سعود بارزانی به‌رپرسی یه‌كه‌می كاروباری به‌ره بو له كوردستان و تاڵه‌بانی به‌رپرسی كاروباری هه‌نده‌ران بو. من به‌شبه‌حاڵی خۆم له‌م راپۆرته‌دا ئه‌و حیكایه‌ته‌م خوێندۆته‌وه. بۆ خۆشبه‌ختی سه‌رانی به‌ره‌ی كوردستانی هه‌مویان زیندون ئه‌توانن راستی و ناڕاستی ئه‌م حیكایه‌ته ساخ بكه‌نه‌وه.
#
پاشهاته‌كانی ئه‌نفال: گلان و هه‌ڵسانه‌وه
تاڵه‌بانی له راپۆرته‌كه‌ی دا ئه‌ڵێ:
"ناكۆكیه‌كی تری سه‌ره‌كی له‌نێوانماندا، له‌سه‌روبه‌ری راوه‌ستانی شه‌ڕی ئێران- عیراق بوو، له‌وساته‌دا سكرتێری كۆمه‌ڵه باوه‌ڕی به‌شۆڕش نه‌مابوو، له‌دوای شه‌ڕی سه‌ركردایه‌تی وره‌ی به‌ردابوو، به‌په‌له‌پروزه ناوچه‌كه‌ی به‌جێهێشت به‌سه‌ر هه‌ڤاڵانی سه‌ركردایه‌تیدا بێ ئه‌وه‌ی پرس و راوێژیان پێ بكات. به‌تایبه‌تی له‌دوای ئه‌نفاله‌كان. كه سه‌دان خێزان و هه‌زاران كه‌س له‌گه‌ل یه‌كێتی له‌پاشه‌كشه‌دا كه‌وتبوون و پێویستیان به‌هاوكاری و رێنوێنی هه‌بوو، به‌لام سكرتێری كۆمه‌ڵه به‌ئاره‌زووی خۆی بڕیاری ده‌داو سه‌ره‌نجام سه‌ربه‌خۆ كه‌وته بلاوه‌پێكردنی شۆڕش‌و ده‌ستی كرد به‌ناردنه ده‌ره‌وه‌ی كادیره‌كانی نزیك له‌خۆی و ه‌اندانی پێشمه‌رگه‌ش بۆ چونه ماڵی خۆیان یان بۆ ئێران. به‌كه‌ڵكوه‌رگرتن له‌ده‌سه‌لاتی جێگری سكرتێری گشتی له‌غیابی سكرتێری گشتیدا، خه‌ریك بوو شۆڕشه‌كه بلاوه پێ بكات. ئه‌گه‌ر به‌رهه‌ڵستی هه‌ڤالان كاك كۆسره‌تو هه‌ڤال جه‌بار فه‌رمان و چه‌ند هه‌ڤاڵێكی شۆڕشگێڕیان نه‌با، به‌ره‌سمی بڕیاری بلاوه‌پێكردنی شۆڕشی ده‌دا. سه‌ره‌نجامی ئه‌م سیاسه‌ته‌و ئه‌م باوه‌ڕه‌ی كه‌وته هه‌ڵگرتنی دروشمی گفتوگۆ له‌گه‌ل سه‌دام و پروپاگه‌نده بۆ نه‌مانی توانای درێژه‌دان به شۆڕش. بۆ رازیكردنی سكرتێری گشتیش، كه له‌سوریه بوو، هه‌ڤال عومه‌ر عه‌بدوڵلا یان نارده لای. به‌لام سكرتێری گشتی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی په‌سه‌ند نه‌كردو به‌قسه به‌ناوبانگه‌كه‌ی وه‌لامی دانه‌وه، كه خه‌بات درێژه پێده‌ده‌ین تا سه‌دام هه‌ر ده‌ڕوخێنین.
لێره‌وه ناكۆكی نێوان سكرتێری گشتی و جێگره‌كه‌ی زۆر توند‌و قول بوو. هه‌ر به‌وه خاوكرایه‌وه كه پاشان (م.س) بڕیاری دا شۆڕش به‌شێوه‌ی شه‌ڕی پارتیزانی درێژه‌ی هه‌بێت و خه‌بات شان به‌شانی موعاره‌زه‌ی عیراقیش دژی دیكتاتۆریه‌ت درێژه‌ی هه‌بێت، خۆشمان ده‌ست بكه‌ین به دروستكردنی ده‌سته‌ی چه‌كدار له‌شاره‌كان و ئۆردوگاكان بۆ رۆژی خۆی. چونكه ئێمه پێمان وابوو، كه سه‌دام كه‌تنێك له‌گه‌ل كوێت، هه‌ر ده‌كات، ئه‌مریكاو ئه‌وروپاش هه‌ر لێی ده‌ده‌ن. له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش له‌گه‌ل نه‌وشیروان ناكۆك بووین، چونكه ئه‌و پێی وابوو كه له‌سه‌دام نادرێت، ته‌نانه‌ت دوای په‌لاماردانی كوێتیش پێی وابو سه‌دام ده‌كشێته‌وه، بۆیه داوای گفتوگۆی له‌گه‌ل سه‌دام ده‌كرد. ئه‌وه‌بوو، بێ پرسی هه‌ڤاڵانیش، به‌تایبه‌تی سكرتێری گشتی، كه‌وته نامه‌ناردن بۆ سه‌دام و هه‌وڵدانی لاواز بۆ رێكه‌وتنێكی لاواز به‌هیوای ئه‌وه‌ی سیاسه‌تی خۆی بباته‌سه‌ر. كه‌چی نه‌ك سه‌دام ئاماده‌نه‌بوو چاره‌سه‌رێكی لاوازیش بۆ كێشه‌كه بسه‌لمێنێ، به‌ڵكو شه‌خسی خۆی ئاماده نه‌بوو وه‌لامی یه‌ك نامه‌ی جێگری سكرتێری یه‌كێتیی بداته‌وه، ته‌نیا داوای زاره‌كی ئه‌وه‌بوو كه (یاخیبووه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه ریزی نیشتمانی) ئه‌مه‌ش هه‌ر بیروبۆچونه‌كانی هێڵی روخاندنی سه‌دامی سه‌لمانده‌وه، كه رژێم شۆڤێنی و فاشییه‌و مافی دیموكراتی هه‌رگیز نادات."
#
هه‌ركه‌س باسی ئه‌نفال و پاشهاته‌كانی ئه‌نفالی بكردایه، ئه‌بو تاڵه‌بانی خۆی له قه‌ره‌ی ئه‌و باسه نه‌دایه. چونكه ئه‌و ئه‌یزانی گه‌وره‌ترین هێرشی ئه‌و جه‌یشه زه‌به‌لاحه‌ی سه‌دام بۆ شه‌ڕی ئێرانی دروست كردبو، به‌ڕێوه‌یه بۆ سه‌ر كوردستان. كه‌چی بۆ ئه‌وه‌ی خۆی له‌و ئاگره سوره دور رابگرێت، سه‌فه‌رێكی بۆ ئێران رێكخست‌و له‌وێوه فڕی بۆ ده‌ره‌وه و تا سه‌ركه‌وتنی كورد له راپه‌ڕیندا و تا ئازادكردنی هه‌مو كوردستانی عێراق نه‌گه‌ڕایه‌وه بۆ كوردستان. له گه‌ڕانه‌وه‌شی دا كه توشی شكان‌و كۆڕه‌و بوین، له‌باتی به‌رگریكردن و كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌و هه‌له‌ی كۆڕه‌و له ئاستی ناوده‌وڵه‌تی دا بۆ كوردی ره‌خساند، به هه‌ڵه‌داوان چوه به‌غدا و به جۆرێكی شه‌رمه‌ێنه‌ری ئه‌وتۆ ئه‌ملاوئه‌ولای سه‌دامی ماچ كرد، بوه هه‌واڵی یه‌كه‌می ده‌زگاكانی راگه‌یاندن له سه‌رانسه‌ری دنیادا.
تاڵه‌بانی و هه‌ندێ له هاوبیره‌كانی پێیان وا بو: له دوای ئه‌نفال ئیتر ئیشمان به پێشمه‌رگه نه‌ماوه، بۆیه ئه‌و دیسان سوریای كرده‌وه به باره‌گای سه‌ره‌كی خۆی و، بۆئه‌وه‌ی باری سوك بێ و ئیلتزاماتی مادی كه‌م بێ، ئه‌یویست جگه له ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی‌و ژماره‌یه‌كی كه‌می كادری سیاسی و ئیعلامی و پێشمه‌رگه‌یی، ئه‌وه‌ی تری "ره‌شایی له‌شكر" به هه‌ر جۆرێ بێ له كۆڵی بێته‌وه.
له سوریا بایه‌خی زۆری به‌كاری راگه‌یاندن‌و چاوپێكه‌وتنی رۆژنامه‌یی ئه‌دا، بۆیه كه به‌ره‌ی كوردستانی دامه‌زرا ئه‌و خۆی ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژارد كه به‌رپرسی چالاكیه‌كانی به‌ره‌ی كوردستانی بێ له هه‌نده‌ران. به‌ڵام كه سه‌دام گه‌وجێتیه گه‌وره‌كه‌ی كرد و كوه‌یتی داگیر كرد، ئینجا كه‌وته‌وه جۆش و خر‌ۆش بۆ سازدان‌و كۆكردنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه.
ئه‌گه‌رچی هه‌میشه باوه‌ڕم به‌وه هه‌بوه كه شان به شانی كاری چه‌كدار و ململانێی توندوتیژ ئه‌شێ گفتوگۆی ژیرانه و دانوسه‌ندنی سیاسی رێگه‌یه‌كی تر بێ بۆ به لادا خستنی كێشه‌ی سیاسی و دواخستنی ململانێی خوێناوی، به‌ڵام به درێژایی ژیانم، نه ئه‌و كاته‌و نه پێش ئه‌وكاته‌و نه دوای ئه‌و كاته، هه‌رگیز نامه‌م بۆ سه‌دام حسێن و بۆ هیچ كام له كاربه‌ده‌ستانی به‌عس نه‌نوسیوه. له كاتێكدا ره‌نگه ئاغای تاڵه‌بانی ده‌یان نامه‌ی به خه‌تی خۆی و به ئیمزای خۆی بو سه‌دام حسێن‌و به‌رزانی برای‌و سه‌بعاوی برای و بۆ عیزه‌ت دوری و كاربه‌ده‌ستانی تری به‌عس نوسی بێ و، دوای روخانی به‌عس و به تاڵان چونی به‌ڵگه‌كانی عێراق، وێنه‌ی هه‌ندێكیان كه‌وتۆته ده‌س ده‌زگا و ده‌وڵه‌تی جیاواز و، رۆژێ دێ روناكی ببینن.
له‌دوای ئه‌نفال زیاتر له بیست مانگ من له سه‌ر سنور له قاسمه‌ڕه‌ش، نۆكان و شێنێ، بوم. ئه‌متوانی منیش وه‌كو ئاغای تاڵه‌بانی بچم له یه‌كێ له پایته‌خته خۆشه‌كانی وڵاتانی ئه‌وروپا پاڵی لێ بده‌مه‌وه له‌وێوه قسه‌ی زلی بێ گومرگ بكه‌م و قاره‌مانێتی به هاوڕێكانم بفرۆشمه‌وه، به‌ڵام من ئه‌وه‌م نه‌كرد، له گه‌ڵ هاوڕێكانم و له گه‌ڵ هاوسه‌نگه‌ره‌كانم و له گه‌ڵ هاوڵاتیه لێقه‌وماوه‌كانم دا مامه‌وه. ته‌نیا شتیش كه ئه‌وه‌ی پێ ئه‌كردم خۆشه‌ویستی نه‌ته‌وه و نیشتمانه‌كه‌م بو، ئه‌گینا هه‌مو شاره‌زایه‌ك ئه‌زانێ ئه‌و زه‌مانه له‌و زه‌مینه‌دا هیچ خۆشیه‌كی دنیایی یا هیچ ده‌سكه‌وتێكی مادی نه‌بو كه‌سێ به دیاریه‌وه دابنیشێ، به‌ڵام له‌وێ به هاوكاری‌و به یارمه‌تی هاوڕێكانم "له غیابی سكرتێری گشتی" دا، وه‌ك خۆی نوسیوێتی، "پایه‌كانی ستراتیجی قۆناغی نوێ‌ی كار" مان له‌سه‌ر 4 بناغه دانا:
1. كاری رێكخراوه‌یی – سیاسی
2. كاروباری راگه‌یاندن
3. كاری پێشمه‌رگه‌یی
4. كاری دیپلۆماسی
"له غیابی سكرتیری گشتی دا" له‌و ماوه‌یه‌دا "به‌ره‌ی كوردستانی" مان پێكهێنا و، بۆ یه‌كه‌مجار له مێژوی شۆڕشه‌كانی كوردا بناغه‌ی دۆستایه‌تیه‌كی به‌هێزمان له‌گه‌ڵ پارتی دیمۆكراتی كوردستان و لایه‌نه كوردستانیه‌كان دامه‌زراند، كه دواتر له راپه‌ڕین و كۆڕه‌و و مفاوه‌زات و دامه‌زراندنی یه‌كه‌مین ته‌جروبه‌ی حوكمڕانی كوردا ره‌نگی دایه‌وه.
"له غیابی سكرتێری گشتی دا" لایه‌نی كه‌می ژیانی پێشمه‌رگه‌مان، بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و بتوانێ هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كی دارایی‌مان بۆ په‌یدا بكا، دابین كرد. نه‌مانهێشت جیاوازی چینایه‌تی له ژیانی كادر‌و تێكۆشه‌ر‌و پێشمه‌رگه‌كانی یه‌كێتی دا دروست ببێ.
"له غیابی سكرتێری گشتی دا" نه‌مانهێشت ده‌زگای راگه‌یاندن له كار بكه‌وێت، رادیوی ده‌نگی گه‌لی كوردستان بوه سه‌رچاوه‌ی گه‌یاندنی راستی‌و هه‌واڵ‌و سازدان‌و رێكخستنی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك و شه‌راره‌ی عه‌ره‌بی و ریبازی نوێ‌ی كوردی مانگانه بڵاو ئه‌كرانه‌وه.
"له غیابی سكرتیری گشتی دا" ه‌ێزه چه‌كداره‌كانمان رێكخسته‌وه:
12 به‌تالیۆنی نیمچه نیزامی له سه‌ر سنوره‌كان
520 پارتیزان له‌سه‌رانسه‌ری كوردستان
120 كادری سرك له‌ناو شار‌و ئۆردوگاكان دا
7000 كه‌س له ریزی شانه چه‌كداره‌كانی شاڵاو و بروسك دا
چه‌ند هه‌زار كه‌س هێزی پشتگیری له‌ناو ئاواره‌كانی ئیران دا
له‌هه‌ر چوار مه‌یدانه‌كه‌دا به سه‌ركه‌وتویی ئه‌ركه‌كانی "ستراتیجی قۆناغی نوێ‌ی كار" مان به‌جێ هێنا، له رۆژانی جه‌نگی دوهه‌می كه‌نداودا، "شكستی ئه‌نفال" مان گۆڕی به "سه‌ركه‌وتنی راپه‌ڕین".
ئێمه "له غیابی سكرتێری گشتی دا" ئه‌مانه‌مان كردوه، ئه‌و چی كردوه؟
#
كورد - عه‌ره‌ب: برایه‌تیه‌كی لاسه‌نگ یا په‌یوه‌ندیه‌كی هاوتا؟
تاڵه‌بانی بۆ ه‌اندانی ه‌ێزه عه‌ره‌بیه‌كان له بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و خودی خۆم وای پیشان ئه‌دات من دژی عه‌ره‌بم و گاڵته‌م به برایه‌تی كورد و عه‌ره‌ب دێت. ماوه‌یه‌كیشه سیاسه‌تێكی دوفاقی دزێویان دژی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان گرتۆته به‌ر. لای ه‌ێزه عه‌ره‌بیه عێراقیه‌كان وه‌ك بزوتنه‌وه‌یه‌كی توندڕه‌وی كوردی وێنامان ئه‌كه‌ن كه بڕوای به پێكه‌وه ژیان نیه‌و كار بۆ سه‌ربه‌خۆیی ئه‌كات ، و لای خه‌ڵكی كوردیش وه‌ك هێزێك كه دژی كوردستان و ئازادی كوردستانه و كار بۆ پارچه پارچه بونی ئه‌كه‌ن. هه‌ندێكجار وه‌ك ناحه‌زی ئه‌مه‌ریكا و هه‌ندیكجار وه‌ك ناحه‌زی ئێران.. هه‌ندێكجار وه‌ك ناحه‌زی پارتی و لایه‌نگری شه‌ڕی ناوخۆ، و لای هه‌ندێكیش وه‌ك بزوتنه‌وه‌یه‌كی فاشی دژ به هه‌مو شتێكی غه‌یره كوردی. له كوێ چیان پێ كرا بێت دژی ئێمه كردویانه و له‌كوێش هه‌ستیان كردبێت تۆمه‌تێك هه‌یه وا له لایه‌نێك ئه‌كات دژمان بۆستێته‌وه وتویانه. ئه‌م قسانه‌ش كه ئێستا له پلینۆم‌دا دژی خۆم و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌یكات، هه‌ر له‌پێناو ئه‌م ئامانجه‌دایه.
سه‌باره‌ت به مه‌سه‌له‌ی برایه‌تی كورد و عه‌ره‌بیش ئه‌بێ بڵێین هیچ كه‌س به‌قه‌د ئێمه بڕوای به هاوكاری‌و دۆستایه‌تی و پێكه‌وه‌كاركردنی نه‌ته‌وه و ئه‌تنیه جیاوازه‌كان نیه. بگره یه‌كێك له ره‌خنه سه‌ره‌كیه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و خودی خۆم له سیاسه‌تی حیزبه كوردیه‌كان ئه‌وه بوه كه نه‌یتوانیوه به‌شێویه‌كی دیموكراتیانه و دور له ده‌مارگیری حیزبایه‌تی و خیڵایه‌تی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ فره نه‌ته‌وه‌یی كوردستان و عێراقدا بكات.
به‌ڵام هاوكاری‌و دۆستایه‌تی و مامه‌ڵه‌ی یه‌كسان شتێكه‌و خۆ به‌بچوك زانی شتێكی تر. ئه‌وه‌ی ئێمه ئه‌وسا‌و ئێستاش دژایه‌تیمان كردوه هه‌ستی خۆ به بچوكزانی و خۆ بچوككردنه‌وه‌یه له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وانی تردا. زۆرێك له سیاسیه‌كانی كورد له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كورد خاوه‌ن ده‌وڵه‌تی خۆی نه‌بوه‌و ته‌نها بزوتنه‌وه‌یه‌كی چه‌كداری هه‌بوه كه له روی هێز‌و ژماره و قه‌باره‌وه له ناحه‌ز و نه‌یاره‌كانی لاوازتر بوه، به گرێی هه‌ستی خۆ به‌بچوكزانی و خۆ سوككردنه‌وه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ سه‌ركرده سیاسیه‌كانی ئه‌و گه‌لانه‌دا كردوه كه به‌هێز و قه‌باره‌گه‌وره‌تر بون. ئه‌مه تا ئێستاش به‌رده‌وامه هه‌ركه‌س چاودێری هه‌ڵسوكه‌وتی سه‌رانی كورد بكا له‌گه‌ڵ كار به‌ده‌ستانی عه‌ره‌ب چ له عێراق‌و چ له جیه‌انی عه‌ره‌ب‌دا، له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستانی ئێرانی‌و توركی‌دا، له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستانی ئه‌مه‌ریكی‌و ئینگلیزی‌دا به ئاشكرا ئه‌م دیارده‌یه ئه‌بینرێت و ئه‌م فه‌رهه‌نگه ئه‌خوێنیته‌وه.
له قۆناغێكی سیاسی كوردستانیشدا بۆ ئه‌وه‌ی ره‌وایه‌تی به‌م هه‌ستی خۆ به بچوكزانینه بدرێت، دروشمی درۆزنانه‌ی برایه‌تیان هێناوه‌ته پێشێ. برایه‌تیه‌ك كه برایه‌تی نه‌بوه، به‌ڵكو كۆیله‌یه‌تی و خۆ به بچوكزانی و به‌سوك ته‌ماشاكردن بوه. سیاسیه‌كانی كورد له‌جیاتی ئه‌وه‌ی وه‌ك نوێنه‌ری میله‌تێك و به ه‌ێز و وره وه‌رگرتن له‌و نوێنه‌رایه‌تیه‌وه، به هه‌ستێكی ه‌اوشان و چونیه‌كه‌وه بچنه وتوێژ له‌گه‌ڵ سه‌ركرده سیاسیه‌كانی گه‌لانی تردا، به هه‌ستی خۆ به بچوكزانیه‌وه مامه‌ڵه‌یان كردوه و زۆرجار به‌مه‌ش گه‌له‌كه‌ی خۆیان شه‌رمه‌زار كردوه.
سه‌رۆك و سه‌ركرده‌كانی گه‌لانی دنیا، ه‌ێز و توانای خۆیان له گه‌له‌كانیانه‌وه وه‌رئه‌گرن، نه‌ك له‌هێزی سه‌ربازی و قه‌باره‌ی سیاسی بچوكی ده‌سه‌ڵاتیانه‌وه وه‌ك هه‌ندێك له سه‌ركرده‌كانی كورد ئه‌یكه‌ن.
گه‌لان هیچیان خۆیان له‌وانی تر به كه‌متر‌و بچوكتر نازانن. هیچ گه‌لێك ئه‌گه‌ر به ژماره‌ش كه‌م بێت خۆی له گه‌لێكی تر ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت به ژماره زۆریش بێ به بچوكتر نازانێ.
به‌ڵام زۆرێك له سیاسیه‌كانی كورد كه قه‌ت قه‌باره‌ی سه‌ربازی ه‌ێزه‌كانیان له‌ئاست قه‌باره‌ی سه‌ربازی دراوسێكانیاندا نه‌بوه، به رۆحێكی خۆ به بچوك زانی و برا بچوكیه‌وه ته‌ماشای گه‌له‌كانی تریان كردوه.
بڕوای پته‌وی ئێمه‌ش ئه‌وسا‌و ئێستاش ئه‌وه‌یه كورد برابچوكی هیچ گه‌لێك نیه‌و هیچ شتێكی له هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌كی تر كه‌متر نیه. هه‌ر جۆره برایه‌تی و هاوكاری‌ه‌كیش باسی برا گه‌وره‌یی و بچوكی تیا كرا، برایه‌تی نیه‌و كوێله‌یه‌تی و سوكایه‌تی پێكردنه. له‌نێوان گه‌لانی دنیادا گه‌وه‌ر و بچوكی نیه، به‌ڵكو یه‌كسانی و ه‌اوشانی و رێزگرتنی به‌رامبه‌ر و به‌رژوه‌ندی هاوبه‌ش هه‌یه. مرۆڤ ئاژه‌ڵ نیه و به لۆژیكی دارستان ناژی كه تیای دا ئه‌وه‌ی گه‌وره و به‌هێز بێت، مافی زیاتر و گه‌وره‌تری هه‌بێت. گه‌لان هه‌مو ئه‌بێت له‌پێگه‌یه‌كی یه‌كسان‌و چونیه‌ك و رێزی ه‌اوبه‌شه‌وه، مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ یه‌ك بكه‌ن، نه‌ك به پێی گه‌وره‌ی و بچوكی.
ئه‌وه‌ی ئێمه ئه‌وسا و ئێستاش دژایه‌تی ئه‌كه‌ین ئه‌وه‌یه سیاسی و سه‌ركرده‌كانی كورد به گرێی خۆ به‌بچووكزانیه‌وه مامه‌ڵه نه‌كه‌ن‌و رێز و حورمه‌ت و كه‌رامه‌تی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه بگرن كه نوێنه‌رایه‌تی ئه‌كه‌ن. نه‌ته‌وه‌كه‌یان له‌به‌ر خۆ خۆشه‌ویستكردن لای بێگانه بچوك نه‌كه‌نه‌وه و به برا بچوكی له قه‌ڵه‌م نه‌ده‌ن.. خه‌ڵكی ئێمه به‌وه په‌ره‌وه‌رده نه‌كه‌ن برابچوكی هیچ گه‌لێكی تر بێت و هیچ كه‌س له خۆی به گه‌وره‌تر نه‌زانێت. ئه‌وسا و ئێستاش بڕوامان وابوه ئه‌بێت گه‌له‌كه‌ی خۆمان فێری هاوكاری و پێكه‌وه ژیانی ئاشتیانه و یه‌كسانی بكه‌ین، نه‌ك كۆیله‌یه‌تی و خۆ به بچوك زانی.
بێگومان برا گه‌وره‌یه‌تی و برا بچوكی وه‌كو به‌شێك له نه‌ریتی كۆمه‌ڵایه‌تی ناو خێزان‌و بنه‌ماڵه و تیره و ه‌ۆز و خێڵ شتێكی ئاساییه‌و ئه‌بێ په‌یڕه‌وه‌ی بكرێت، به‌ڵام براگه‌وره‌و برا بچوك له په‌یوه‌ندی سیاسی ناو ده‌وڵه‌تان و ناو گه‌لان‌و ناو نه‌ته‌وه‌كانی جیه‌اندا نیه، به‌ڵكو په‌یوه‌ندی یه‌كسان له‌سه‌ر بنچینه‌ی قازانجی هاوبه‌ش و رێزگرتنی یه‌كتری هه‌یه.
جگه له‌و فه‌رهه‌نگه چه‌وته‌ی ماوه‌یه‌كی درێژه هه‌ندێك له‌سه‌رانی كورد و سیاسیه‌كانی، لاوه‌كانی كوردیان پێ رائهه‌ێنا: كه "كورد له عێراق دا برا بچوكی عه‌ره‌به"و "عه‌ره‌ب له عێراق دا برا گه‌وره‌ی كورده".
له‌ساڵی 1975 ه‌وه خۆم و زۆرێك له هاوڕێكانم ویستومانه ئه‌م فه‌رهه‌نگه له بناغه‌وه هه‌ڵته‌كێنین‌و بیگۆڕین به‌وه‌ی تاكی كورد به‌تایبه‌تی ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵه و یه‌كێتی په‌روه‌رده بكه‌ین به‌وه‌ی كوردیش وه‌كو هه‌مو نه‌ته‌وه‌كانی جیه‌ان مافی چاره‌نوسی هه‌یه، مافی ده‌وڵه‌تی هه‌یه، برا بچوكی هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌كی تر نیه، په‌یوه‌ندی كورد له‌گه‌ڵ گه‌لانی دراوسێ دا له‌سه‌ر بنچینه‌ی ه‌اوتایی‌و یه‌كسانی‌و قازانجی هاوبه‌ش دابمه‌زرێنین‌و، گرێی خۆبه‌كه‌مزانی‌و خۆ به بچوكزانی بگۆڕی به‌خۆ نازین و كورد له ئاستی هیچ بێگانه‌یه‌ك دا خۆی به كه‌متر و بچوكتر نه‌زانێت.
ئه‌گه‌ر كه‌سانێك هه‌بن ئه‌مه به نوقسانی بۆ من له قه‌ڵه‌م بده‌ن، من به شانازی ئه‌زانم بۆ خۆم.
#
كێ فیدرالیزمی پارێزگاكانی داه‌ێنا؟
تاڵه‌بانی له‌قسه‌كانیدا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان‌و هه‌ڵسوڕاوه‌كانی به دژی فیدڕالیزم و هه‌رێمی كوردستان تاوانبار ئه‌كات و ئێمه به لایه‌نگری فیدراڵی پاریزگاكان ناو ئهه‌ێنێ، گۆیا ئێمه دژی ه‌اتنه‌وه‌ی كه‌ركوكین بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان. پێ ئه‌چێت تاڵه‌بانی وه‌ك چۆن زاكیره‌ی خۆی لاواز بوه له گێرانه‌وه‌ی روداوه‌كان دا، وابزانێت هه‌مو خه‌ڵكی كوردستانیش زاكیره‌یان لاوازه و ئه‌وه‌یان له بیر چۆته‌وه. خه‌ڵكی كوردستان هه‌مو له بیریانه:
یه‌كه‌م، ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م كه‌س كه به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی پرسی فیدراڵی پارێزگاكانی سه‌لماند و به‌م سه‌لماندنه‌ش هه‌مو كوردی له‌به‌رده‌م ه‌ێزه عێراقیه‌كان‌و ئه‌مه‌ریكادا ئیحراج كرد خودی تاڵه‌بانی بو.
له‌و رێكه‌وتنه‌دا كه تاڵه‌بانی به‌ناوی سه‌رۆكی مه‌جلیسی حوكم و بریمه‌ر به‌ناوی حاكمی مه‌ده‌نی عیراقه‌وه ئیمزایان كردوه خاڵێكی سه‌ره‌كی رێكه‌وتنه‌كه‌یان ئه‌وه بو كه عیراق ببێته 18 پارێزگای فیدرالی، ئه‌مه‌شی بۆ هه‌مو عێراق قه‌بوڵ كردبو، له‌وانه هه‌رێمی كوردستان. دوای ئه‌وه‌ی سیاسیه‌كانی عه‌ره‌ب‌و له كوردستانیش هه‌ندێك لایه‌ن لێیان كرد بهه‌ه‌را، ئینجا لێی بێده‌نگ بو.
دوه‌م، ئه‌وه‌ی كێشه‌ی بۆ ماده‌ی 140 دروستكرد و بو به ه‌ۆی ه‌ێنانه ئارای پرۆژه‌یه‌كی قانونی جیاواز له ماده‌ی 140 له كاتی دانانی قانونی هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكان دا، خودی تاڵه‌بانی بو.
تاڵه‌بانی له سه‌ردانه‌كه‌ی دا بۆ كه‌ركوك و له كۆبونه‌وه‌ی دا له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك داوای لێ كردن "ده‌سه‌ڵات و به‌ڕێوبه‌رایه‌تی كه‌ركوك به رێژه‌ی %32 له نێوان توركمان‌و عه‌ره‌ب‌و كوردا دابه‌ش بكرێت و كه‌ركوك ببیته هه‌رێمێكی فیدراڵی جیاواز له هه‌رێمی كوردستان." ئه‌م قسه‌یه‌ی له كۆبونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ توركمان‌و عه‌ره‌ب دوپات كردۆته‌وه.
ئه‌م كه‌تنه بوه ه‌ۆی ه‌اندانی عه‌ره‌ب و توركمان بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و پرۆژه‌یه ببه‌نه په‌رله‌مانی عێراق و بیكه‌ن به یاسا‌و له ده‌نگدانی رۆژی 22 ته‌موزدا بیسه‌پێنن و كێشه‌یه‌كی سیاسی و یاسایی دژواری ئه‌وتۆی خوڵقاند كه به بایكۆتی ئه‌ندامانی كوردی په‌رله‌مانی عێراق وله ئه‌نجامی ئه‌م بایكۆته‌دا و له ژێر فشاری رای گشتی دا ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی ناچار به ڤیتۆ كرا، به‌ڵام وه‌كو كێشه‌یه‌كی هه‌ڵواسراو مایه‌وه دوا خرا بۆ كاتێكی دیارینه‌كراو.
سێیه‌م، له كاتی خۆی دا كه ئێمه به‌م كه‌تنه‌مان زانی بۆ هه‌ڕه‌شه و ناچاركردنی به پاشگه‌زبونه‌وه له‌و بیره، به تاڵه‌بانیمان وت: "ئه‌گه‌ر ئه‌و باوه‌ڕی وایه عه‌ره‌ب‌و توركمان‌و كورد له پارێزگای كه‌ركوك ببن به هه‌رێمێكی جیاواز، ئه‌وا باشتر وایه سلیمانی‌و هه‌ولێر و ده‌ۆكیش هه‌ریه‌كه‌یان ببێ به هه‌رێمێكی فیدرالی، ئه‌وسا هه‌ر 4 هه‌رێمی فیدراڵی پێكه‌وه ئه‌توانن ده‌زگایه‌كی هاوبه‌شی كوردستانی پێك به‌ێنن. ئه‌وسا كه‌ركوكیش نابێته حاڵه‌تێكی جیاواز له پارێزگاكانی تری كوردستان."
له گۆڕانێكی وهه‌ادا تاڵه‌بانی خۆی هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی نه‌ئه‌ما، نه له كوردستان و نه له پارێزگای سلیمانی، بۆیه له به‌رده‌م ده‌زگاكانی راگه‌یاندنی كوردی دا په‌شیمان بوه‌وه، وتی: "من سوێندم خواردوه پارێزگاری ده‌ستور بكه‌م، ماده‌ی 140 یش ماده‌یه‌كی ده‌ستوریه".
تاڵه‌بانی هه‌تا ئێستاش له سه‌ر كه‌ركوك به دو جۆر ئه‌دوێ:
له‌كۆبونه‌وه تایبه‌تیه‌كانی دا له‌گه‌ڵ توركمانی كه‌ركوك‌و له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستانی حكومه‌تی تورك پشتگیری له‌وه ئه‌كات كه‌ركوك ببێته هه‌رێمێكی فیدڕاڵی.
له كۆبونه گشتیه‌كانی كوردستانیش دا باسی ماده‌ی 140 و گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌ركوك ئه‌كا بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان.
له ناو توركمان و كورد و عه‌ره‌ب دا هه‌ن كه فیدڕاڵیه‌تی كه‌ركوك به چاره‌سه‌رێكی گونجاو ئه‌زانن بۆ كێشه هه‌ڵواسراوه‌كانی كه‌ركوك، خۆ ئه‌گه‌ر تاڵه‌بانی له‌م بڕوایه‌دایه پێویست به‌وه ناكات نیازی راسته‌قینه‌ی خۆی بشارێته‌وه‌و به‌و دو جۆره جیاوازه بدوێت.
ئێمه بیروبۆچونی خۆمان له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كه‌ركوك و ناوچه دابڕاوه‌كان به گشتی و له سه‌ر جۆری چاره‌سه‌ركردنی له چوارچێوه‌ی هه‌رێمی كوردستان دا، به ئاشكرا له ده‌یان وتار و گفتوگۆی رۆژنامه‌وانی و رادیۆیی و ته‌له‌فزیۆنی دا بڵاو كردۆته‌وه. له‌م باره‌یه‌وه هه‌ر قسه‌یه‌ك بكه‌ن ئه‌چێته خانه‌ی موزایه‌ده‌ی سیاسی بێ بایه‌خه‌وه، ره‌نگه هه‌بن له دۆڕاندنی هه‌ندێ ناوچه‌ی كوردستان دا قازانجی سیاسی بكه‌ن، به‌ڵام ئێمه هیچ ده‌سكه‌وتێكی سیاسی یا مادی له دۆڕاندنی مه‌ترێكی سه‌رزه‌مینی كوردستان دا به ده‌س نا‌ه‌ێنین.
چواره‌م، ئێمه پێمان وایه سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رێم له گه‌ڵ پێویستیه‌كانی پێشكه‌وتنی گه‌لی كوردستاندا ناسازه:
حیزب و حكومه‌ت تێكه‌ڵاوه.
حیزب ده‌س وه‌ر ئه‌داته ده‌سه‌ڵاته‌كانی ته‌نفیزی، ته‌شریعی، قه‌زائی.
حیزب ده‌س وه‌ر ئه‌داته زانكۆ، په‌یمانگا، رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای شارستانی.
حیزب ده‌س وه‌ر ئه‌داته بازاڕ و بازرگانی.
ئاسایش و پۆلیس و پێشمه‌رگه بێلایه‌ن نین.
بودجه رون نیه و، به جۆرێكی ناعادلانه سه‌رف ئه‌كرێ.
گه‌نده‌ڵی به هه‌مو شێوه‌كانی كارگێڕی، دارایی، سیاسی، له داووده‌زگاكان دا ره‌نگی داوه‌ته‌وه.
ئه‌مانه بیروبۆچونه‌كانی ئێمه‌ن، نه‌مان شاردۆته‌وه. به ئاشكرا له وتار و په‌یام و گفتوگۆی رۆژنامه‌وانی دا دوباره‌مان كردۆته‌وه و، ئالته‌رنه‌تیڤمان پێشنیار كردوه.
پێنجه‌م، له شێوه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی ه‌اوچه‌رخ دا له دنیای ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا نه‌ناوه‌ندێتی كارگێڕی بۆته بنه‌مایه‌كی باوی كاری حكومه‌ت و فه‌رمانگه‌كانی، كه‌چی ئه‌وه به دژایه‌تی فیدرالیزم دائه‌نێ، له كاتێك دا ئه‌مه به‌شێكه له چاكسازی كارگێڕی هه‌رێمی فیدرالی كوردستان. ئێمه پێمان وایه پێویسته چاكسازی له سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رێمی كوردستان دا بكرێ. پێویسته:
ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن كه خۆی ئه‌نوێنێت له سه‌رۆكایه‌تی ههرێمو ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران‌و ه‌ێزه چه‌كداره‌كانی پێشمه‌رگه و ئاسایش‌و پۆلیس، پێویسته یه‌كگرتو بن له ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم دا.
ده‌سه‌ڵاتی ته‌شریعی كه بریتیه له په‌رله‌مانی كوردستان پێویسته یه‌كگرتو بێ‌و قانون بۆ هه‌مو هه‌رێم دابنێ.
ده‌سه‌ڵاتی قه‌زائی كه بریتیه له ئه‌نجومه‌نی قه‌زا‌و ده‌زگاكانی سیسته‌می قه‌زائی پێویسته یه‌ك ده‌سه‌ڵاتی قه‌زائی له هه‌مو هه‌رێم دا حوكمڕان بێ و به قانونه‌كانی په‌رله‌مان كار بكا.
به‌ڵام ئه‌بێ ده‌سه‌ڵات له‌نێوان ده‌سه‌ڵاتی كارگێڕیی ههرێمو ده‌سه‌ڵاتی پارێزگادا دابه‌ش بكرێ، كه ئه‌ویان خۆی له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و ئه‌میان خۆی له ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان دا ئه‌نوێنێ، واته په‌یڕه‌وی بنه‌ماكانی نه‌ناوه‌ندێتی بكرێت.
ئه‌وانه‌ی دژی "نه‌ناوه‌ندێتی" و ئه‌م پێشنیارانه رائه‌وه‌ستن ئه‌وانه‌ن كه قازانجیان هه‌یه له مانه‌وه‌ی بودجه‌ی هه‌رێم و جۆری سه‌رفكردنی و، دامه‌زراندنی كارمه‌ندانی پله و پایه جیاوازه‌كانی په‌یژه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی، له تاریكی دا و، ئه‌وانه‌ن به جۆرێ له جۆره‌كان سودمه‌ندن له شێوه جیاوازه‌كانی گه‌نده‌ڵی.
ئێمه بیروبۆچونه‌كانی خۆمان له سه‌ر ئه‌و بابه‌ته گرنگانه نه‌شاردۆته‌وه، هه‌م به نوسین و هه‌م له گفتوگۆی ته‌له‌فزێۆنی دا به ئاشكرا و بێ پێچوپه‌نا رونمان كردۆته‌وه. ئه‌مه نه‌ك به تاوان نازانین، به‌ڵكو به‌شێكه له پرۆژه‌ی چاكسازی كارگێڕیی هه‌رێمی كوردستان.
#
ده‌ستور: خه‌بات بۆ سه‌رۆكایه‌تی یان بۆ مافی كورد؟
تاڵه‌بانی له چه‌ند جێگه‌یه‌كی راپۆرته‌كه‌ی دا شانازی ئه‌كا به‌و ده‌ستكه‌وتانه‌وه كه له ده‌ستوری عێراق دا نوسراون، كه‌سێ ئاگای له پرۆسه‌ی نوسینی نه‌بێ وائه‌زانێ ئه‌مه قاره‌مانی به‌ده‌سته‌ێنانی ده‌سكه‌وته ده‌ستوریه‌كان.
لێره‌دا پێویسته بۆ مێژو له‌م باره‌یه‌وه شایه‌تیی خۆم تۆمار بكه‌م. هه‌ر كه‌سیش ویستی ورده‌كاری زیاتری ئه‌م پرۆسه‌یه بزانێ، ئه‌توانێ بپرسێ. بۆ خۆشبه‌ختی مه‌سعود به‌رزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، ئازاد به‌رواری و د رۆژ شاوه‌یس، ماون كه به‌شداری راسته‌قینه‌ی پرۆسه‌كه بون. ئه‌مه جگه له ده‌یان كه‌سی تر كه به‌و بۆنه‌یه‌وه له‌به‌غدا رۆژانه له كۆبونه‌وه‌كان دا به‌شدار ئه‌بون.
من ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق نه‌بوم، له‌به‌رئه‌وه ئه‌ندامی لیژنه‌ی داڕشتنی ده‌ستوریش نه‌بوم، كاتێك كه خه‌ریك بو داڕشتنی ده‌ستوری عێراق بگاته دوایین قۆناغی، چه‌ند ره‌شنوسێك بڵاوكرایه‌وه كه مافه‌كانی كوردی به رونی تیا دیاری نه‌كرابو. مه‌سعود به‌رزانی بۆ به‌شداری له دواداڕشتنی دا چو بۆ به‌غدا، له‌گه‌ڵ خۆی نوێنه‌رانی لایه‌نه سیاسیه‌كانی كوردستان و نوێنه‌رانی په‌رله‌مانی كوردستانی برد، داوای له منیش كرد له گه‌ڵی بچم بۆ به‌غدا.
له ژێر گوشاری ئه‌مه‌ریكی دا بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی نوسینی ده‌ستور به رێكوپێكی بڕوا و له‌كاتی دیاریكراودا ته‌واو ببێ‌و رابگه‌یه‌نرێ، "مه‌تبه‌خێكی سیاسی" له نوێنه‌رانی ه‌ێزه سیاسیه سه‌ره‌كیه‌كانی عێراق و كوردستان پێكه‌ێنرا بۆ تاوتوێكردن‌و ئاماده‌كردنی ماده‌كانی ده‌ستور. له‌و مه‌تبه‌خه‌دا تاڵه‌بانی و من نوێنه‌رایه‌تی یه‌كێتی مان كرد.
ئه‌و ره‌شنوسه‌ی كه بۆ ده‌ستور نوسرابو ده‌سه‌ڵاتی سه‌ركۆماری سنوردار كردبو، پایه‌ی سه‌ركۆماری كرد بوه كارێكی ته‌شریفاتی. تاڵه‌بانی خۆی ئاماده‌كردبو ببێته سه‌ركۆمار، ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی بۆ سه‌ركۆمار، واته بۆ خۆی به كه‌م ئه‌زانی. ئه‌یویست ده‌سه‌ڵاته‌كانی فراوان بكات. لایه‌نه عه‌ره‌بیه‌كان كه شاره‌زاتر بون له كورد، ئه‌یانویست سیسته‌می سیاسی عێراق په‌رله‌مانی بێ و بۆ ئه‌وه‌ی ته‌جروبه‌ی سه‌رده‌می سه‌دام دوباره نه‌بێته‌وه، سه‌رۆكی كۆمار پایه‌یه‌كی "ته‌شریفاتی و ئیحتیفالی" هه‌بێ. ده‌سه‌ڵاتێكی ئه‌وتۆی نه‌بێ بتوانێ سیسته‌می سیاسی- په‌رله‌مانی بخاته مه‌ترسیه‌وه.
تاڵه‌بانی به‌مه رازی نه‌بو، له كۆبونه‌وه سه‌ره‌تاییه‌كانی رۆژی یه‌كه‌م دا له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌ركۆمار دوانێكی توندوتیژی دا. له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌س نه‌بو به ه‌اوده‌نگی به توڕه‌ییه‌وه كۆبونه‌وه‌كه‌ی به‌جێه‌ێشت‌و ئیتر هیچ به‌شداریه‌كی جدی و كاریگه‌ری له گفتوگۆكانی نوسینی ده‌ستوردا نه‌كرد، دو جار نه‌بێ كه هه‌ردوك جاره‌كه‌ش به زه‌ره‌ر بۆ كورد ته‌واو بو:
یه‌كێكیان، زوربه‌ی لایه‌نه عه‌ره‌بیه‌كان رازی كرابون به‌وه‌ی كه له ده‌ستوری نوێ‌ی عێراق دا ئاماژه بۆ ئه‌وه نه‌كرێت "عێراق به‌شێكه له نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب" كه ساڵهه‌ای ساڵ ه‌ۆی ناكۆكی كورد و حكومه‌تی ناوه‌ندی عێراق بوه. ئه‌م ماده‌یه له ده‌ستوری چه‌ند ده‌وڵه‌تێكی عه‌ره‌بی دا هه‌یه‌و له ده‌ستوری چه‌ند ده‌وڵه‌تێكی تردا نیه.
تاڵه‌بانی بۆ رازیكردنی عه‌ره‌ب پێشنیارێكی ه‌ێناو، وتی: "ئه‌مه ه‌ی عه‌مرۆ موسای ئه‌مینی عامی جامیعه‌ی عه‌ره‌بیه‌و منیش پێم باشه بیخه‌ینه ده‌ستوره‌وه". پێشنیاره‌كه‌ی بریتی بو له‌وه‌ی ئه‌م رسته‌یه: "وه‌و عچو مۆسس وفعال فی جامعه الدول العربیه وملتزم بمیپاقه‌ا" بخرێته ماده‌ی 3 ی ده‌ستوره‌وه. پێشنیاره‌كه‌ی به خۆشیه‌وه وه‌رگیرا و خرایه ده‌ستوره‌وه، به‌وه‌ش ناوه‌رۆكی ماده‌ی 3 كه دانی نابو به‌وه‌دا: "عیراق وڵاتێكی فره‌نه‌ته‌وه و فره‌ئاین و فره‌مه‌زه‌ب" ه لاواز بو.
دوهه‌میان، دوای ئه‌وه‌ی نوسینی ده‌ستور ته‌واو بو، ئیتر ئه‌بو بڵاوبكرێته‌وه‌و بخرێته به‌رده‌م ده‌نگده‌رانی عێراق بۆ قه‌بوڵكردن یان ره‌فزكردن، زالمای خه‌لیل زاد، سه‌فیری ئه‌مه‌ریكا، له‌سه‌ر داوای هه‌ندێ لایه‌نی عه‌ره‌بی سونی ویستی ماده‌یه‌كی تازه تێهه‌ڵكێشی ده‌ستوره‌كه بكرێ، له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی داه‌اتودا بێ ئه‌وه‌ی 8 ساڵ چاوه‌ڕوان بكه‌ن، ماده‌كانی ده‌ستور قابیلی ده‌ستكاری بێ‌و زۆری ئه‌و مادانه‌ش كه ئه‌یانویست ده‌ستكاری بكرێن، ئه‌و مادانه بون كه به قازانجی كورد‌و شیعه بون.
لایه‌نی شیعه به‌هیچ جۆرێ ئاماده نه‌بون ئه‌م ماده‌یه قه‌بوڵ بكه‌ن، به‌ڵام له‌سه‌ر داوای خه‌لیلزاد، تاڵه‌بانی لایه‌نی كوردی "ئیحراج" كرد قه‌بوڵی بكه‌ن، هه‌ر ئه‌وان لایه‌نی شیعه‌شیان به‌م گۆڕینه رازی كرد، به تایبه‌تی سه‌ید عه‌بدولعه‌زیز حه‌كیم كه سه‌رۆكی ئیئتیلافی شیعه بو. پاش دوجار سه‌ردان و پێداگریه‌كی زۆر ئینجا ئه‌ویش له‌سه‌ر داوای كورد قه‌بولی كرد‌و بو به ماده‌ی 142.
له كاتێك دا نوێنه‌رایه‌تی كورد خۆی ده‌وری سه‌ره‌كی هه‌بوه له دانانی ماده‌ی 142 دا بۆ ته‌عدیلكردنی ده‌ستور، كه‌چی ئێستا خۆی به هه‌ڕه‌شه‌ی دائه‌نێ له ده‌ستكه‌وته ده‌ستوریه‌كانی.
عه‌ره‌ب ئه‌لێت "شر البلیه ما یچحك"!
#
جاران و ئیستا
تاڵه‌بانی له راپۆرته‌كه‌ی دا ئه‌ڵێ:
"پێویسته ئه‌م راستیه بۆ خه‌ڵك روون كه‌ینه‌وه كه بۆچی: له سه‌رۆك جاشه بابه‌لباب خائینه‌كانه‌وه، تا سه‌ر مه‌لا كرێكار، تا سه‌ر جاشه ه‌اره‌كانی خۆماڵی، تا سه‌ر كۆنه جاسوس و كۆنه به‌عسی، هه‌روهه‌ا باڵی تۆرانی جه‌بهه‌ی توركمانی، به‌گه‌رمی ده‌نگیان بۆ دان؟ ئایا له‌دژی پارتی و ی.ن.ك و حكومه‌تی هه‌رێم و كوردایه‌تی نه‌بوو؟"
جاران یه‌كێ له ه‌ونه‌ره‌كانی تاڵه‌بانی دوان و نوسین بو.
پێ ئه‌چێ له ژێر كاریگه‌ری توڕه‌یی دۆڕاندنی هه‌ڵبژاردن دا ئه‌م ه‌ونه‌ره‌شی لاواز بوبێ. نوسینه‌كانی و وتاره‌كانی پڕن له قسه‌ی ناكۆك و رسته‌ی ناه‌اوسه‌نگ، ئه‌وه‌ی له شوێنێك دا ئه‌یڵێ له شوێنێكی تردا پێچه‌وانه‌كه‌ی ئه‌ڵێ، له یه‌ك كات دا شتێك و پێچه‌وانه‌كه‌شی دوباره ئه‌كاته‌وه. لیستی ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی بۆ من و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانی ریز كردوه پڕه له‌م جۆره شتانه.
له لایه‌ك پێم ئه‌ڵێ سلێمانچێتی ئه‌كا، كه‌چی له شوێنێكی تردا ئه‌ڵێ 3 هه‌زار ملیۆن دۆلاری كۆریه‌كانی له كیس سلێمانی داوه چونكه له هه‌ولێر خه‌رجیان كردوه!
له لایه‌ك پێم ئه‌ڵێ دژی برایه‌تی كورد و گه‌لانه، كه‌چی له شوێنێكی تردا ئه‌ڵێ ه‌اوكار و دۆستی كۆنه به‌عسی و جاش و تۆرانیه!
له لایه‌ك پێم ئه‌ڵێ پیاوێكی توندوتیژه كه‌س قبوڵ ناكا كه‌چی له شوێنێكی تردا ئه‌ڵێ هاوڕێی مه‌لا كرێكاره، به واته‌یه‌كی تر دۆستی ئیسلامیه توندڕه‌وه‌كانه!
لیستی تۆمه‌ته هه‌ڵبه‌ستراوه‌كانی هه‌مو سنوره‌كانی مه‌نتیقی تێپه‌ڕاندوه، له "ته‌خوین" ی ئیمه‌وه سه‌ر ئه‌كێشێ بۆ "ته‌خوین" ی سه‌دان هه‌زار ه‌اوڵاتی ئه‌م نیشتمانه.
له هه‌ڵبژاردنی 25/7/2009 دا زیاتر له 445 هه‌زار كه‌س له ه‌اوڵاتیانی كوردستان ده‌نگیان به لیستی گۆڕان داوه... تۆ بڵێی ئه‌و هه‌مو خه‌ڵكه جاشی بابلباب و كۆنه به‌عسی و خائین بوبن؟ بۆچی ئه‌و كاته‌ی ئه‌م خه‌ڵكه پاكه ده‌نگی بۆ یه‌كێتی ئه‌دا تێكۆشه‌ر و دڵسۆز و ه‌اوڵاتی پاك بون و ئیستاش كه ده‌نگیان پێ نه‌داون كۆنه به‌عسی و جاشی بابلبابن؟ تۆ بڵێی هه‌مو ئه‌و خه‌ڵكه دژی حكومه‌تی هه‌رێم و كوردایه‌تی بن؟
له لایه‌كی تره‌وه هه‌مو كه‌س ئه‌زانێ كه‌ركوك به‌شداری له هه‌ڵبژاردنی پارله‌مانی كوردستان دا نه‌كرد، ئیتر ئه‌م باڵه تۆرانیه‌ی "جه‌بهه‌ی توركمانی" له كوێوه ه‌اتن و چۆن ده‌نگیان به ئێمه دا؟ له‌مه‌ش بترازێ هه‌ركه‌سێ باسی تۆرانی و جه‌بهه‌ی توركمانی بكات، هه‌ق نیه تاڵه‌بانی بیكات، چونكه ئه‌و بو ئیكلیلی گوڵی برده سه‌ر گۆڕی ئه‌تاتورك و هه‌ر له‌وێش رایگه‌یاند ده‌وڵه‌تی كوردی خه‌ونی شاعیرانه‌یه، نه‌ك من و هه‌ڵسوڕاوانی گۆڕان.
ئایا هیچ لۆجیكێ له‌م قسانه‌دا هه‌یه؟ ئه‌گه‌ر ئه‌مانه هه‌ر هه‌موی هه‌وڵێكی رێكخراو نه‌بێ بۆ په‌ڵپ گرتن و بیانو ه‌ێنانه‌وه دژی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان چ مه‌به‌ستێكی تره له دوایه؟
#
كاكڵه‌ی راپۆرته‌كه‌ی تاڵه‌بانی و مه‌به‌ستی پلینۆم
تاڵه‌بانی له راپۆرته‌كه‌ی دا ئه‌ڵێ:
"سیاسه‌تی راسته‌قینه‌ی گۆڕانی گرده‌كه
گۆڕانی گرده‌كه، كه ده‌كاته گۆڕانی نه‌وشیروان، له‌ده‌ستپێكیه‌وه دژی ی.ن.ك كارده‌كات.
به‌لام سیاسه‌تی شاردراوه، یان نیمچه شاردراوه‌یان دژی كوردایه‌تی، دژی فیدراله، دژی یه‌كێتی خاكی كوردستانه، دژی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی كه‌ركوكه بۆ باوه‌شی هه‌رێم، دژی (ه‌ـ.پ.ك)و یه‌كێتیی خه‌ڵكی كوردستانه. چۆن؟
1- دژایه‌تیكردنی (ی.ن.ك) بۆ هه‌موو خه‌ڵك و خۆمان ئاشكرا‌و روونه، بۆیه پێویستی به‌باسكردن نییه.
2- دژی فیدرالی كوردستانن: گه‌ر بۆیان بكرێ سلێمانی له هه‌رێم جیاده‌كه‌نه‌وه‌و هه‌رێم پارچه پارچه ده‌كه‌ن، هه‌ر پارێزگایه‌ك بۆ خۆی لامه‌ركه‌زیه‌تێكی هه‌بێت.
3- دژایه‌تی كوردایه‌تین: به‌نهه‌ێشتنی ئه‌و كیانه سیاسیه‌ی كوردستان دژی ههرێمو فیدرالیه‌تی كوردستانن.
4- دژی ه‌اتنه‌وه‌ی كه‌ركوكن بۆ سه‌ر كوردستان: هه‌رده‌م به‌گوته‌یه‌ك جارێكیان ده‌ڵێ وا چه‌مچه‌مال و كفری و كه‌لار ه‌اتۆته سه‌ر سلێمانی و زۆربه‌ی نه‌وت و غاز له‌وێیه: ئیتر ئێمه بۆ له‌سه‌ر كه‌ركوك هه‌را بكه‌ین؟ جارێكی تریان ده‌ڵێ: با كه‌ركوك پارێزگایه‌كی سه‌ربه‌خۆ بێت! لهه‌ه‌ردوو جاردا كه‌ركوك نه‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر هه‌رێم!
5- لای هه‌ندێ ده‌وڵه‌ت و هه‌ندێ لایه‌نی سیاسی عیراقی ده‌ڵێ (ه‌ـ.پ.ك) زیاده‌یه‌و پێویستمان پێی نه‌ماوه.
6- هه‌ندێ جاریان نه‌وشیروان به‌ئاشكرا ده‌ڵێ بادینی كورد نین، كه‌ركوكی كه‌س نازانێ چین؟ هه‌ولێریش (قسه‌ی قێزه‌ون ده‌كات)، بۆیه هه‌ر سلێمانیمان به‌سه:
جا هه‌ڤاڵینه: ئێمه پێویسته كه له‌سه‌ر گۆڕانی نه‌وشیروان ده‌نووسین، ئه‌م راستیانه بۆ خه‌ڵك روون كه‌ینه‌وه. نه‌ك شتی شه‌خسیه‌كانیان. پێویسته خه‌ته‌ری ئه‌و سیاسه‌ت چه‌وته‌یان ریسوا بكه‌ین.
هه‌روه‌ك پێویسته ئه‌م راستیه‌ش بۆ خه‌ڵك روون كه‌ینه‌وه، كه ئه‌و گۆڕانه پێویسته به نه‌وشیروان ناكرێت، به‌ڵكو به ی.ن.ك و پارتی و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت، كه ئه‌وان دژایه‌تیان ده‌كه‌ن."
#
ئه‌مه كاكله‌ی راپۆرته‌كه‌ی تاڵه‌بانی و مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی پلینۆمه‌كه‌یه‌تی!
تاوانباركردنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌و هه‌مو دوژمنایه‌تیه له گه‌ڵ كوردایه‌تی، فیدرالیزم، پێشمه‌رگه، كه‌ركوك.... جگه له چه‌واشه‌كاری شتێكی تر نیه.
مه‌به‌ستی تاڵه‌بانی له پلینۆمه‌كه‌ی نمایشی سیاسی، عه‌سكه‌ری، نه‌فسی‌یه... بۆ سازدانی هه‌مو ه‌ێز و توانای خۆی و یه‌كیتی و داووده‌زگا حكومه‌تیه‌كان، دژی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان. له به‌ر ئه‌وه‌ی خۆی سه‌ركۆماری عێراقه و له هه‌مان كات دا سكرتێری گشتی یه‌كێتیی نیشتمانی و فه‌رمانده‌ی گشتی پێشمه‌رگه‌كانی و به‌رپرسی یه‌كه‌می ده‌زگاكانی زانیاری و هه‌واڵگری و ئاسایشه، حیزبه‌كه‌شی هاوبه‌شی حكومه‌تی ناوه‌ندیی به‌غداد و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه، ئه‌بێ راپۆرته‌كه‌ی به هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی جدی وه‌ربگیرێ.
مرۆڤ ئه‌بێ بپرسێت:
ئایا ئه‌و لێشاوی تیرۆر و تۆقاندن و هه‌ڕه‌شانه‌ی له‌دوای پلینۆمه‌وه بۆ سه‌ر لایه‌نگران و هه‌ڵسوڕاوانی گۆڕان ده‌ستی پێ كردوه، په‌یوه‌ندی به‌م قسه و تۆمه‌تانه‌وه نیه كه تاڵه‌بانی بۆ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانی هه‌ڵئه‌به‌ستێت؟
ئایا ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی تاڵه‌بانی بۆ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانی ریز ئه‌كات، هه‌ڵكردنی چرای سه‌وز نیه بۆ ئه‌و ده‌ستدرێژییانه‌ی له دوای پلینۆمه‌وه كراوه‌ته سه‌ر لایه‌نگر و هه‌ڵسوڕاوانی گۆڕان؟
ناساندنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و هه‌ڵسوڕاوه‌كانی له لایه‌ن تاڵه‌بانیه‌وه، به خه‌ته‌ر بۆ سه‌ر كوردایه‌تی، هه‌رێمی كوردستان، فیدرالیزم، دیمۆكراسی، پێشمه‌رگه، كه‌ركوك و دانانی به دوژمنی یه‌كێتی و كورد و كوردستان خۆشكردنی زه‌مینه‌یه بۆ پاكتاوی جه‌سته‌یی بزوتنه‌وه‌كه و هه‌ڵسوڕاوه‌كانی.
بۆیه له‌دوای ئه‌م راپۆرته‌وه كه به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی له‌لایه‌ن راگه‌یاندنی یه‌كێتیه‌وه بڵاو كراوه‌ته‌وه، ئۆباڵی هه‌مو روداوێكی ناخۆش و قه‌وماوێكی نه‌ویستراو ئه‌كه‌وێته ئه‌ستۆی تاڵه‌بانی و یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان و ئه‌وان به‌رپرسیاری سه‌ره‌كی هه‌مو پاشهاته‌كانی ئه‌بن.
#
پاشكۆ
بۆ یه‌كێ بیه‌وێ هه‌ندێ به‌ڵگه‌ی خۆرێكخستنه‌وه‌ی دوای ئه‌نفال بخوێنێته‌وه ئه‌توانێ سه‌یری ئه‌م بابه‌تانه بكا:
• به یاننامه‌ی یه‌كێتی به بۆنه‌ی ئه‌نفاله‌وه
• پایه‌كانی ستراتیجی قۆناغی نوێ ی كار
• په‌یڕه‌وی ناوخۆی سرك
• كتێبی كاره‌ساتی كیمیا بارانی هه‌ڵه‌بجه به‌هاری 1988، له‌نوسینی شه‌وكه‌تی حاجی مشیر، وێنه‌ی به‌رگی كتێب، لاپه‌ره 89 ولاپه‌ڕه 95.
بۆ یه‌كێ بیه‌وێ ئه‌و وتار و په‌یامانه بخوێنته‌وه كه له سه‌ر كه‌ركوك و ناوچه دابراوه‌كان بڵاومان كردۆته‌وه ئه‌توانێ سه‌یری:
رۆژنامه‌ی رۆژنامه:
• ژماره41 رۆژی2007/08/20 : كێ به‌رپرسه له جێبه‌جێ نه‌بونی ماده‌ی 140؟ ئه‌مریكا، عه‌ره‌ب یان كورد؟ لاپه‌ڕه10
• ژماره77 رۆژی2007/10/09 : دیسانه‌وه ماده‌ی 140: هه‌ڵسه‌نگاندنێكی جیاواز. لاپه‌ڕه12
• ژماره270 رۆژی2008/07/28 : كورد نه‌یتوانی نمونه‌یه‌كی باش بدات به نه‌ته‌وه‌ی توركمان و نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب له كه‌ركوكدا. لاپه‌ڕه5-4
• ژماره329 رۆژی2008/10/22 : پرسی كه‌ركوك: كورد له‌گه‌ڵ توركمان چی بكات؟. لاپه‌ڕه3
سایتی سبه‌ی:
• نـه‌وشـیــروان مستـه‌فـا: كه‌ركوكمان نه‌دۆڕاندووه
http://www.sbeiy.com/ku/Inter_Report_Detail.aspx?id=123&cat=2&title=2
بۆ یه‌كێ بیه‌وێ ئه‌و وتار و په‌یامانه بخوێنته‌وه كه له سه‌رفیدرالیزم و سیسته‌می به‌ڕێوبردن له كوردستان دا بڵاومان كردۆته‌وه ئه‌توانێ سه‌یری:
رۆژنامه‌ی رۆژنامه:
• ژماره514 رۆژی2009/07/19 ، پاشكۆی به‌ره‌و گۆڕان ژماره19: ئێمه له كۆنه‌وه لایه‌نگیری ئه‌وه بووین پارێزگاكانی هه‌ولێر، ده‌ۆك، سلێمانی، چه‌ندین ده‌سه‌ڵاتی یاسایی و ئیداریی و داراییان هه‌بێت. لاپه‌ڕه5-4
سایتی سبه‌ی:
• نه‌وشیروان مسته‌فا: لایه‌نگری حوكمی لامه‌ركه‌زیم له كوردستاندا
http://www.sbeiy.com/ku/Inter_Report_Detail.aspx?id=325&cat=2&title=2
• نوینه‌رایه‌تی كورد له ده‌زگای بڕیاردانی سیاسی عیراق دا: چی كردوه و ئه‌بو چی بكردایه؟
http://www.sbeiy.com/ku/article_detail.aspx?ArticleID=822&AuthorID=36